لەدەرگای کێ بدەین دەنگمان بداتێ؟

11:20 - 2024-09-26
هیوا محەمەد
753 خوێندراوەتەوە

لە وڵاتێکی وەک سوید لە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن و رۆژانی بانگەشەدا، بەپێی تۆماری ناوەکەت و شوێنی نیشتەجێبوونت، دوو کارتت بۆ دەنێرنە ماڵەوە لە رێگەی پۆستەوە کە پەیوەستن بە دەنگدان و ژمارەی تایبەتی خۆی لەسەرە کە ناتوانرێت تەزویر بکرێت، ئیتر لە رۆژی دەنگداندا دەچیتە شوێنی دیاریکراو و دەنگ دەدەیت.

نابێت هەوادارەکانی سەر بە حزبێک، کەشی خراپ لەبەرامبەر شوێنی بانگەشەی رکابەرەکانیان دروستبکەن، کە ببێتە مایەی ئیستیفزازکردنیان

بەدەگمەن لەسەر شەقامەکان دەبینیت کاندید و هەوادارەکانیان خەڵک ناڕەحەت بکەن بە دەنگی دەهۆڵ و هوتاف کێشان و رێپێوان و ئەم شتانە، لە کەنار شەقامەکانیش هەڵواسینی وێنەی حزب و کاندید رێگە پێدراو نییە بەجۆرێک کە ئاستی بینینی شۆفێرەکان بۆ راست و چەپی شەقام کەمبکاتەوە.
حزب دەبێت لەکاتی هەڵبژاردندا پشت بە چەند جۆر دەنگدەر ببەستێت، لەهەنگاوی یەکەمدا ئەندام و کادرە سەرەکییەکانی خۆی، دوای ئەوان دۆستەکانی، واتا ئەوانەی مەیل و خۆشەویستییەکیان بۆ حزبەکە هەیە، بەڵام لەناو رێکخستنەکانیدا کار ناکەن، دەکرێت هەر حزبێک جەردێکی خۆی بکات پێش هەڵبژاردن، ئەو کات بۆی دەردەکەوێت کە دەنگدەرە مسۆگەرەکانی چەندن و بەمەش دەتوانێت بزانێت نزیک بە چەند کورسی دەهێنێت.
بەشێکی تری دەنگدەری حزبەکە، ئەوانەن کە گەنجن و یەکەم جاریانە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن، لەناو ئەمانەشدا هەڵدەکەوێت کەسانێک سەرسام بن بە سیاسەت و بەرنامەی حزبەکە و دەنگی بدەنێ، بەتایبەتی لەناو رێکخراوەکانی گەنجان و لاوانی سەر بەو حزبە.
بەشێکی تر ئەوانەن کە سەردەمانێک لەو حزبەدا کاریان کردووە و پێوەی ماندوو بوون و قوربانییان داوە، بەڵام بەهەر هۆکارێک بێت کۆڵیان داوە، ئەمانە وەفایەکیان بۆ حزبەکە هەر دەمێنێت، لانیکەم شانازییەکە بۆ خۆیان کە رۆژگارێک لەو حزبەدا کاریان کردووە و ئەو رۆژانە لەرێگەی حزبەکەیانەوە تووشی ململانێی سیاسی بوون و بوونەتە نەیاری حزبەکانی دیکەی گۆڕەپانەکە، لەبەر ئەمە ئەگەر بیانەوێت دەنگبدەن، هەر بەو حزبەی دەدەن کە تیایدا کاریان کردووە.
بەشێکی تر رەنگە لەوانە بن کە نەیار و نادۆستی حزبەکەن و سەر بە حزبێکی ترن، ئەمانە ناتوانرێت لەو ماوە کورتەدا کە پێیدەوترێت بانگەشە، کاریگەرییان لەسەر دروست بکرێت و لەو حزبە دووربکەونەوە و دەنگبدەن بە حزبێکی تر، ئەگەر لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندییەکی تایبەتدا نەبێت. 
بۆیە دەبێت حزب لەکاتی هەڵبژاردندا لە ئەندام و کادرە چالاکەکانی خۆیەوە دەست پێبکات و پشت بەوان ببەستێت و لەرێگەی ئەوانەوە هەنگاو بنێت بۆ کەسانی تر.
بۆ دروستکردنی کەشی ئارامی بانگەشە، پێویست ناکات هەوادار و کاندیدەکانی سەر بە حزبێک، کەشی خراپ لەبەرامبەر نووسینگە و شوێنی بانگەشەی رکابەرەکانیان دروستبکەن، کە ببێتە مایەی ئیستیفزازکردنیان، چونکە بانگەشە و ریکلامی هەر کاندیدێك لەبەرامبەر کاندیدێکی رکابەری حزبێکی تر ئاژاوە دەنێتەوە، بەو هۆکارەی هەموو ئەوانەی لەدەوری ئەو کۆبوونەتەوە کەسانی رۆشنبیر نین و رەنگە بە کردارێک پەرچەکرداری خراپیان هەبێت و نائارامیەکی گەورە بخوڵقێنێت.
دەبێت هەموان لە کەشی دیموکراسیدا هەرچی زیاتر بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵبدەن، هەڵەکانی یەکتری رابردوو بخەنەڕوو، بەڵام هەڵبەستنی بوختان و رووشاندنی کەسایەتیی یەکتر، زیان دەگەیەنێت بە پرۆسەکە و تەواوی کۆمەڵگەکە.

وتارەکانی نوسەر