پرەنسیپەکانی راستکردنەوەی رێڕەوەکە

09:36 - 2024-09-15
ئەرسەلان مەحمود
47 خوێندراوەتەوە

راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پرسێکە سیستماتیکی و خۆی لە چاکسازیی ئیداری و پێشخستنی بەردەوامی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دەبینێتەوە و وەستاوەتە سەر کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپی سەرەکی، لەوانە:

*بەهێزکردنی دیموکراسی و بەشداریی سیاسی
یەکەم هەنگاو بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسییە، کە خۆی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی فرەیی و شێوە سیستمی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە، کە ی.ن.ک بنەماکەی لە تاکبازنەییەوە بۆ بەفرە بازنەیی لە بەرژەوەندیی خەڵک و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمدا گۆڕی.

*دابینکردنی شەفافییەت و لێپرسینەوە
شەفافییەت و لێپرسینەوە، دوو کۆڵەکەی سەرەکیی حوکمڕانیی باشن، یەکێتی ئامانجییەتی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانی و لە رێگەی سیستمێکی کاریگەرەوە بۆ چاودێریی داهات و خەرجییەکانی بکات بە جێگرەوە، لەگەڵیدا داتای حکومی کراوە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی میدیای سەربەخۆ و رۆژنامەوانیی بنکۆڵکار مسۆگەر بکات.

*چاکسازی لە سیستمی دادوەریدا
سیستمی دادوەریی سەربەخۆ و کاریگەر، بنەمایەکی گرنگی حوکمڕانیی باشە، ی.ن.ک لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی دادوەران و کارمەندانی دامەزراوەکانی داد و دەستگەیشتنی هاووڵاتیان و خەڵکە بە دادپەروەری بۆ هەموو توێژ و پێکهاتە جیاکانی کۆمەڵگە.

*دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان
گەشەی ئابووری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە و داهاتەکان، کاریگەریی گەورە لەسەر سەقامگیری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دادەنێت، خەڵکی هەرێم کوشتەی نادیاریی سەرچاوە و داهاتی ئابووری و جیاکارین لە دابەشکردن و قۆرغکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا، یەکێتی لەگەڵ هاندانی وەبەرهێنان بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و سەقامگیریی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی نیشتمانییدایە.

*پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان
باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پێویستی بە وەبەرهێنانە لە بوارە جیاجیاکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ژێرخانی ئاو، کارەبا و گواستنەوە و پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی و چەسپاندنی حکومەتی ئەلەکترۆنی کە دەمێکە بەرنامەی کاری تیمی یەکێتییە لە حکومەتی هەرێمدا.

 

گەندەڵی، هێشتا لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم گەشە و پێشکەوتنەکانی هەرێم و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەیەتی، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکومڕانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە

 

*پاراستنی مافی مرۆڤ و پێکهاتەکان:
پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی پێکهاتەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە جیاکارییەک نەک یاریکردن و ئیستغلالکردنیان لە ململانێ و کێبڕکێ حزبییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.

*بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
گەندەڵی، هێشتا لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم گەشە و پێشکەوتنەکانی هەرێم و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەیەتی، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکومڕانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.

*پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
بە نیشتمانیکردنی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەسەر هەمان بنەما لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا، بەشداریکردنی چالاکانە لە رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هاوکاریی نێودەوڵەتی، پەرەپێدانی دیپلۆماسیی گشتی و کەلتوری، لە جێگەی بەحزبیکردنی دامەزراوەکان و سیاسەتی کاری ئێستا، دەبێ بکرێن بە جێگرەوە.

*گەشەپێدانی فەرهەنگی
هەرێم پێویستی بە زیندووکردنەوەی کەلەپووری کوردییە وەک زمان، موزیک، هونەر و پیشەسازییە دەستییەکان، نەک ئەرەبێسک و گواستنەوەی شۆڤێنیزمی هونەری و پیشەگەریی هاوردەکراو، پێویستی بە وەبەرهێنانە لە ژێرخانی کەلتوریی وەک شانۆ و مۆزەخانە و گەلەری و بەرهەمهێنانی کەلتوریی نوێ لە بوارەکانی ئەدەب، سینەما و هونەرە جوانەکان، نەک دیوەخانانە و کردنەوەی هۆڵی پرسە و تەمویلکردنی چالاکیی خێڵەکی و هەڵکەوتی.

ئەنجام
راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، رێگە بۆ گەشەی بەردەوام و دادپەروەرانە خۆش دەکات و دەبێتە هۆی باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە ناوچەکە و جیهاندا، سەرکەوتنی ئەم هەوڵانەش پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنە دیموکراتخواز و نیشتمانییەکانە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئەوە ئامانجییەتی و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت.

وتارەکانی نوسەر