بەدرێژایی نزیکەی پەنجا ساڵ و بگرە زۆر زیاتریش، کەرکوکییەکان لە بەردەم هەڕەشە و ستەمدا ناچارکراون شارەکەیان جێبهێڵن، ئەمە لە شەستەکانەوە درێژەی کێشاوە تا دوو هەزار و حەڤدە، ئەم ناچارکردنە لە دەرەوەی عەرەباندن و تاراندنی بەزۆردایە، ئەم ناچارکردنە وەک خودنەفرەتی وابووە، هەزاران لەو خەڵکانە ناچاربوونە بەخۆ و خێزانەوە ملی رێگەی هەندەران و تاراوگە بگرنەبەر، کەم شار هەیە لەو ئەوروپایە چەند ماڵێکی کەرکوکی لێنەبێت، ئەمە بۆ ئەمریکا و کەنەداش هەندێک راستە، من ئەو رێوشوێنی سەرژمێریکردنی ئەو تاراوگەنشینانە نازانم، لێ دەزانم ئەو ئازارزەدانە کەرکوک لەنێو دڵ و گلێنەیاندایە، هەن ئێستاش لەتەک نۆستالۆژیای کەرکوکدا دەژین و بەشی زۆری چیرۆکی ژیانیان پەیوەستە بەو شارەوە، دێنەوە یان چارەسەرێکی تر هەیە، ئەوەش پێویستە بیری لێبکرێتەوە.
لەو رۆژانە لەگەڵ دۆستێکی تاراوگەنشینی کەرکوکی قسەم کرد، پێی وتم مانگی یازدە لە وڵاتم لەبەر سەرژمێرییەکە، بیرم کردەوە کێشەکە لە هاووڵاتیدا نییە، کێشەکە لە دەسەڵاتی کوردیدایە، تا ئێستا وەک کورد خاوەندارێتی لەو هەموو تاراوگەنشینە ناکات، وەک کورد، نەک وەک حزب، لەم یەک دوو رۆژە چوومە ماڵی خزمێک لە تاراوگە، دواتر سەردانی ماڵی کوڕەکەیمان کرد کە بیست ساڵی تێپەڕاندووە و لە شوێنێکی دیکە دەژێ، ئەو لە پشتی سەری شوێنی نوستنەکەیەوە ئاڵایەکی گەورەی کوردستانی هەڵواسیبوو، ئەو لە ئەوروپا لە دایک بووە، لێ خەمی شوناسێتی کە قسەم لە تەکیا کرد، بە کوردییەکی رەوان باسی کوردبوون و کەڵچەری کورد و نەورۆز و رۆژی جلی کوردی بۆ کردم، لە دڵەوە دڵخۆش و نیگەران بووم، دڵخۆش بەوەی کە گەنجێک لە ژیانیدا یەک جار و بە مناڵیی کەرکوکی بینیوە و ئێستاش خاوەنی ئەو هەستەیە، نیگەران لەوەی کەس نییە داکۆکی لە دیاکۆ و هاوڕێکانی بکات، کەس وەک دەسەڵاتی کوردی و وەک بەرپرسانی کوردی قودس و دڵەکەش.
هیوادارم پارێزگار و بەرپرسانی شارەکە و ئەو ناوەندەی بەرپرسیارێتیی پرسی کەرکوکی لە ئەستۆیە لەهەرێمی کوردستان، بیرێک لەم بابەتە بکاتەوە و بە دوای چارەسەرێکدا بگەڕێت، بۆ بەشداری ئەو هەموو تاراوگەنشینە، کە ئێستا ئەوەندەی حزب بۆ تێکدانی پەیوەندی کاریان لەسەر دەکات، ئەوەندە بیر لەوە ناکرێتەوە، لە چوارچێوەی کۆڕبەندی کوردی دوور لە ناسنامەی حزبی کاریان لەسەر بکرێت، چەند شورەییە بڵێی دەسەڵاتم هەیە و نەتوانی خاوەندارێتی لە هەزاران کەس بکەیت، کە ئەگەر ئاوەزی خاوەندارێتی هەبێت، دەتوانی سوودی گەورەیان لێ ببینی.
کەرکوک پێویستی بەوەیە بە هەموو جۆرێک لە خەمی کێشەکەیدا بین، لە خەمی ئەوەدا بین، ناسنامە کوردیەکەی بپارێزین، بۆ ئەوە دەکرێ لە دەرەوە و ناوەوەش بەردەوام بیر لەوە بکەینەوە، کام رێگەیە رێگە راستەکەی دەربازبوونە لەو هەموو ناجۆریە و گەیشتنە بە کەناری ئارام، ئەم نووسین و هاوارە هەر بۆ ئەوە نییە، بڵێین قسەی خۆمان کرد، بۆ ئەوەشە، چۆن بیر لە چارەسەر بکرێتەوە، ئەرێ هەر بەڕاست دەسەڵاتە کوردیەکە بیر دەکاتەوە، ئەمە ئەگەر هەر دەسەڵاتمان هەبێت، چجای بیرکردنەوە.