زمانە کوردییەکەی پزیشکیان لە بەغدا

09:45 - 2024-09-12
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
130 خوێندراوەتەوە

قسەکانی مەسعود پزیشکیان هێز و پاوەری نوێیە بۆئەوەی ئەم زمانە بۆ چەندین وێستگە و ساڵ و دەیەی دیکە بەردەوام لە بەهێزیی و بەرگریدا بێت

شیشرۆ دەڵێت «زمان، ئاوێنەی گەلە»، زمان هەمیشە لەجەنگدایە، زمان شوناسە، زمان هێز و قورسایی و ئامادەیی هەمیشەیی گەلە، بۆیە بە بڕوای ئێمە ئەوەی لە دیداری دوو سەرۆک کۆماردا لە بەغدا قازانجی یەکەمی کرد، نە عیراقە و نە ئێرانە، بەڵکو بە پلەی یەکەم کورد و زمانی کوردیی بوو.
 ئەگەر ئێمەی نەتەوەی کورد و میدیای کوردی، ئەم پرسە «زیندوێتی زمانی کوردی» بکەین بە بابەتی گەرمی رۆژ و کاری لەسەر بکەین،
بەیەک لێدوانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدای پایتەخت، هێندەی شۆڕشێک، یان هێندەی چەندین کتێب کورد سوودی لەو پەیامە وەرگرت لە رووی بایەخی زمانەکەیەوە، ئەم لێدوانە راستەوخۆ پەیوەندیی بە مان و نەمانی کوردەوە هەیە وەک نەتەوە، راستەوخۆش پەیوەندیی بە جەدەلێکی مێژووییەوە هەیە کە ئیدی کەس ناتوانێت ئەم زمانە بسڕێتەوە و لەناوی بەرێت.
 قسەکانی مەسعود پزیشکیان هێز و پاوەری نوێیە بۆئەوەی ئەم زمانە بۆ چەندین وێستگە و ساڵ و دەیەی دیکە بەردەوام لە بەهێزیی و بەرگریدا بێت.
پزیشکیان لە بەغدا بە کوردی دوا، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە خۆی گرژ دەکات، چونکە هیچ لایەنێک هێندەی تورکە رەگەزپەرستەکان هۆکارە جیاوازەکانیان دژی نەهێشتنی زمانی کوردی لە سێ بەشی کوردستاندا نەخستۆتەگەڕ، لەکاتێکدا پزیشکیان ئەم خزمەتە گەورەیە بە زمانی کوردی دەکات، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی هەندێک کەسایەتیی رەگەزپەرست لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەر پەرلەمانتارێکی کورد کە بە زمانی کوردی قسە دەکات لەژێر گومەزی پەرلەمانی تورکیادا.
دەرفەتێکی مێژووییە ئەو رۆژەی پزیشکیان دێتە کوردستان، وەبەرهێنانی گەورە لەڕێی زمانەکەی پزیشکیانەوە بکەین، تەنها لەسەر کێڵگە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکە نەوەستین، بەڵکو لە روانگەی فەرهەنگی و زمانیشەوە بیدوێنین، چونکە تا پزیشکیان بە کایەی زماندا شۆڕببێتەوە و بە کوردی بدوێت، هێندە خزمەت بە زمانەکەمان دەکات، هێندەش شاهید دەبێت بەسەر وجوودی کورد و زمانەکەیەوە و هێزی (نا) دەبێت لەبەرامبەر هەموو ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەدا کە بۆ سڕینەوەی کورد و زمانەکەی دەدرێت.
ئەوەی پزیشکیان دەیبەخشێتە زمانەکەمان پێیدەوترێت (دەرفەتی مێژوویی زمان) و لە هەندێک کتێب و سەرچاوەی دیکەشدا پێیدەوترێت (بازدانی مێژوویی زمان)، ئێمە رەنگە ئەگەر بە دەیان کتێبی بەسوودمان لەبارەی زمانەوە بنووسیایە، هێندەی ئەو وشانەی سەرۆک کۆماری ئێران زمانەکەمانی هەڵنەکێشایەتە سەرەوە، بەڵام کاتێک پزیشکیان یان راستترە بڵێم کاتێک سەرۆک کۆماری وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بە زمانی کوردی دەدوێت، ئەوە بۆ خۆی کردنەوەی رۆح و وزە و خوێنی نوێیە بەبەر زمانی کوردیدا.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران

وتارەکانی نوسەر