یەکێتییە نوێیەکە لە دۆخێکی نوێدا

10:41 - 2024-10-01
هیوا محەمەد
1042 خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ ساڵە نوێبوونەوە و نوێخوازی کەوتۆتە سەرزاری یەکێتییەکان، هەر لە سەرۆکەکەیەوە تا دۆستەکانی، ئەمە کرایە پرۆسەیەک و دەستیپێکرد و بەردەوامە، لەدوای ئەو نوێبوونەوەیەی لەدوا کۆنگرەدا کرا لە داڕشتنەوەی هەیکەلی حزبەکە، ئیتر سیاسەتی نوێ و هەڵوێستی نوێ گیرایە بەر بەرامبەر رووداو و دۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. 

ئەوە یەکێتییە خاوەنی هێزی پێشمەرگە و هەڵۆکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکەیە و دەتوانێت پاڵپشت بە دەنگەکانی ئێوەوە بەڕووی گەندەڵکاراندا، بوەستێتەوە، نەک کەسانی تازە هەڵتۆقیوی ناسیاسی

ی.ن.ک بەخۆیدا هاتەوە و بیری لەوە کردەوە بۆچی کێشە سەرەکییەکان لەگەڵ پارتی چارەسەر نابن؟ یان بۆچی یەکێتی بێدەنگە لە هەنگاوە تاکڕەوییەکانی پارتی؟ 
هەرزوو سەرۆک و سەرکردایەتییە نوێیەکە تێگەیشتن کە هۆکار نەبوونی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی خۆی بووە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ڤێستیڤاڵی هەڵبژاردن لە سلێمانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وتی کە منتان 16 جار نارد بۆ لای مەسعود بارزانی، بەڵام بێسوود بوو. زەمانێک میدیاکان تەشەری ئەوەیان دەدا، ئایا ئەم کۆبوونەوە بێئەنجامانە دوایی نەهات؟ 
پارتی درێژەی بەو جۆرە کۆبوونەوانە دەدا بۆ کوشتنی کات، لەژێریشەوە خۆی بەهێز دەکرد و خەریکی پیلانگێریی بوو لەسەر یەکێتی و سلێمانی.
ئێستا یەکێتی گەڕاوەتەوە بۆ سەنگەرە سەرەکییەکەی گەل کە هەر لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە هەیبوو. ئێستا چیدی ی.ن.ک نابێتە شەریکی حزبێکی تاکڕەو لە حکومڕانی و چەقیو لەگەندەڵیدا، چیدی نابێتە هاوپەیمانی حزبێک کە بە چاوساغیی ئەو هەزاران سەرباز و میت لە هەرێمدان. 
ئیتر دەبێت یەکێتی ببێتە دەنگی هەموو ئەوانەی بە هەر هۆکارێک بێت ناتوانن بڵێن نا بۆ ئەم گەندەڵی و قۆرخکاری و هەڵوێستە دژە کورد و نیشتمانییە، ئەمە غیرەتێکی دەوێت کە تەنها لای یەکێتی و سەرۆکەکەیەتی.
ئێستا یەکێتی قسەی پەندخواردووی ناو سینەی هەموانی کرد، بەردەوامیش دەبێت و هەنگاو دەنێت بۆ گۆڕینی ئەو حکومڕانییە، ئەمەش بە پشت و پەنا و دەنگی هەموو یەکێتییەکان و دڵسۆزانی یەکێتی و ئەو خەڵکەیە کە ناڕازین و ناوێرن یان ناتوانن بڵێن نامانەوێت.
ئێستا یەکێتی دەیەوێت بە خەڵك بڵێت، ئێوە دەنگمان بدەنێ و ئێمەش راستی دەکەینەوە، هەروەک ئەوەی سەرۆک بافڵ لە ڤێستیڤاڵەکەدا وتی: تەنها نیو سەعات لەکاتی خۆتانمان بدەنێ و بڕۆن بۆ دەنگدان بەرامبەر راستکردنەوەی حکومڕانی بۆ چوار ساڵ.
لە هەموو کۆمەڵگەیەک خەڵکی هەر ئەوەی دەوێت کە حزبی براوە خزمەتی بکات، وڵات گەشە پێبدات، دادپەروەریی لە جێبەجێکردن و مافپێداندا هەبێت، یاسا سەروەر بێت، خەڵک لە سەقامگیریدا بژی، ئەمەش بە حزبێک دەکرێت کە یان زۆرینە بێنێت یان بتوانێت پارسەنگی هێز راستبکاتەوە، ئەوە یەکێتییە خاوەنی هێزی پێشمەرگە و هەڵۆکانی ئاساییش و هێزە ئەمنییەکانی دیکەیە و دەتوانێت پاڵپشت بە دەنگەکانی ئێوەوە بەڕووی گەندەڵکاراندا، بوەستێتەوە، نەک کەسانی تازە هەڵتۆقیوی ناسیاسی.

وتارەکانی نوسەر