دیوەکانی دیکەی وشە

ئەوەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد 90 ساڵ بەرلەئێستا لەبارەی ئایینی زەردەشتییەوە پێی وتین

10:04 - 2024-09-17
مەریوان مەسعود
179 خوێندراوەتەوە

ئاڤێستا، سێ‌ جار كۆكراوەتەوە، دووجار لەناوبراوە و جاری سێیەمیش بە(50) ساڵ تەواوكراوە

(5)

رەوتی نووسینی رۆژنامەوانی لای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، كە زۆربەمان پێی دەڵێین رەوتی گەلاوێژ (كە مەبەست گۆڤاری گەلاوێژە و زمان و رێنووسی كوردی بردە ئاقارێكی مەزنەوە)، ئەو كاتە دەست پێدەكات كە (بلە) لەگەڵ چەند گەنجێكی تری هاوڕێی هەردوو بڵاوكراوەی یادگاری لاوان و دیاری لاوان دەردەكەن، چونكە لەم دوو بڵاوكراوەیەدا كە لە ساڵی 1934 دەردەچن (نەگۆڤارن و نە كتێب، بەڵكو وەكو كەشكۆڵێك وان)، ئیبراهیم ئەحمەد زۆربەی بابەتەكان خۆی دەینووسێت جا بێ‌ ناو بێت، یان بە ناوی خوازراو و یان بە وشە، دواتر ئەم رەوتەی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ماوەی 10 ساڵ لە گۆڤاری گەلاوێژ بەردەوام دەبێت.
لە یەكێك لەو نووسینانەی لە بڵاوكراوەی دیاری لاوان بڵاوكراوەتەوە كە لە چاپخانەی بەغدا چاپكراوە لە ساڵی 1934 بەناوی (زەردەشت و دینی زەردەشتی) بە ناوی (ر ن) نووسراوە، كە بەر لەوەی بچمە سەر باسی ناوەڕۆكی بابەتەكە، كە من بە درێژایی ئەو كتێب و بابەتانەی لەسەر زەردەشتییەكان خوێندوومەتەوە، هیچیان بەقەد ئەم وتارە نەیوەستاندووم و پێی دڵخۆش نەبووم، كە بەمشێوە جوانە باسی ئاینەكە دەكات، دەبێت ئەوە بڵێم كە یەكێك لەو رەخنانەی من و دڵنیام زۆربەتان هەتانە، لەبارەی تێنەگەیشتن و روونكردنەوەی پێویستە لەبارەی (ئایینی زەردەشتی) و ئاڤێستا و رەبتی كورد بە زەردەشتەوە و زمانی كوردی لە ئاینەكەدا، ئەگەرچی لەم 10 ساڵەی دوایی چەندین رێكخراو بەناوی (زەردەشتی و یارسان و ئاهورا و ئاڤێستا)ەوە پەیدا بوون، جگە لەمەش وەزارەتی ئەوقافیش بەڕێوبەرایەتییەكی هەیە بۆ ئاینی زەردەشتی، بەڵام تا ئێستا هیچیان نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی جوان و بە كوردییەكی رەوان و بە بەڵگەوە باسی ئایینی زەردەشتی بكەن، بەڵكو بەداخەوە تەنیا شێوازێك بەكاردێنن كە خەڵكی دینداری ئیسلامی پێ توڕە بكەن، كە ئەمەش شتێكی تەواو هەڵەیە، دوورە لەو ئامانج و دروشمانەی كە دینی زەردەشتی لەسەر دامەزراوە.
وتارەكەی (دیاری لاوان)، كە 90 ساڵی رەبەق بەر لە ئەمڕۆ نووسراوە، بە پێشەكییەكی زۆر سەرنجڕاكێش و لە هەمان كاتدا سادە و ساكار دەچێتە ناو باسەكەوە و دەڵێت:(لە سایەی هەوڵ و كۆششی  هەندێ‌ لە زانایانی كۆنینەناسی رۆژئاواوە (علما‌ء اثار قدیمة) ئەمڕۆ زۆر باش دەركەوتووە كە كورد یا (مید)ی كۆن تێكەڵی و پەیوەستییەكی زۆریان هەبووە لەگەڵ تاریخی ژینی زەردەشت و دینەكەیدا. ئەگەر نەختێ‌ سەرچڵانە بڕۆین ئەتوانین بڵێین كە (زارا سوشترا  - پوشترا) پێغەمبەری كۆنی ئیران، كورد بووە و (ئاڤێستا) بە كوردی كۆن نووسراوەتەوە، لەم رووەوە بە باشمان زانی كە لە بابەت ئەم شخصە و دینەكەیەوە ئەوی تاریخ و كتێبی كۆن بۆی بە جێهێشتوین بیخەینە بەرچاوی لاوانی خۆشەویست).
ئەم پێشەكییەی بابەتەكە، بە بۆچوونی من مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد خۆیەتی، چونكە ئەم شێوازی نووسین و باشترە بڵێم وەستایی لە وشەسازی بۆ چوونە ناو بابەتێكی هەستیاری وەكو ئاینی زەردەشتی و 90 ساڵ بەر ئەمڕۆ، شتێكە بە هەموو نووسەرێك ناكرێت و بوێرییەكی زۆریشی دەوێت، بەڵام ئەو پێی وایە دەبێت ئەم بابەتە لاوانی كورد بیزانن.

گێڕانەوەی ئەفسانەكەی دورسان
لەبابەتی (زەردەشت و دینی زەردەشتی)، نووسەر سەرەتا كورتەیەك لە شوێن و كاتی لە دایكبوونی پێغەمبەر زەردەشت دەدوێت، لەگەڵ باسكردنی فەرمانڕەوای خوێنڕێژی ئەو سەردەمە بەناوی (دورسان) كە 1400 ساڵ پێش میلاد حوكمی كردووە، بۆیە دەنووسێت: (لەوەختی لەدایكبوونی زەردەشتدا ئێران - زەمین زۆر خراپ بو بو، دینی كۆنی (مازدیانی) كزبوبو، شەڕ، گوناه، بتپرستی، جادوگەری هەمو لایەكی داگیركردبو. داد،  چاكی، خاوێنی نەمابو. حكمدارەكان زۆردار و لەخوا نەترس بون، بەتایبەتی (دورسان)ی میری شاری (رەی)، وەختێ‌ زەردەشت لەدایك ئەبێ‌ ئەو نیشانانەی پێشینیان لەبابەت هاتنی پێغەمبەرێكەوە دابویان وێتەدی، وە (دورسان) لەمە زۆر ئەكەوێتە ترسەوە. بە هەمو رەنگێ‌ هەوڵ ئەدا بۆ نەهێشتنی. جارێك ئاگرێكی گەورە ئەكاتەوە، ئەو مناڵە ساوایەی تێ فڕێ ئەدا، بەڵام ئاهورامازدا ئەگاتە فریای، دەست بەجێ‌ بڵێسە وە كڵپەی ئاگرەكە دائەمركێنێتەوە و مناڵەكە بەساغی لێی دێتە دەرەوە، ئاخیری (دورسان) رەنجەڕۆ ئەبێ‌ و وازی لێ‌ ئەهێنێ‌).
ئەگەر دیقەت لەو نموونە كورتە و ئەنجامەكەی بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم گێڕانەوەیەش وەكو نموونەكانی تری كتێبە ئاسمانییەكان وایە، چونكە ئێوەی خوێنەر دەزانن كە تەورات و ئینجیل و دواهەمیان قورئان -یش هەموو باس و گێڕانەوەكانی پشتی بە نموونەی لەو شێوەیە بەستووە كە زاڵم زوڵمەكانی تا سەر نییە و ئیلاهێك هەیە لە هەمووان گەورەترە و مەزڵوم سەردەخات.

 

گێڕانەوەكانی كتێبی ئاڤێستا وەكو نموونەكانی تری كتێبە ئاسمانییەكان وایە، چونكە ئێوەی خوێنەر دەزانن كە تەورات و ئینجیل و دواهەمیان قورئان-یش هەموو باس و گێڕانەوەكانی پشتی بە نموونەی لەو شێوەیە بەستووە كە زاڵم زوڵمەكانی تا سەر نییە و ئیلاهێك هەیە لە هەمووان گەورەترە و مەزڵوم سەردەخات

 

ئاینی زەردەشتی، ئاینێكی كوردی بووە
نووسەری بابەتەكە، زۆر جوان و بە بەڵگەوە دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت كە زەردەشت و دینەكەی كوردی بووە، و ئەوانیش كورد بوونە نەك ئێرانی و قەومی تر، ئەوەتا دەیەوێت شیكارییەكی كورت و پوخت بكات و بیسەلمێنێت كە زەردەشت و ئاڤێستا كوردی بوونە و دەنووسێت:
(كتێبی مقدسی زارا ئوشترا (زەردەشت) بە (ئاڤێستا) ناو ئەبرێ‌ و ئێستا لای خاوەرناسان دەركەتووە كە زمانی (ئاڤێستا) لەوەختی حكمڕانی ڤیستاسپ و پێغەمبەرێتی زارا ئوشترا هەم زمانی نووسین و  هەم زمانی قسە پێكردن بوە، بۆ ئێمە لە هەموی گەورەتر ئەوەیە كە زمانی ئاڤێستا لەگەڵ كوردیدا، ئەكرێ‌ نەختێ‌ چاو بپۆشرێ‌ لە گۆڕانی چەند هەزار ساڵەی یەكێتی یاهیچ نەبێ‌ یەكێتییەكی زۆر نزیك پیشان ئەدات: بەشی زۆری وشەی كوردی، بەلابردنی یەك دوو تیپ، و یا بە گۆڕینی هەندێ‌ تیپی هاودەنگ، وەكو (پ) بە (ڤ) و یا (ب)، بە ئاسانی ئەبرێتەوە سەر وشەی اصلى ئاڤێستا، ئەم یەكێتی و یا وەكێتی زمانە بەڵگە و گەواهێكی گەورەیە بۆ ئەوە كە پێغەمبەری كۆنی ایرانی زەمین (مید) و یا كورد بوە، و زمانی ئەوسای ایرانی سەروو كوردی بوە».

كۆكردنەوە و ساغكردنەوەی ئاڤێستا
بە پێی ئەو وتارە سەنگینەی (دیاری لاوان) بێت، سێ‌ جار لە مێژوودا هەوڵی كۆكردنەوە و ساغكردنەوەی كتێبی پیرۆزی ئاڤێستا دراوە، یەكەمجار كاتێك كۆ دەكرێتەوە، خۆی 21 پارچە یان نوسخە بووە و ویستویانە بیكەن بە یەك كتێب و دوو نوسخەشی بە دەست لەبەر نووسراوەتەوە، كە لەگەنجینەی شاهان و كتێبخانەی  كشوریدا لە ئێران هەڵگیراوە، بەڵام لەو سەردەمە كاتێك ئەسكەندەر ئێران داگیر دەكات، ئێوارەیەكیان مەست دەبێت و لە كتێبخانەكەی كشوریدا نوسخە ئەسڵەكەی ئاڤێستا دەسووتێنێت و ئەو لەو گەنجینەی شاهانەش پارێزراوە، ئەویش لەگەڵ خۆی دەبات و بێ‌ سەروشوێن دەبێت.
بۆ جاری دووەم ئەردەشیری بابكان 211- 241 میلادا دووبارە بە هاوكاری (توسرە) ناوێكەوە دەستی كرد بە كۆكردنەوەی پارچە بڵاوبۆوەكانی ئاڤێستا و بەداخەوە ئەویش نزیك بوو لەوەی تەواوی بكات، بەهۆی شەڕی قادسیە و نهاوەندا لە 642م لەناوبرا.
دوا هەوڵ، كە هەوڵی سێیەم بوو، لە دەوربەری ساڵانی 850-900 میلادیدا هەموو فەرمان و ئایین و نووسراوەكانی زەردەشتی لەلایەن (ئازەر فەرو بەگ) ناوێكەوە كۆكراوەتەوە و ناونراوە(دینكارد)، دیارە ئەم زاتەش خۆی هەمووی بۆ تەواو نەكراوە، دوای ئەوە كەسێك بەناوی هەمە یان (حەمە) تەواو كراوە و ئێستا ماوەتەوە.

سیاسەتمەدار و رووناکبیر م.ئیبراهیم ئەحمەد

وتارەکانی نوسەر