ئەوەی نەتانبیستووە لەبارەی پەیوەندیی شێركۆی نەمر و پەشێوی مەزندا!
(6)
كاتێك باسی شیعر و شاعیر دەكەین، چ لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە، ئەگەر بچووكتریشی بكەمەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، نابێت و ناپەسەندە كە ناوی هەریەك لە كەڵە شاعیران شێركۆ بێكەس و عەبدوڵڵا پەشێو نەهێنین و چەندین شاكاریان نەخەینەڕوو كە بۆ هەتا هەتایە جێگای شانازیی ئەدەبی كوردیین.
لەم باسەمدا، دەمەوێت دیوێكی دیكەی وشەكانی هەریەك لە بێكەس و پەشێو نیشان بدەم، كە لە راستیشدا كاری من هەر ئەمەیە نەك هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی تێكست و شیعرەكانیان.
پێش ئەوەی بچمە نێو باسەكەمەوە، دەمەوێت دوو دێڕ لەسەر مەزنی ئەم دوو شاعیرە بڵێم. یەكەمیان لە وەسفی عەبدوڵڵا پەشێودا، تەڵعەت تاهیری جواننووس، دەڵێت: پەشێو بۆ ئێمەی شاعیرانی هەولێر (باوك) بووە، واتە لە رێباز و رێچكە گرنگتر بووە، بەڵكو باوكی شاعیرانی هەولێرە.
دووەمیان لە وەسفی بێكەسدا، من بە درێژایی ئەو 29 ساڵەی لە سلێمانی دەژیم و چەندین شاعیرم بینیوە، چ لەسەردەمی شێركۆ بێكەس و چ لە دوای كۆچی دوایی، هیچیان خۆیان لە شێركۆ پێ شاعیرتر نەبووە، بگرە بە شانازییەوە وەكو ئیلهام وەرگرتنێك ساڵانە یادی دەكەنەوە و دەچنە سەر مەزاركەی لە پاركی ئازادی.
ژمارە 36ی رۆڤار و نامەكەی شێركۆ!
شێركۆ بێكەس، بێجگە لەوەی سەرۆكی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو، لەهەمان كاتدا سەرپەرشتیاری گشتیی بڵاوكراوەی (رۆڤار) بوو، كە دەزگاكە هەرجارە و بۆ داهێنەرێكی كوردستانی تەرخان دەكات و ئێستاش بەردەوامە. پێش ئەوەی ژمارە (36)ی رۆڤار دەربچێت، وەكو نەریتی خۆیان ستافی گۆڤارەكە بەسەرپەرشتی شێركۆ بێكەس كۆ دەبنەوە و دەیانەوێت ئەم ژمارەیە تایبەت بكەن بە كەسایەتییەكی زیندوو، بۆیە ستافەكە بێ دوودڵی داوا لە شێركۆ دەكەن، با ئەو ژمارەیەی رۆڤار تایبەت بێت بە خۆی (واتە لەسەر ژیان و بەرهەم و قەڵەمی شێركۆ بێكەس بێت)، بەڵام شێركۆ رازی نابێت و لە ئەنجامدا، بە نووسینێك وەڵامی ستافەكە دەداتەوە و پێیان دەڵێت: دەبێت ئەو ژمارەیە تایبەت بێت بە عەبدوڵڵا پەشێو و ناویشی (ئەستێرە گەشەی سەر قەڵا) بێت !.
بێگومان ستافی رۆڤار، تووشی شۆك دەبن، چونكە مێژووی زویربوونی نێوان بێكەس و پەشێو دەزانن و كوردەواری خۆمان گوتەنی: هەموویان دەیانزانی كەیفیان بە یەكتر نایەت!، كەچی شێركۆ-ی مەزن، بەم نووسینە وەڵامیان دەداتەوە، كە من وەكو خۆی بۆتان دەخەمەڕوو:
« وتیان با ئەم ژمارە تازەیەی (رۆڤار) بۆ شاعیرێ یان نووسەر و رووناكبیرێكی بەسەر زیندوو تەرخان بكەین! وتم بۆ نا؟ بەڵام خۆ ئەمە یەكەمجاریشمان نییە و، وەك دەزانن، لەوەوبەر چەندین ژمارەمان بۆ هەندێ لەو ئەدیبانە تەرخان كرد كە لە ژیاندان و بە چاوی خۆیان رۆڤاری خۆیان بینی. وتیان: كەواتە با ئەمجارە، لەسەر خۆت بێ و رەوایشە! وتم: ئەمەیان نا، چونكە من بۆ خۆم خاوەن ماڵم و خاوەن ماڵیش ئەگەر خۆی رێز لە خۆی بگرێ و ئاهەنگ بۆ خۆی بگێڕێ و رۆنی خۆی بداتەوە لە ریش و سمێڵی خۆی، ناجۆرە و پەسەند نییە و، چاكتر وایە بۆ هەر داهێنەرێكی تر بێ و بەڵام بۆ خۆم نەبێت !.
وتیان: ئەی باشە بۆ كێ؟!
تۆزێ رامام و لە دواییدا وتم: عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر! وتیان گەلێ باشە، بەڵام لە راستیدا ئێمە چاوڕێی ئەوەمان نەدەكرد تۆ وا بڵێی، چونكە دەزانین لە دەمێ ساڵەوە، بەینتان ساردە و پەیوەندیی جاری جارانتان نەماوە !.
وتی: راستە، بەڵام جوانتر و شارستانی تر و شاعیرانەترە ئەو سنوورانە بشكێنین و لەچاوی شیعر و ئەدەبەوە تەماشای ئەو هەقە بكەین و واز لە مەسەلە شەخسییەكان بهێنین و بەینی سارد و گەرم نەكەینە پێوانە! وتیان: لە دنیای ئاڵۆز و پڕ ناتەبایی ئەدیباندا، ئەمە هەنگاوێكی تازە و شەفافییەتێكی راستەقینەیە، وتم: ئەمە هیچ منەتێكی تێدا نییە، چونكە بەر لە هەر شت، پەشێو بە داهێنان و شاعیرێتی خۆی و دەوری لەبەرچاوی لە شیعری هاوچەرخی كوریدا ئەم رێز و خۆشەویستییەی خۆی سەلماندووە و ئەوەی ئێمەش دەیكەین رێزلێنانێكە لەو رۆڵ و دەورەی ئەو.
وتیان: ئیتر لەم دەقیقەیەوە، دەستبەكار دەبین و ژمارەی تازەمان بۆ عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر دەبێ. خەریكبوو بڕۆن. وتم: بیرتان نەچێت، بۆ ناونیشانی سەر بەرگی رۆڤاریش بنووسن: عەبدوڵڵا پەشێو ئەستێرە گەشەی سەر قەڵا !.
بێگومان، ژمارە (36)ی رۆڤار لە 15/10/2005 دەرچوو و ناویشی: عەبدوڵڵا پەشێو، ئەستێرە گەشەی سەر قەڵا بوو.
مردنی شێركۆ و جوامێریی پەشێو !
بێگومان دوای بڵاوكردنەوەی ئەم رۆڤارە، هەرچەندە پەشێو هیچ لێدوان و سەرنجێكی نە باش نە خراپی لەسەر ئەو بڵاوكراوە تایبەتە نەبوو، كە یەكێك لە كاریگەرترین دەزگا ئەدەبییەكانی كوردستان (دەزگای سەردەم) لەسەری دەركردبوو.
بەڵام كاتێك شێركۆ بێكەس لە (4ی ئابی 2013) كۆچی دوایی كرد، لەبەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا كە تەلەڤزیۆنی نەورۆز لە ئەوروپاوە لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو سازی كردبوو، كە دیدارەكەش رۆژی 5ی ئابی 2013 بوو، واتە یەك رۆژ دوای كۆچی دوایی شێركۆی مەزن، پەشێو لەدیدارەكەدا وتی پێش هەموو قسەیەك پەیامێكم هەیە و وتی:
«دوێنێ ئەو هەرەسەم بیست، زۆر ئازاری دام... زەحمەتە شیعرێكی كاك شێركۆ بدۆزیتەوە كە سلێمانی لێ نەتكێ، سلێمانی بە هەموو جوانییەكانییەوە. سەرەخۆشی لە شیعر و هونەر، لە سروشت، لە جوانی دەكەم. شێركۆ ناوێكی گەورەیە لە تاریخی هەموو ئەدەبیاتی كوردیدا.
زمانی كوردی زەلیل بوو بەدەستییەوە !.
واتە بەم وەسف و چەند دێڕەی كە یەك رۆژ دوای كۆچی دوایی شێركۆ دەریبڕی، ئەوا گەورەیی هەردوو شاعیرە مەزنەكەی كوردستانمان بۆ دەردەكەوێت.
ناسینی شێركۆ و پەشێو
دیارە پەیوەندیی نێوان شێركۆ و پەشێو زۆر كۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1967-1968، ئەوەتا شێركۆ بێكەس لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی یەكترناسینی لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت: هەر لە ساڵی (1967 - 1968)دا بوو، سەفەرێكم كرد بۆ هەولێر و لەوێ بۆ یەكەمجار عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیرم ناسی، بەیەكەوە چووینەوە ماڵی خۆیان، ماڵێكی بچووكی هەژارانە و لە گەڕەكێكی میللیدا. وابزانم لەگەڵ برا گەورەكەی و خێزانەكەی ئەودا دەژیا. لە كۆتایی شەستەكاندا ئەو شاعیرانەی لە نەوەی ئێمە بوون و حەزیان بە نوێخوازی و تازەكردنەوە دەكرد، لە سلێمانی و لە هەولێریش بە پەنجەی دەست دەژمێردران. لە بەغدا زوو زوو یەكترمان دەبینی. لە میهرەجانی یەكەمی شیعری كوردیدا لە كەركوك، پەشێو شیعری (دوانزە وانە بۆ مناڵان)ی خوێندەوە، كە یەكێك بوو لە شیعرە جوانەكانی ئەو میهرەجانە. لەساڵی (1972 - 1973)دا لە بەغدا سەیدا ساڵح یوسفی ناردی بە شوێن هەردووكماندا، دوای ئەوەی دوو كورسی خوێندنیان لە یەكێتی سۆڤێتی جاران وەرگرتبوو، ئەوانیش ئێمەیان بۆ ئەو خوێندنە پاڵاوتبوو، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوەندە نەبوو ژنم هێنابوو، من نەمتوانی بڕیاری رۆشتن بدەم. پەشێو رازی بوو، بەر لە دەسپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان كورد و رژێمدا، پەشێو وڵاتی بەجێهێشتبوو. تا ئەو كاتە نێوانمان ئاسایی بوو، دوای رۆشتنیشی ئاڵوگۆری نامە لە نێوانماندا هەبوو، تەنانەت بیرمە جارێكیان هەندێ لە شیعرەكانی پوشكین كە شاعیری ناسرا و (حسب شیخ الجعفر) لە روسییەوە كردبوونی بە عەرەبی و منیش بە كوردی ناردمن بۆ پەشێو، بۆ ئەوەی بزانم لەكارەكەمدا سەركەوتووم یان نا. وەڵامی دامەوە و نووسیبووی ئەگەر روسیشت بزانیایە هەروا تەرجومەت دەكرد. دوای دابڕانێكی دوورودرێژ، لە ساڵی 1990دا سەردانی مۆسكۆم كرد و لەوێ بینیمەوە و چەند رۆژێ پێكەوە بوین، بەڵام ئەوە بۆ (14) ساڵ دەچێ هیچ پەیوەندییەكمان لەبەیندا نەماوە!.»
كەژاوەی گریانەكەی پەشێو بۆ بێكەس
بۆ زانیاریشتان لە 15/8/1969، عەبدوڵڵا پەشێو كە تەنیا چەند ساڵێكی كەمبوو شێركۆ ببوو بە هاوڕێی، شیعرێك بە ناوی (كەژاوەی گریان) بۆ شێركۆ بێكەس دەنووسێت و لەبەشێك لەو قەسیدەیەدا هاتووە:
برام، شێركۆ!
راست دەكەی تۆ:
دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە
دەنووین... دەخۆین... لەسەر درۆ!
راست دەكەی تۆ:
دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە
گوێمان كەڕە،
زمانمان گیرۆدە و لاڵە.
بەڵام، هەیهۆ،
كەی لای ئێمە
پەسند بووە پیاوی راستگۆ؟!
عەبدوڵڵا پەشێو:
شێركۆ ناوێكی گەورەیە لە تاریخی هەموو ئەدەبیاتی كوردیدا
شێركۆ بێكەس:
عەبدوڵڵا پەشێو ئەستێرە گەشەی سەر قەڵایە!