كارەساتی داهاتووی عیراق..

09:42 - 2024-09-17
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
173 خوێندراوەتەوە

چەند جارێكە سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە دەنگی بەرز، جاڕی دەدات، كە دەوڵەت لەوە زیاتر، ناتوانێت خەڵك لە دامودەزگا دەوڵەتییەكاندا دابمەزرێنێت. سودانی، هەفتانە لەلایەن دەستەی راوێژكاری و وەزارەتەكانەوە راپۆرتی لەبارەی دۆخی وڵاتەوە پێدەگات، لەراپۆرتەكاندا حاڵی سێكتەرەكان تۆماركراون. ئەو دەزانێت كە لێشاوی دامەزراندنی نوێی هاووڵاتیان لەكەرتی گشتیدا بۆمبێكە تەوقیت نەكراو!، بەڵام لەگەڵ هەر قەیرانێكدا كە لە بازاڕی جیهانیی پترۆلدا رووبدات و نرخەكەی بۆ 30 - 40 $ بهێنێتە خوار، ئەوا كورتهێنانی گەورە لەبودجەی وڵاتدا روودەدات و فشاری پێدانی مووچەو پێشكەشكردنی پرۆژەو خزمەتگوزارییەكان لەسەر حكومەت دەگەیەننە سنوری تەقاندنەوەی بۆمبەكە!، بەتایبەتی كە سیاسەتی دۆزینەوەی وزەی جێگرەوەو پاكتر لەسەر ئاستی جیهان، ساڵ بۆ ساڵ، دەچێتە پێشەوە تەنانەت ئەگەر  هێشتا سووتەمەنی بەردین Fossil fuels زیاتر ٪80ی بەرهەمهێنانی وزەی جیهانی پێکبهێنێت، بەڵام شاراوە نییە كە سەرچاوەی وزەی پاکتریش هەر پێشدەخرێت، ئەوەتا لە ئێستادا نزیکەی ٪29ی کارەبا لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەدەستدێت.  
 لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم دواییانەدا دامەزراوەی“مستقبل العراق” بڵاویكردۆتەوە کە دامەزراوەیەكی سەربەخۆو تایبەتە بە کاروباری ئابووری، دەرکەوتووە عیراق ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەری حکومیی هەیە بە بەراورد بە کۆی هێزی کار، راپۆرتەكەش پشت بە توێژینەوەیەکی زانستی دەبەستێت کە رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و داتاکانی رێکخراوەکە ئاشكرایان كردووە.
  سودانی چۆن هاواری لێ هەڵنەستێت كە ئەو جۆرە دامەزراوە تایبەتمەندانە هەموو جارێك داتاو ژمارەی تۆقێنەرو سیناریۆ و ئەگەری ترسناكی بیر دەخەنەوە. بەئاشكرا پێی دەڵێن كە کەرتی حکومی لەعیراقدا زۆرترین فشاری لەسەر بودجەی گشتیی دەوڵەت هەیە کە بودجەیەكە بەتەواوی وەک مووچە بۆ فەرمانبەران دەڕوات. لە عیراقدا ژمارەی مووچەخۆران گەیشتۆتە نزیكەی حەوت ملیۆن، لەهەرێمی كوردستانیش نزیك بە یەك ملیۆن و نیو، ئەمە بەبێ ئەوەی، وەك لەو توێژینەوەیەدا هاتووە، هیچ بەرهەمێکی راستەقینە هاوتای ئەو هەموو خەرجییە زۆرو زەوەندانە بێت كە لە ئەنجامی نەخوڵقاندنی کەشێکی ئەوتۆیە بۆ وەبەرهێنان کە بتوانێت بەشداربێت لە هاندانی کەرتی تایبەت و دابینکردنی هەلی کار. 
  لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا وڵاتێك ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق گەیشتبێتە 42 ملیۆن كەس، نزیكەی 10 ملیۆنی بە تەواوەتی پشت بە مووچەی كەرتی گشتی ببەستێت كە دەكاتە ٪25ی دانیشتوان، ئاخۆ لەگەڵ هەر قەیرانێكدا، كە بۆ ئابووریی رەیعیی وڵاتەكە دروستببێت وەك دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا یان كەمكردنەوەی هەناردە، دەبێ ئەم وڵاتە چ كارەساتێكی لێ بقەومێت؟. لەم سیناریۆیەدا، ئەگەر ناوەڕاست و باشووری وڵات جارێك دەستیان لەسەر دڵیان بێت، ئەوا خەڵكی هەرێم دووجار!، چونكە ئەوەی هەیەو نییە لە بەغداوە دێت، ئەی ئەگەر لە سەرچاوەوە لێمان قەوما، چی بكەین؟ وەی بە حاڵمان. 

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر