رەنگە بە بەراوردێکی خێرای بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕووی لاکردنەوە لە بوارەکانی ئابووری، ژینگەیی، پیشەسازی، کشتوکاڵی، تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی نەکرێت، چونکە لە زۆرێک لە بەرنامەی هەڵبژاردن و کارنامە و مەرجەکانی یەکێتی بۆ بەشداریی لە کابینەکاندا، ئەو بەرنامە و ئامانجانە باس کراون و رۆشناییان خراوەتە سەر، بەڵام ئەوەی بەرنامەی ئەمجارە لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، هەڵدانەوەی ئەو برین و ئازارانەیە کە چەندین ساڵە یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی لەبەر خاتری یەکڕیزیی و تەبایی ناوماڵی کورد و یەکپارچەیی قەوارەی هەرێم بە ڤاکسینی سەبر و دانبەخۆداگرتن سڕی کردووە، هەر ئەوەش ببووە هۆی تووڕەبوونی هەندێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دۆستان و لایەنگران و بگرە بەشێک لە ئەندامان و کادرانی یەکێتی خۆشی، چونکە هەمووان دەیانزانی کە یەکێتی باجی دەسەڵاتێکی قۆرخکار و خۆسەپێنی زۆرینەی ساختە دەدات و چیتر پێویست ناکات یەکێتی ئەو هەموو ناقۆڵایی و لادان و یاساشکێنییە لەو لایەنە قبووڵ بکات و دەبێت هەڵوێستی راشکاوانەی هەبێت.
جیاوازیی بەرنامەی ئەم هەڵبژاردنە چ ئەوەی لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەوە پەسەند کراوە و چ ئەوەش کە لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، ئەو جیاوازییانەمان پێ دەڵێن کە ئەوە ئەو بەرنامە دڵخوازەی هاووڵاتییان و یەکێتییەکانە بۆ شێوازی حوکمڕانیی ئایندە و مۆزایکی پەرلەمانی خولی داهاتوو، چونکە زۆر راشکاوانە و شەفافانە دەستخراوەتە سەر برینەکان و چارەسەرەکانیشیان لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا فۆرمۆلە کراوە.