کەرنەڤاڵێک، ئاهەنگەکەی سورداش و 11/9 ی سلێمانیی زیندووکردەوە

12:16 - 2024-10-01
جەمال ئارێز
155 خوێندراوەتەوە

کەرنەڤاڵەکەی رۆژی یەکشەممە 29/9 لە یاریگای سلێمانی بە ئامادەبوونی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەشێک لە سەرکردە دێرین و نوێیەکانی یەکێتی و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی ی.ن.ک و جەماوەرێکی زۆر، دیمەنێک بوو مەگەر هەر ئەو یەکێتییانە لە مەزنییەکەی تێبگەن کە لە ئاهەنگی نەورۆزی سورداشی 1984 و ئاهەنگەکەی یاریگای سلێمانی 11/9/1991 دا بەشدار بوون.
با جارێ شیکردنەوە و وردکردنەوەی وتارەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لێگەڕێین، چونکە هێندە شەفاف و بێ گرێ و گۆڵ بوو، لە گەنجێکەوە بۆ پیرێک لە کاسبکارێکەوە بۆ خاوەنی باڵاترین بڕوانامە وەک یەک لێی حاڵی دەبوون.
ئەوەی زۆر گرنگە خوێندنەوەی  و دیدگا و تێڕوانینەکانێتی بۆ ئەم قۆناغە و شکاندنی ئەو تەلیسمەیە کە چەندین ساڵە لەژێر دروشمی (یەکڕیزیی نیشتمانی و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم) ەوە بە رستەی مەتاتی و باق و بریق بەرچاوی خەڵکی ئاسایی و لایەنگران و دۆستانی یەکێتیی پێ لێڵ دەکرێت، ئەوەبوو سەرۆک ئەو تەلیسمە و ئەو سیحرەی بەتاڵکردەوە و هەر لە زمانی جەستە و شێوازی پێشکەشکردنی پەیامەکەیەوە دەستی خستە سەر ئەو برینانەی چەند ساڵێکە بەبێ چارەسەر و تەداوی جەستەی ئەم یەکێتییەی پێ بەنج دەکرێت و بە ئازار شکێنی کاتی، هەر رۆژە و بەشێکی سست و لاواز دەکرا.
هەر لە زمانی جەستەوە سەرۆک بافڵ چەند پەیامێکی نوێی پێ راگەیاندین کە بەشێکیان بۆ نەوەی پێشو و ئێستای یەکێتی و  بەشێکیشی بۆ دەرەوەی یەکێتی و دەنگدەرانێک کە هێشتا خۆیان ساغ نەکردووەتەوە، زۆر جێگای سەرنج بوو.
سەرۆک بافڵ هەر لە شێوازی پۆشینی جلوبەرگ و پێشکەشکردنی پەیامەکەیدا بە شێوازێکی جووڵاو هەمووانی تێگەیاند چیتر باوی ئەو نەریتە تەقلیدییە نەماوە کە دەبێت خەتیب بە قات و بۆینباخەوە لەپشت مێز و مایکێکەوە پەیامێکی چاپکراو بخوێنێتەوە کە خەڵکانی تر بۆیان نووسیبێتەوە، نەخێر ئەم بەشێوەی ئیرتیجالی و سەرپێی ئەو پەیامەی پێشکەش کرد کە خۆی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی کاری لێبڕاوانەی بۆ دەکەن.
تەوازوع و خاکەڕایی یەکێکی دیکە بوو لەو خەسڵەتانەی کە بەو هۆیەوە سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشاوە، لەکاتێکدا لە رووی تەوازوعەوە بە خەڵک دەڵێت هوتافی (بافڵ.. بافڵ) مەڵێن، هەر بڵێن (مامە)، ئەمەش بۆخۆی جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە لەسەر هەمان رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە و ئەوە رێبازە راستەقینەکەی یەکێتییەکانە.
سەرەڕای ئەوەی لەڕووی خاکەڕاییەوە داوای دەکرد کە قسەکانی پێ نەبڕن تا قسەکانی لەبیر نەچێتەوە، بەڵام وێڕای سەرقاڵی بە پێشکەشکردنی پەیامەکەیەوە، مشوری ماندوێتی خانمێک و تینوێتی خاوەن پێداویستییەکی تایبەتیشی دەخوات، ئەوەش پەیامێکە کە کەس لەبیرناکات و خۆی بە سەرۆکی هەمووان دەزانێت بەبێ جیاوازی.

وتارەکانی نوسەر