پڕۆژەیاسای بە کۆیلەکردنی کچان

10:03 - 2024-09-15
زولفان غەریب رەحیم
201 خوێندراوەتەوە

بە لە بەرچاوگرتنی مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عیراق كە زیاتر لە سەدەیەكە چالاكییان هەیە، بەرەنگاری ئاڵنگارییەكان بوونەتەوە، ‌هەروەها چالاكی ‌و تێكۆشانی ژنانی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش درووستبوونی دەوڵەتیش، واتە لەو كاتەوە سەرهەڵدەدات كە عیراق لەلایەن بەریتانیاوە داگیركراوە.

چالاكیی ‌و تێكۆشانی ژنان
لەگەڵ سادەیی‌ و جیاوازیی شێوازی چالاكیی ‌و تێكۆشانی ژنان لەگەڵ پیاواندا، لەو كاتەدا كە زیاتر لە بواری کشتوکاڵیدا رۆڵیان بینیووە، بە هۆكاری ژیانی كۆمەڵایەتی باوی ئەو كاتە، بۆیە ژنان بەشداریی شۆڕشیان لە لادێ‌‌ و شارەكاندا كردووە، بەمەش سەرەتای رۆشنبیریی دەربارەی پرسی ژنان دەستپێدەکات كە داوای ئازادیی كۆمەڵایەتی ‌و ئابووری ‌و رۆشنبیریی بۆ ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەوەش بە بنەمای سەرەكی ئازادی‌ و پێشكەوتن ئەژماردەكرێت، بەتایبەت ژنانی عیراق لە ساڵانی پەنجاكاندا هەوڵی دامەزراندنی كۆمەڵەیەكی فێمێنیستیان دا بەناوی (ئازادیی ژنان) بەڵام لەو كاتەشدا ئاڵنگاری بۆ ژنان دروستكرا و رێگەیان پێ‌ نەدرا، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە ئامانجەكەیان پاشگەزنەبوونەتەوە‌ و لە (10ی ئازاری 1952) رێكخراوی كۆمەڵەی داكۆكی لە مافەكانی ژنانی عیراق، لەلایەن كۆمەڵێك لە ژنانی دیموكراتخواز بەشێوەیەكی نهێنی دامەزرا.
هەنگاوی دوای ئەوەش كۆكردنەوە‌ و رێكخستنی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنان بەبێ‌ گوێدانە رەوتی سیاسی ‌و ئاستی كۆمەڵایەتی ‌و نەتەوەیی‌ و بیر‌وباوەڕی ئاینییان. كار ‌و چالاكی‌ و تێكۆشانیان گەیشتە كردنەوەی چەند لقێك لە كوردستان‌ و ناوەڕاست‌ و باشووریش وەكو رێكخراوێكی جەماوەریی رۆڵیان هەبوو لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی جۆرا‌وجۆر بە ژنان ‌و منداڵان، بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمەشدا لە ساڵی 1963 بزووتنەوەی ژنانی دیموكراتخواز كە كۆمەڵێك چالاكوانی ژنان بوون، رووبەڕووی راوەدوونان ‌و ئەشكەنجە‌ و دەستگیركردن بوونەوە، سەرەڕای ئەوەش هەر نەوەستان و بە نهێنی كاریان دەكرد‌ و توانیان لە ماوەیەكی كورتدا خۆیان كۆبكەنەوە ‌و ئەندامەكانیان لە پارێزگاكاندا چالاكی‌ و خۆپیشاندان بكەن، بۆ داواكردنی ئازادیی ئەندام و چالاکوانە زیندانیکراوەکانیان.

 

بە یاسا دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆ چەوساندنەوەی ژنان و بەکۆیلەکردنیان، پیاوانی خێڵ و مەزهەبگەرا دەیکەنە دەرفەت بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کچانی تەمەن نۆ ساڵدا

 

ئازادی ژنانی عیراق
لەگەڵ ئەو مێژووە پڕ سەروەرییە بۆ داواکردنی ئازادی و سەربەستبوونی ژنانی عیراق، کەچی ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵی هەمواركردنەوەی یاسای (188) باری كەسێتی ساڵی 1959 دەدرێت، بینیمان لە رۆژی (4 ی ئابی 2024) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژەیاسایەک پێشکەشکرا بۆ رەوایەتیدان بە هاوسەرگیریی كچی تەمەن نۆ ساڵ و كوڕ لە تەمەنی 15 ساڵیدا بەپێی مەزهەبی شیعە ‌و یاسای جەعفەریی كە مەزهەب دەكات بە سەرچاوەی هاوسەرگیری.
بۆ رێگریكردن لە هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە پێویستە لایەنە بەهێزەكانی حوكمڕانی‌ بهێنرێنە سەرخەت، چونكە پێویستە بۆ هەر قۆناغێك بە رەچاوكردنی باری سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی ‌و كەلتوری بەرنامەی گونجاو دابڕێژرێت كە لە هەمان كاتدا لەگەڵ پێشكەوتن ‌و گەشەی سەردەمەکەدا بگونجێت.

تووند‌وتیژی روو لە هەڵكشان دەکات
روونە رێگریکردن لە پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسا پێشنیازکراوە، تەنها بە رێكخراوەكانی کۆمەڵگەی مەدەنی ‌و چالاكیی شەقام و لایەنێك لە ئەنجومەنی نوێنەران ناكرێت، چونكە بۆ لایەنی دووەمیش لێبووردنی گشتی پێویستە، ئەگەر رێگریی لەبەردەم هەمواركردنەوەی نەكرێت بەدڵنیاییەوە ئامارەكانی تووند‌وتیژی لە چەند ساڵی داهاتوودا روو لە هەڵكشان دەكەن.
سەرەڕای ئەوەش بەیاسا دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆ چەوساندنەوەی ژنان و بەکۆیلەکردنیان. پیاوانی خێڵ و مەزهەبگەرا دەیکەنە دەرفەت بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کچانی تەمەن نۆ ساڵدا، کە ئەوەش پێچەوانەی تەواوی مافەکانی مرۆڤ و ژنانە، هەروەها خێزان و خێزانداریی هیچ بەهایەکیان نامێنێت و داهاتووی کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسییەوە.

وتارەکانی نوسەر