دەربارەی راستكردنەوەی رێڕەو و وەرگرتنەوەی هەولێر

09:40 - 2024-09-24
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
336 خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردندا، وێنەكە زیاتر رووندەبێتەوە كە مەبەستی یەكێتی لە دەستەواژەكانی وەك «راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی» و «وەرگرتنەوەی هەولێر» چییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسە، وای پێویستە كە وەك پرۆژەیەكی كراوە بمێنێتەوە. مەسەلەكە تەنها وابەستەی رووداوی هەڵبژاردن نەبێت كە بێگومان وێستگەی گرەوە گەورەكەیە بۆ ئەو دروشمانە، بەڵكو درێژ ببێتەوە بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن. لە بنەڕەتیشدا هەڵبژاردنی ئەمجارە تەنها دەرەنجامەكانی دەبنە ئامانج بۆ ئەم پرۆژەیە، دەنا قۆناغی دواتر دەبێتە ئامراز بۆ ئامانجی گەورەتر.
   كاتێك خەڵكی دەنگدەری وڵاتی ئێمە لە بایەخی گەڕانەوەی باڵانسی هێزو نەهێشتنی نادادپەروەری لە پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییەكانی ئەزموونی رابردوو تێدەگەن، كاتێك كە بە دەنگەكانیان پێگەی یەكێتی لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمدا قایمتر دەكەن، ئەوسا ئیتر هاوكێشەی نوێی كورسییەكان دەبێتە بنەمایەكی دیموكراتی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی حوكمڕانێتی. 
  كە یەكێتی لە گۆڕەپانەكەدا بەهێز ببێتەوە، ململانێیش لەسەر راستكردنەوەی رێڕەو، لەم دوو ساڵەی رای بوورد، بەهێزتر دەبێت. یەكێتی پێش ئەم هەڵبژاردنە، ململانێكەی دەستپێكردووە. سیاسەتی ركابەریكردن لەگەڵ پارتیدا كۆمەڵێك دەرەنجامی پۆزەتیڤی هەبووە، كە دیارترینیان ئەو دروشمە بووە كە سەرۆك بافڵ، پێش چوارەمین كۆنگرە، وەك كاراكتەرێكی گەنجی بە ئیرادەی ناو یەكێتی، بە دەنگی بەرز جاڕیدا: «جارێكی تر یەكێتی دوای هیچ هێزێكی تر ناكەوێت»، واتە كۆتایی هاتنی دەورانی موجامەلەكردنی پارتی لەبەر ئیعتیباری پاراستنی یەكڕیزی، كە بە بەردەوامی لە سوودی پارتی و زیانی یەكێتی و ناوچەی نفوزیدا شكابووەوە.
 جەدوایەكی تری ئەو سیاسەتەو ململانێكردن لەگەڵ پارتیدا، نەهێشتنی كۆمەڵێك ناهەقیی چەندین ساڵە بوو كە لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا هەبوون و بەردەوام لەبەرژەوەندیی لایەنی ركابەردا بوو، لەوانە: كورسیی كۆتاكان، یاسای هەڵبژاردن، لیستی رەشی دەنگدەران، سەرپەشتیكردنی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی هەرێمەوە كە متمانەی لەدەستدابوو، گەڕانەوەی ئومێد لای بەشێكی دەنگدەرانی وڵاتیش بە ئەنجامدانی پرۆسەیەكی پاكتری هەڵبژاردن و ..هتد، كە هەموو ئەوانەش، لەدواجاردا، هۆكارن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە شتێكی تر بێت!.
  كاتێك كە دەوترێت راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی، یان وەرگرتنەوەی هەولێر، بناغەی پرۆژەكە لەمەدایە، تەواوكردنیشی دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێ و پەرلەمانێكی كارا. یەكێتی، لەم ئاستەدا بڕیاریداوە كە پرۆژەكە نوێنەرانی خۆیشی لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمدا بگرێتەوە. ئەگەر لەهەر سێكتەرێكدا خۆی دەستێكی هەبێ لە چەوتیی رێڕەوی حوكمڕانیدا، راستبكاتەوە. لە حزبدا دەستیپێكردووەو سبەی لەحكومەت و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی تریشدا دەستپێدەکات. هەرچی گێڕانەوەی هەولێرە، ئەوا لەناو هەمان هاوكێشەدایە، بەڵام بێگومان هەولێرییەكان خۆیشیان رۆڵی گەورەیان هەیە، ئەوان دەتوانن لەبازنەی خۆیانداو لە 20/10 قسەی كۆتایی بكەن و پارێزگاكەیان لەژێر كۆنترۆڵی تاقە هێزێكدا دەربهێنن و ئازادی و رەسەنایەتیی بۆ بگێڕنەوە. 

 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر