هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان

09:49 - 2024-09-30
نەوزادی موهەندیس
84 خوێندراوەتەوە

نه‌وزادی موهه‌ندیس


 ئاشكرایه‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌لای هه‌موانه‌وه‌ له ‌هه‌رێم و عیراق و به‌ناو دۆسته‌كان له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا گرنگییه‌كی زێده‌تری هه‌یه‌ له‌ خوله‌كانی پێشووتر، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موان چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی گه‌وره‌ ده‌یكه‌ن له‌ پێگه‌ی پارته‌ سیاسییه‌ كلاسیكی و ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا، له‌ولاشه‌وه‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی پارت و هێزی نوێ كه‌ تازه‌ دامه‌زراون، واده‌كات هه‌موان به‌گرنگی و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌ ئاگاییه‌وه‌ چاودێری پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ هه‌رێمیشدا هه‌موان كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بتوانێت لانی كه‌م ده‌نگ و كورسییه‌كانی كه‌م نه‌كات و پارێزگاری له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بكات و هێزه‌ تازه‌كانیش له‌هه‌وڵی چڕوپڕدان بۆئه‌وه‌ی له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنیاندا بتوانن هێزی سیاسی و جه‌ماوه‌ری و شه‌قامی خۆیان پیشانبده‌ن و ده‌نگ و كورسی زۆر به‌ده‌ستبهێنن.

 

ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی سیاسی دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و ئاشكراكردنی ئه‌نجامه‌كان، جۆرێك له‌ گۆڕانكاری تیادا رووبدات

 

له‌ عیراقیشدا  به‌هه‌مانشێوه‌ حزب و سه‌ركرده‌ شیعی و سوننییه‌كان و توركمانه‌كانیش له‌ چاودێری دۆخه‌كه‌دان و هه‌ریه‌كه‌یان حه‌زده‌كه‌ن هاوپه‌یمانێتی و دۆسته‌كه‌ی خۆیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، وه‌ك ئاشكراشه‌ له‌هه‌رێمدا دوو به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ك په‌یدابوون له‌ دید و تێڕوانینیان بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستا و ئاینده‌یان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدادا، به‌ره‌یه‌ك به‌ چاوی گومان و ترس و دژه‌وه‌ له‌ به‌غدا ده‌ڕوانێت به‌ سه‌ركردایه‌تی و نوماینده‌ی پارتی و به‌ره‌ی به‌رامبه‌ریش به‌ چاوی دۆست و شه‌ریك و هاوبه‌ش له‌ به‌غدا ده‌ڕوانێت به‌ رابه‌رایه‌تیكردنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هه‌ربۆیه‌ به‌غداش له‌و دیده‌وه‌ چاوه‌ڕوانی سه‌ركه‌وتن، یان شكستی یه‌كێك له‌و به‌رانه‌ ده‌كات.
وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ئاشكرا یان به‌نهێنی له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ك له‌و به‌رانه‌دا خۆیان ساغ نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ پێداده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ به‌باشترین و خاوێنترین شێواز كه‌ دووربێت له‌ گزی و ساخته‌كاری و گه‌ره‌كیانه‌ بنه‌ماكانی راسته‌قینه‌ی دیموكراسی له‌م هه‌رێمه‌دا بچه‌سپێنن كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر‌ جیاوازه‌ له‌ دید و بیركردنه‌وه‌ی ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی وه‌كو زۆرینه‌ی شیعه‌ و كه‌مینه‌ی سوننه‌ی عه‌ره‌ب له‌ عیراقدا، ئه‌وان له‌ هه‌رێم واده‌ڕوانن و ئومێدی زۆریشیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوە‌ كه‌ ببێته‌ پێگه‌ و هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا.
ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و ئاشكراكردنی ئه‌نجامه‌كان، جۆرێك له‌ گۆڕانكاری تیادا رووبدات، ئەگه‌رچی زۆر گه‌وره‌ و به‌رچاویش نه‌بێت،‌ سه‌ره‌تا پرۆسه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ته‌سه‌ر راده‌ و ئاستی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌خودی پرۆسه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانی و رێژه‌ی به‌شداریكردنی هاووڵاتیان، چونكه‌ له‌ئێستادا هاووڵاتیانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌هه‌موان توڕه‌ن به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ناو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیشه‌وه‌،‌ هیچ كامیان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ 33 ساڵی رابردوودا ببنه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی كۆنكرێتی شه‌قام و رای گشتی جه‌ماوه‌ریی هه‌رێم، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌ ناكرێت و ره‌نگه‌ له‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ژماره‌یه‌ك كورسی و ده‌نگ كه‌م و زیاد بکات‌، به‌ڵام نابێته‌ هۆكاری پاشەکشەیان و ئه‌و هێزانه‌ی تری ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش ره‌نگه‌ هه‌ر به‌هێنده‌ی قه‌واره‌ و مێژوو، كاری پێشینه‌ییان كه‌ زۆرینه‌یان مێژوو و رابردوویه‌كی رۆشن و گه‌شاوه‌یان نیه‌، هێشتا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بینراون بۆیه‌ جه‌ماوه‌ر به‌ گومان و دڵڕاوكێ و ترسه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانێت و نایه‌وێت به‌یه‌كجار چاره‌نووس و ئاینده‌ی خۆیان و نه‌وه‌كانیان ته‌سلیم به‌و هێزانه‌ بكەن.
له‌ ئه‌نجامدا ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌كوردستان ئەگەر ژماره‌یه‌ك له‌و حیزبانه‌ به‌ رێژه‌ و قه‌باره‌ی كه‌مه‌وه‌ بچنه‌ناو په‌رله‌مانه‌وه،‌ دۆخێكی زیاتر له‌ ناجێگیری سیاسی و ئابووری و ته‌ژی به‌ ململانێی حیزبی  بێته‌ كایه‌وه‌  كه‌ رێكکه‌وتن و گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن ئەگه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت ئه‌وا زۆر دوورده‌بن له‌یه‌كترییه‌وه‌، به‌ گه‌واهی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ 13 حزب و 2 هاوپه‌یمانێتی و 139 لیستدا، نه‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئۆپۆزسیۆن و نه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی به‌هێز و پته‌وی حزبه‌ گه‌وره‌كان پێكهاتوون كه ‌ئه‌مه‌ مانای شڵه‌ژاوی و ناڕێكی و دڕدۆنگی هه‌موان له‌گه‌ڵ هه‌مواندا ده‌گه‌یه‌نێت، جا ئه‌نجامه‌كانیش هه‌رچییه‌ك بن ئه‌وا پێشبینی ناكرێت له‌دوای ئه‌نجامه‌كان و له‌ناو په‌رله‌ماندا باشتر وێنەكه‌ ده‌ربكه‌وێت.
جێگه‌ی سه‌رنجه‌‌ له‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی كوردستانیشدا كه‌ ته‌نها 5 كورسییان هه‌یه‌، ژماره‌ی كاندیده‌كانیان 39 پاڵیوراون له‌ مه‌سیحی و توركومانه‌كان. به‌سه‌ر چوار بازنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌شبوون، ئه‌وانیش وه‌كو كورده‌كان په‌رته‌وازه‌ و ناته‌با و رێكخراو و یه‌كگرتوو نین.
به‌مشێوه‌یه‌ په‌رله‌مانی داهاتوو ره‌نگ و ده‌نگی جیاوازی تێده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ بۆ راییكردنی پڕۆژه‌یاسایه‌ك مامه‌ڵه‌كردن بەده‌نگی تێبكه‌وێت وه‌ك په‌ڕله‌مانی عیراق و ئه‌مه‌ش ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان هێنده‌ی تر لاواز و بێده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌ و نه‌توانێت ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌ یاسادانان و به‌دواداچوونه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت و ئه‌نجامیش حكومه‌تێكی لاوازتر بێته‌ كایه‌وه‌، به‌دڵنیایی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی له‌رزۆك ده‌بێت نه‌ك حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی به‌هێز.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌لای هه‌موانه‌وه‌ گرنگه‌، ئومێد و ئاواتی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه،‌ گرنگه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مان له‌دۆخی قه‌تیسی و سستی و باڵاده‌ستبوونی لایه‌نێك ده‌ربازبكرێت و گیانێكی زیندوو و خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری سیاسی بێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ پێگه‌ی په‌رله‌مان وه‌كو ئۆرگانێكی شه‌رعی هه‌ڵبژێردراو له‌سه‌روو هه‌موانه‌وه‌ پیشانبدات و هه‌موانیش به ‌حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌ پابه‌ندی به‌دواداچوون و یاساكانییه‌وه‌بن.
به‌بێ هاتنه‌كایه‌ی په‌رله‌مانێكی به‌هێز، مه‌حاڵه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز و هاوسه‌نگ بێته‌دی و كێشه‌ و گرفته‌كانی 33 ساڵی رابردووش به‌رده‌وامیان ده‌بێت، بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ هه‌موان ئەگه‌ر له‌سه‌ر هیچ رێكنه‌كه‌ون له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تی ئاینده‌ رێكبكه‌ون له‌ پێناو پاراستن و مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی یاسایی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.

وتارەکانی نوسەر