قوباد تاڵەبانی، پێشەنگی شۆڕشی دیجیتاڵی لە هەرێم
لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی دیجیتاڵیدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەندازیاری گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمدا دەرکەوتووە، هەنگاوەکانی تاڵەبانی لە هەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییەدا، پرسیارگەلێکی گرنگ دەوروژێنن: ئەم گرنگیپێدانە دیجیتاڵییە بۆچی؟ بە دیجیتاڵیبوون دەتوانێ چی لە واقیعی حوکمڕانی یان ژیان و گوزەرانی خەڵک بگۆڕێ؟ تەکنەلۆژیا چۆن دەتوانێ لە خزمەت باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرەوپێشبردنی حکومڕانێتیدا بەکاربهێنرێ؟
قوباد تاڵەبانی، پاڵپشت بە دنیابینییە مرۆیی و سیاسیی و ئەزموونە ئیدارییەکەی کە هەیەتی، بەو تێگەو خوێندنەوە واقیعبینییەی کاری پێدەکات، ستراتیژانە و قوڵ لە گرنگی بە دیجیتاڵکردنی حکومڕانی بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوانێ، پرۆژەکانی لەم بوارەدا کە خراونەتە روو، لەیەک کاتدا هەم وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارانەو قۆناغەکەیش دەدەنەوە.
قوباد تاڵەبانی، بەو دنیابینییە مرۆیی و سیاسیی و ئەزموونە ئیدارییەی هەیەتی، بەو تێگەو خوێندنەوە واقیعبینییەی کاری پێدەکات، ستراتیژانە و قوڵ لە گرنگی بە دیجیتاڵکردنی حکومڕانی بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوانێت
پرۆگرامی بایۆمەتری
ئەم پرۆژە پێشەنگە، کە تا ئەمڕۆ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆماری لەخۆگرتووەو بەردەوامی هەیە، بەردی بناغەی حکومەتی ئەلیکترۆنییەو دەیەوێت لە رێگەی ئەم سیستەمەوە، بنەمایەکی پتەو بۆ بڕیاردانی دروست و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان دابمەزرێنێت.
دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان
ئەم هەنگاوە، دەتوانێ بیرۆکراسی لەژیانی حکومڕانێتیدا کەم بکاتەوە و خێرایی خزمەتگوزارییەکان زیاد بکاو چاوەڕوانییە تاقەت پڕوکێنەکان بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەو مۆڵەتەکان کەم بکاتەوە و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان ئاسان بکات.
شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
تاڵەبانی، لە رێگەی بە دیجیتاڵکردنی سیستەمەکانەوە، دەیەوێ سیستەمی چاودێری ئەلیکترۆنی بۆ راپورتکردنی ئوتۆماتیکی لەپێناو کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافییەت دابمەزرێنێ، بەمەش دەیەوێت متمانەی نێوان حکومەت و هاووڵاتیان زیاد بکات.
پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی
تاڵەبانی، پلانی داناوە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی حکومەت لە بواری تەکنەلۆژیادا، ئامانجی ئەوەیە ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوەو هێزی کار بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی ئامادە بکات.
بەشداری هاووڵاتیان
تاڵەبانی، بۆ بەشداریپێکردنی هاووڵاتیان بەدوای دامەزراندنی پلاتفۆرمی راوێژکاری ئۆنلاینەوەیە، مەبەستی لەم کارە ئەوەیە هەنگاوێک بەرەو دیموکراسی بەشدارانەو حوکمڕانی باشتر بنێت.
هەنگاوەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدیجیتاڵی کردنی حکومەت و حکومڕانی لەهەرێم هاوشێوەی هەوڵەکانی چەندان سەرکردەی جیهانن کە هەوڵی گۆڕانکاری دیجیتاڵیان داوە، لەوانە:
لە ئیستۆنیا، سەرۆک کۆمار تۆماس هێندریک ئیلڤێس پێشەنگی ‹ئی- ئیستۆنیا› بوو، کە بووە نموونەیەکی جیهانی جوان لە حکومەتی دیجیتاڵدا، لە سەنگافورە، لی هسیەن لۆنگی سەرۆک وەزیران، پرۆژەی ‹سەنگافورەی زیرەک›ی دەستپێکردو تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان بەکارهێنا، لە دوبەی، شێخ محەمەد بن راشد، ستراتیژی حکومەتی زیرەکی جێبەجێ کرد کە بووە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا.
هەوڵەکانی تاڵەبانی، دەتوانن ببنە هاندەر بۆ سەرکردەکانی تری ناوچەکە، ئەو سەرکردانەی روو لەخەڵکن و باوەڕیان بە حوکمی هاووڵاتی و کاری دامەزراوەیی نیشتمانی و شەفاف هەیە، دواجار هەنگاوەکانی تاڵەبانی و ئەزموونی کوردستان نیشانی دەدات کە چۆن دەکرێت تەکنەلۆژیا بۆ چارەسەرکردنی کێشە دێرینەکانی وەک بیرۆکراسی و گەندەڵی بەکاربهێنرێت.
ئەو شۆڕشە دیجیتاڵییەی تاڵەبانی دەستپێشخەری هەڵگیرساندنەکەی کردووەو بەردەوام کاری تێدا دەکات دواجار تەنها بۆ باشترکردنی کاروباری حکومەت نییە، بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردییە بۆ کۆمەڵگەیەکی هوشیارتر، بەشدارتر و ئامادەتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەدەی بیست و یەک، هەرچەندەش رێگەکە ورد و دوور و درێژ و پڕ ئاستەنگ تر بێت، کارەکە مەحاڵ نییەو هەنگاوەکانی تاڵەبانی نیشانی دەدات مۆدێرنیزەکردنی حوکمڕانی لە هەرێمدا، دواجار چۆن دەتوانێ ببێتە نموونەیەک نەک تەنها بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ وڵاتانی تریش کە خوازیاری بە دیجیتاڵکردنی حکومەتەکانیانن.