راستکردنەوەی رێڕەو.. هەڕەشەیە یان بەرنامە؟

10:42 - 2024-09-16
جەمال ئارێز
50 خوێندراوەتەوە

لایەن هەیە دروشمی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێم کە دروشمێکی ئاسایی یەکێتییە، بە هەڕەشە وەردەگرێت، هەندێکیش بەلاقرتێوە کۆمێنتی لەسەر دەدەن کە گوایە کێ دەستی یەکێتیی گرتبوو و بۆچی پێشتر نەیکردووە؟

رەنگە خوێندنەوەی دروشمەکە بەو راشکاویی و موجەڕەدییە مایەی ئەوە بێت هەم لایەنێکیان بە هەڕەشە بۆخۆی تێیبگات و هەم ئەو ئاراستەیەی دیکەش ناچار بکات ئەو پرسیارە بووروژێنێت، بەڵام ئەگەر شرۆڤەیەکی دروست بۆ دروشمەکە بکرێت، لە بنەڕەتدا نە هەڕەشەیە لەکەس و نە بابەتێکی دروشمبازییە، بەڵکو راستییەکە و دەبێت ئیتر یەکێتی هەنگاوی بۆ بنێت و چیتر دوای نەخات.

 

راستکردنەوەی رێڕەو سەرەتا خودی ئەو کادرە ئیدارییانەی یەکێتی دەگرێتەوە کە بەناوی یەکێتی و لەسەر پشکی ئەو دەچنە حکومەتەوە و دەبێت کار بۆ سەرخستنی کارنامەکەی بکەن، ئەگەرنا یەکێتی وەک حزب دەیگەیەنێتە لێپرسینەوە و کێشانەوەیان لەو پۆستانە و سزادانی حزبیش لەگەڵیان

راستکردنەوەی رێڕەو مەرجی یەکەمی خودی یەکێتی و ئەو کادرە ئیدارییانەی دەگرێتەوە کە بەناوی یەکێتی و لەسەر پشکی یەکێتی دەچنە حکومەتەوە و وا پێویستە کار بۆ سەرخستنی ئەو کارنامەیە بکەن کە یەکێتی بۆ بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا لەسەری رێکدەکەوێت، واتە لە دەستنیشانکردنی کادرەکانی خۆی و دابەشکردنیانەوە بەسەر دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزییەکاندا دەیگرێتەوە، تا دەگاتە لێپرسینەوە و کێشانەوەیان لەو پۆستانە و سزادانی ئیداریی و حزبیشیان، دیارە یەکێتییەک ئامادەبێت هەوڵی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بگەیەنێتە ئاستێک چاوپۆشیی لە کادران و نوێنەرانی خۆی لە حکومەت و پەرلەماندا نەکات، نابێت چاوەڕوانی ئەوەی لێ بکرێت چاو لە هەڵە و پەڵەی رکابەرەکانی بنووقێنێت و داوای لێپێچینەوەیان نەکات.
لەوەڵامی ئەوەش کێ دەستی گرتووە و بۆ تائێستا نەیکردووە، هۆکارەکان زۆرن و دیارترینیان هۆکارە زاتییەکان بوون، چونکە شاراوە نییە کە یەکێتی ساڵانێکی زۆر موبتەلای کوتلەبازی و باڵباڵێن بووە لەناوخۆدا سەرەڕای رکابەرییە سەختەکان لەدەرەوەی خۆی و لەدژی و ئەو ئاستەنگانەی کە خراونەتە بەردەمی، بەجۆرێک لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا یەکێتییان لە هێزی هاوشانەوە کردە هێزی سێیەم.
بۆیە هەر ئەو دۆخە خۆییە سەرباری دۆخە بابەتییەکانی دەرەوەی ئیرادەی خۆی، بەشێک بوون لە رێگرییەکانی چاکسازیی و لێپێچینەوە، ئەو دۆخەش بێگومان دەبووە مایەی تەشەنە سەندنی گەندەڵیی ئیداریی و دارایی و چاولێکەریی هەندێکی تریش کە دڵنیاییان پەیدا دەکرد لەوەی لێپرسینەوە نییە.
بەڵام ئێستا کە یەکێتییەکی یەکگرتوو، یەک بڕیار، یەک هەڵوێست و یەک ئاراستە لە ئارادایە، کادر و کاندیدەکانی یەکێتی بایی ئەوە وریا کراونەتەوە کە ئیدارەی داهاتوو ئیدارەیەک نابێت بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی هەندێک کە بیانەوێت بە ستراتیژێکی مشەخۆرانە خۆیان قەڵەو بکەن و یەکێتی لاواز، واتە یەکێتی راستکردنەوەی رێڕەوەکە لەخۆیەوە دەستپێدەکات و کێ مەترسیی هەیە، با ئەویش بەهەمان شێواز لای خۆیەوە رێڕەوەکە راست بکاتەوە و کێش گاڵتەی پێ دێت، سبەی رۆژ بەرهەمەکەی دەبینێت و ئەوکات ئەوە دروشمە پۆپۆلیستی و ساختەکانی ئەوە دەبنە بڵقی سەر ئاو. 

وتارەکانی نوسەر