یەکێتی لەم هەلومەرجەی وڵاتدا دەستی داوەتە هەڵمەتێکی رەوا و رەوانی سیاسی بۆ راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی و تەواوکردنی ئەرکی هاوسەنگردنەوەی هێز لە کوردستاندا.
خەڵکی کوردستان دەزانن ئەم ئەرکە دیموکراتی، چاکسازی و نیشتمانییە هەر بە هێزێکی دەربەست و سەنگینی وەکو یەکێتی دەکرێت. لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی و دیفاکتۆ بەتایبەتی دوای ساڕێژبوونی زامەکانی گۆڕین و یەک دەستی و یەکبڕیاری.
ئەم هەڵمەتە دەیەوێت بە سیاسەت و خەباتی مەدەنی هەڵبژاردنی کوردستان بکاتە هەلی زێڕین بۆ گۆڕانکاری و رووی لە ئامانجی سەرەکی خۆیەتی کە ژیان و گوزەران و یەک پارچەیی هەرێمەکەشمان دەرباز دەکات لە فەوتان و پاشەکشێ.
ئەم هەڵمەتە بە پلەی یەکەم رووی لە دەسەڵاتی قۆرخکاری باڵێکی ناو پارتییە کە بەدنەدانی مەسرور بارزانی خەریکە سەرلەبەری ئەزموونی سیاسیی کوردستان، ئیدارە و حکومەتەکەش ئەخاتە بەردەم هەڕەشەی پەکخستن و هەڵوەشانەوە. دیاردەی بەکارهێنانی دامەزراوە رەسمییەکان و فیگرەکانی پارێزگا و ئەمنیەت و میدیا و خیتابی رەسمی بۆ هێرشکردنە سەر حزبەکانی تر، هاوبەشەکانی حوکمڕانی و تەنانەت هەندێک جار بە ئامانجگرتنی هاووڵاتی ئاسایی تەنها لەبەر ئەوەی لە (زۆنی نەفرەت) دەژین. بەڵگەی بەرچاو و ئاشکران لەسەر ئەوەی ئەو باڵەی ناو پارتی و بازنەی تەسکی حکومەت (کە وەک ئەنجومەنی موسەغەر) وان لە داخ و لە تاوی قینیان لە نەیارە سیاسییەکانیان خەریکن هەموو دەزگاکانی حکومەت بێ ئەرزش دەکەن. وەک بڵێی ئامرازی هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاری لە حکومڕانی نییە، بەڵکو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری حکومەتە. بەتایبەتی وەکی هەست دەکەن خۆیان قۆرخکاری لەمەودوا و بڕیاردەری یەکەمی نابن.
شێوەی ئیشکردنی ئەو باڵە سەرلەبەری دەزگاکان بێ بەها دەکەن و وەک لق و ناوچەی پارتی لە جیاتی ئەوان کەمپینی شەڕی مەغلوبە دەکەن.
لەبەر ئەم هۆکارانە دیمەنی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە ململانێیە لە نێوان روانگەی راستکردنەوەی رێرەو و روانگەی درێژەدان بە فەلاکەت و چەوتی و قۆرخکاری.
دیارە هەڵبژاردن و دیموکراسی چەندین هێز و کارەکتەری بەشداری تیایە کە واجبی هەموانە حورمەتی ئەم ململانێ فرەییە بگرن و هەموو لایەک قسە و را و بەرنامەی بەریەککەوتووی خۆی جاڕ بدات. یەکێتی لە روانینی دیموکراسی و هەروا روانینی ئیلتزام و پابەندی بە بنەمای گەمەی هەڵبژاردنیشەوە، ئەمە دەزانێت و دەبینێت و تەنانەت هەندێک پەلاماردانی لابەلای هەندێک هێزی دۆست بۆ سەری دەخاتە چوارچێوەی (ئاگری دۆستانە) و بە رۆحی وەرزشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
بەڵام بە دیقەتدانی ورد و بە روانینی شێنەیی لە دەفتەری ئەشعار و دیوانی پێنج خشتەکی هەندێک و دەفتەری شیعار و دەفتەری قەرزی کەڵکەبووی هەندێکی تر روون دەبێتەوە کە ئەوی ئەوانە دەیڵێن بەرنامەی نۆرماڵی هەڵبژاردن و گوتاری سیاسیی دەربەست نییە کە بەشێک لەو تەرەفگیرانە بەرپایان فەرمووە، بەڵکو دیارە شەڕی کۆنەقین و شەڕی بە وەکالەتی لایەنی بەرامبەری یەکێتییە کە تیمەکەی ئەولا هەڵیدەسوڕێنێت و بگرە هەڵیدەپەڕێنێت.
ئەم شەڕی بە وەکالەتە دژی یەکێتی ناوی خوازراوی جوانی بۆ هەڵبژێدراوە، وەکو رەحمەتی هەڤاڵ دکتۆر کەمال فوئاد دەیگوت (ئەلقابگەل شیرین) یان هەس بەڵام هەمان ناوەڕۆکی قێزوەنی جارانی هەمان کۆنتڕا یەکێتییە کە پارە و پاوەری زۆری خراوەتە خزمەت.
شەڕی بە وەکالەت وەک ململانێی زەمانی سیاسەتی نیشتمانیی دکتۆر موسەدەق ژووری ئۆپەراسیۆن و پەیج و لایڤ و دەستەسڕ و گۆرانی سەقەتی شەقاوەکانی شەعبان جەعفەری (شعبان بێمخ)ی بۆ سازدراوە.
وەک دەبینن وا وردە وردە رۆژانە ئەو بڵقانە دەتەقنەوە و خەریکە پێش دەستپێکی هەڵمەتی رەسمی کەمپینی هەڵبژاردن دەستەکەیان کەشف دەبێت.