گۆرانیی سۆزداریی لە خوێندنگەکاندا

09:46 - 2024-09-11
سمکۆ چنارەیی
64 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی 



زۆر لە خوێندنگە بنەڕەتییەکان لە کاتی چالاکی بۆنە و فێستیڤاڵەکاندا، تەنانەت رۆژانە و لە ساتی پشووی نێوان وانەکاندا، سروود و گۆرانی لەڕێی ئامێریی دەنگییەوە پەخش دەکەن. هەموو ئەوانە کارێکی جوانی پەروەردەیین و جێگەی دەستخۆشییە بۆ دەستەی کارگێڕی و لیژنەی چالاکی هونەری ئەو خوێندنگایانەی ئەو کارە هونەرییە دەکەن و ئارامی بە هزر و دەروونی خوێندکاران دەبەخشن.

 

پێویستە مەبەست لە پەخشکردنی گۆرانیی و سروود لە قوتابخانەکاندا دڵخۆشکردن و رەخساندنی کەشێکی پەروەردەیی بێت، نەک دڵتەنگ بوون و نائارامی هزر و دەروونی خوێندکار


ئەوەی جێگەی تێڕامان و قسە لەسەر کردنە هەڵبژاردنی جۆری گۆرانی و سروودەکانە، کە واباشە دووربن لە گۆرانی تایبەت بە گەورەکان، هەروەها ئەو سروودانەش کە لەکاتی جەنگ و داستانەکاندا وتراون بۆ خوێندنگە گونجاونین، جگە لەوانەش چەندین میوزیک و گۆرانی سۆزداریی و ناخهەژێن هەن کە بۆ خوێندنگە دەست نادەن، چونکە کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ دەکاتە سەر مێشکی خوێندکاران، نموونەش زۆر ئاواز و تێکست هەن باسی لەدەستدانی دایک و باوک یاخود برا و هاوڕێ دەکەن و لەوکاتانەدا خوێندکاران هەست بە دڵتەنگی و نائارامی دەروونی دەکەن، زۆر بەتایبەتیش تێبینیم کردووە کاتێک هۆنراوەیەک یان گۆرانییەکی تایبەت بە دایک دەوترێت، ژمارەیەک لەو خوێندکارانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بێبەشن لە سۆزی دایک، بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکیان بێت، یان کۆچی دوایی دایکیان، ئەوا دەست بە گریان دەکەن و لەجیاتی دڵخۆشبوون بە فێستیڤاڵ و چالاکییەکان، غەمبار و دڵتەنگ دەبن، تەنانەت کاریگەریی دەکاتە سەر ئاستی زانستی و دەبێتە هۆی دابەزاندنی نمرەی لە تاقیکردنەوەکاندا لەبەرئەوە گرنگیدان بە جۆری ئاواز و گۆرانی ناو خوێندنگەکان پێویستیی بە بەرنامەی ورد و پەروەردەییانە هەیە، دیارە هەموومان لە خەمی خوێندکارانداین و هەر جۆرە چالاکییەک کە رێکدەخرێت، مەبەستی سەرەکی دڵخۆش کردن و رەخساندنی کەشێکی خۆش و پڕ لە بەهای پەروەردەییە، نەک دڵتەنگ بوون و نائارامی هزر و دەروونی خوێندکاران.

وتارەکانی نوسەر