موهەیمەن ئاغا*
لە سەرەتای رێگای سیاسەتدا، چرای رێنیشاندەرم مام جەلال- ی نەمر بوو. ئەو فێری کردم کە سیاسەت هونەری دروستکردنی پردە، نەک دیوار.
لە یادەوەرییەکانی بەغدا، دوو وشەی زێڕینی پێ بەخشیم: زانست و پەیوەندی. ئەم دوو وشەیە بوونە کلیلی دەرگای سەرکەوتنم، چونکە هەردووکیان تەواوکەری یەکن و بنکەی فراوانی حزبی لەسەر دروست دەبێت.
ئێستا، لە بەردەم هەڵبژاردنی چارەنووسسازی کوردستانداین، دەنگی نەرم و حەکیمانەی مام جەلال وەک سروودێکی نیشتمانی لە گوێماندا دەزرنگێتەوە. ئێمە میراتگرانی ئەم رێبازە پیرۆزە، بە زمانی یەکڕیزی و لێبوردەیی، نەخشەی داهاتووی گەلەکەمان دەنەخشێنین، بۆیە پێویستە بۆ مانەوەی پێگەی یەکێتیی حزبی شەهیدان و بۆ رێزگرتنی خانەوادەکانیان، دەنگ بدەین بە کاندیدەکانی ی.ن.ک و سەریان بخەین، تا لەم رێگەیەوە رەوتی حکومڕانی بگۆڕین و هەرچی کۆمەڵگە پێویستییەتی لە بنیاتنان و گەشەکردن هەنگاوی بۆ بنێین.
ئەمڕۆ رۆژی بەشداریکردنە لە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێدا، با دەنگمان بۆ لیستی 129 بێت. ئەم حزبە لەهەر قۆناغێکدا توانیبێتی و دەسەڵاتی هەبووبێت، جێگەدەستی خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی دیار بووە، سەرکردەکانی ئەم حزبە بە درێژایی تەمەنیان دڵسۆزانە خەباتیان کردووە.
لە دوای تێپەڕینی بە تاریکی و ناڕوونیدا، ئێستا رووناکی هاتووەتەوە. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک کاپیتانێکی لێهاتوو، کەشتی یەکێتی بەرەو کەناری ئارامی و سەرکەوتن دەبات.
با پێکەوە هاوار بکەین: سەفین بەردە، بەڵام یەکێتی شاخە، کورد هەمیشە لە پێشەوەیە و سەردەکەوێت. لە سایەی یەکێتیدا، گوڵی خۆشگوزەرانیی دەپشکوێ، ئەوەش بەسەرکەوتنی کاندیدەکانی بەدیدێت.
بەرەو سەرکەوتنی لیستی (١٢٩)، لە پێناوی کوردستانێکی بەهێز و سەربەرز دا.
*ئەندازیار و مافپەروەر