بە درێژایی كاری رۆژنامەوانیم كە نزیك دەبێتەوە لە 30 ساڵ، لە زۆر كۆبوونەوە و كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ئامادەبووم كە رەوانشاد سەرۆك مام جەلال سەرپەرشتیی كردووە یان ئەنجامی داوە، بەڵام بە جۆشترین و خۆشحاڵترین كۆبوونەوەكانی ئەو كۆبوونەوانە بوون كە لەگەڵ توێژی گەنجان و لاوان و خوێندكاران ئەنجامی دەدا، چونكە مام جەلال، هەمیشە بە رۆحییەتی گەنجانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكردن و گوێی لە داوا و داخوازییەكانیان دەگرت، بۆیە هەمیشە ئەم توێژانە مام جەلال-یان بە پشت و پەنای سەرەكی خۆیان دەزانی.
ئەم رۆحییەتەی سەرۆك مام جەلال-م ئەو كاتە لە سەرۆك بافڵ بەدیكرد، كاتێك بڕیاری نوێكردنەوە و نوێبوونەوەی رێكخراوێكی كاریگەریی وەكو (كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان) ی دا، كاتێك راشكاوانە و مۆدێرنانە رێكخراوەكە هاتەوە مەیدان و بوو بە یەكەم رێكخراوی داكۆیكار لە مافەكانی خوێندكاران كە بەشێوەیەكی سەردەمییانە كار بكات و هەموو خوێندكارێك بەبێ جیاوازی بیروڕا بە ئەندامی خۆی بزانێت، ئەمەش رێك ئەو پشتیوانییە بوو كە چۆن سەرۆك مام جەلال لەم توێژە گرنگەی كۆمەڵی دەكرد، بەهەمان نەفەس سەرۆك بافڵ - یش پشتیوانیانە، هەمووشتان كۆبوونەوە دوورودرێژەكەی سەرۆك بافڵ - تان بیرماوە كە لەپێناو گوێگرتن لە داوا و مافەكانیان لەگەڵ خوێندكارانی هەموو كوردستان ئەنجامیداو بووبە هۆی پێدانی دەرماڵەی مانگانەی خوێندكاران و بەدیهێنانی زۆر مافی تریان.
لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەی كە بۆ پەرلەمانی كوردستان لە 20/10 بەڕێوە دەچێت، لە بەرنامەی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سێكتەرێكی تایبەت بە گەنجان و خوێندكاران و رۆشنبیری و هونەر جیاكراوەتەوە، كە چەندین خاڵ و ئامانج لە خۆدەگرێت كە دیسانەوە تەئكید لەسەر سووربوونی سەرۆك بافڵ و سەركردایەتیی یەكێتیی دەكاتەوە كە لەخەمی توێژی گەنجان و خوێندكاراندان، بۆ نموونە بە روونی باس لە بوونی پلانێكی گونجاو دەكات بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان لەبوارە جیاوازەكان و چارەسەركردنی كێشەی بێكاری. هەروەها یارمەتیدانی گەنجانی بەهرەمەندی بوارە جیاوازەكان بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەكانیان، لەگەڵ دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ رێگریكردن لە كۆچی گەنجان و رەخساندنی كەشێكی گونجاو كە كۆچی پێچەوانە دەستپێبكات.
جگە لەمانەش لەبەرنامەكەی لیستی 129 یەكێتیدا، جەخت لە كەمكردنەوەی بڕە پارەی خوێندنی پارالێڵ و جێگیركردنی دەرماڵەی خوێندكاران كراوەتەوە، كە بێگومان بۆ ئەمەش پێویستە گەنجان و لاوان و خوێندكاران لە هەموو توێژەكانی دیكە بەپەرۆشتر بن بۆ دەنگدان بە لیستی 129- ی یەكێتیی كە سەرۆك بافڵ جەلا تاڵەبانی رابەرایەتیی دەكات و خۆشیان شاهێدی بۆ ئەوە دەدەن كە سەرۆك بافڵ چەند لە خەمی مافەكانیاندایە و هەردەم پشتیوانیان بووە و دەبێت.