پەیامی کارامەیی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی

10:02 - 2024-09-29
ئەرسەلان مەحمود
125 خوێندراوەتەوە

لە دواترین پەیامیدا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، چەند خاسییەتێکی گرنگی خستەڕوو کە نیشاندەری پێگەی بەهێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و روانگەی ستراتیژیی ئەم حزبەن بۆ داهاتووی هەرێم. 

نزیکبوونەوە لە خەڵک و دانپێدانان بە کێشەکاندا
سەرۆک بافڵ، راستەوخۆ و بە زمانێکی سادە، دەڵێت: یەکێتی لە خەڵکەوە نزیکە و گوێ لە کێشەکانیان دەگرێت. ئەم روانگەیە جیاوازیی یەکێتی لە حزبە تاکڕەو و دژە دیموکراسییەکان دەردەخات، دانپێدانانی راشکاوانە بە کەموکورتییەکانی حوکمڕانیی هەرێم و هەڵەکانی یەکێتی، نیشانەی ئەو راستگۆیی و شەفافییەتەیە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی دەکەن.

یەکگرتوویی و بەهێزبوونەوەی یەکێتی 
جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزیی یەکێتی، تەنها قسەیەکی رووکەش نەبوو. سێ ساڵی رابردوو، یەکێتی سەلماندوویەتی کە توانای گۆڕانکاری ریشەیی و خزمەتکردنی هەیە، ئەمە پەیامێکی روونە بۆ دۆست و نەیار و رکابەر کە نەک تەنها وەک جاران بەهێزە، بەڵکو ئامادەترە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئەمڕۆ و داهاتووش.

بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دەستکەوتەکان 
سەرۆک بافڵ جەختی کردەوە کە پاراستنی خاکی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلەکەمان لە بەغدا، ئەرکی سەرەکیی یەکێتییە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی حزبێکی درککردو بە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە و واقیعبینی نیشتمانییە، باسکردنی دەستکەوتەکان، وەک گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، سەلمێنەری کارایی یەکێتییە لە بەدیهێنانی گۆڕانکارییە گرنگەکان. 

 

یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن مێژوو، توانای نوێبوونەوە و خۆ گونجاندنی هەیە لەگەڵ دۆخ و سەردەمدا

 

میراتی مام جەلال و داهاتووی یەکێتی 
ئاماژەدان بە میراتی سەرۆک مام جەلال، جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی رێبازی یەکێتی و پابەندبوون بە بنەما سەرەکییەکانی، هاوکات نیشاندانی ئەوەیە کە یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن مێژوو، توانای نوێبوونەوە و گونجاندنی خۆی هەیە لەگەڵ دۆخی سەردەم.

بانگەشە بۆ دەنگدان و داهاتووی کوردستان
داواکردن لە خەڵک بۆ دەنگدان بە یەکێتی، تەنها بانگەشەیەکی حزبی و هەڵبژاردن نییە، ئەمە بانگەوازێکە بۆ بەشداریکردن لەمانەوەی هەرێم و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردستان، یەکێتی خۆی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی و پێشکەوتن نمایش و پێشکەش دەکات.

پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی 
وێنەیەکی روونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەش دەکات: حزبێک کە بە میراتی خۆییەوە شانازی دەکات و ئامادەی رووبەڕوو بوونەوەی هەر ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکە، ئەم پەیامە جەخت دەکاتەوە کە یەکێتی حزبی خەڵکە و وەک هەمیشە دەکارێ پێشەنگ بێت لە بنیاتنانی کوردستانێکی باشتر و بەهێزتر. ئەرکی سەرجەم ئازادیخوازو دیموکراسیخوان و کۆی ئەوانەیە بەدوای هەرێمکی گەشەکردوو و ژیانێکی شایستەترەوەن، ئەم پەیامە بگەیەنینە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و متمانەی خەڵک بۆ یەکێتی و رێبازەکەی بەهێزتر بکەن.

وتارەکانی نوسەر