یەكەم هەڵبژاردنە دۆڕاو دیارە!

12:19 - 2024-10-01
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
91 خوێندراوەتەوە

لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كە لە هەرێم دەكران، تاكە شتێك پێش هەڵبژاردن و دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ هەمووان روون بوو، ئەوەبوو كە براوەی هەڵبژاردن دیاربوو، لەو هەڵبژاردنانەدا هیچ شتێك زەمان نەبووایە یەكەمبوونی حزبێک مسۆگەر بوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە یەكەم هەڵبژاردنە كە دۆڕاو دیارە. دۆڕاویش بەو مانایە نا كە پێمانوابێت هیچ وجودێكی لە گۆڕەپانەکەدا نامێنێت و هیچ كەسێكیش وای نەوتووە.

ئیدی هاوكێشەكە گۆڕدرا، براوەكەی جاران! بە هەمان وێنەی جاران و هەمان دەستبادانی پێشوو ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت و لەژێر گومەزی پەرلەماندا هەموو کارێکی نایاسایی بكات

ئەم هەڵبژاردنە یەكەم هەڵبژاردنە دۆڕاو و براوەش دیارە!، ئەو هێزەی بەویستی خۆی نەهاتە ناو هەڵبژاردن و 450 هەزار دەنگدەری مردوو زیادەی لێوەرگیرایەوە، لیستی ناوی دەنگدەرانی بەدڵ نییە، كۆتاییهێنان بە یانزە كورسی كۆتاكان بە كارەسات دەزانێت، ئەوە حزبی دۆڕاوی ناو هەڵبژاردنەكەیە، ئەو حزبەشی كە كوردستانی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشكرد و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراقی ناچاركرد هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات و لیستی ناوی دەنگدەری لە زۆر جۆری دەنگدەری وەك سوری و توركی و مردوو وەهمی و دووبارە پاككردەوە و كۆتاكانی بەسەر هەر چوار بازنەكەدا دابەشكرد، ئەو هێزەش براوەیە کە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
كەواتە ئیدی هاوكێشەكە گۆڕدرا، براوەكەی جاران! بە هەمان وێنەی جاران و هەمان دەستبادانی پێشوو ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت و لەژێر گومەزی پەرلەماندا هەموو کارێکی نایاسایی بكات، پاشان ئیدی كەسیش لە بری یەكێتی قسەناكات و دەنگ نادات و پۆست بۆ یەكێتی دیاری ناكات، ئەمەش وایكردووە لە دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، هیچ كات یەكێتی و دەنگدەری ئەم حزبە، ئەوەندە تاسوق و ئارەزوویان بۆ هەڵبژاردن پیشان نەداوە، ئەم هەڵبژاردنە یەكەم هەڵبژاردنە، لەوە دڵنیام یەكێتی لەگەڵ دەنگدەرەكانی دیماگۆگ نییە و هەر بەڕاستی بەهێزە و بەڕاستیش كاردەكات بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و دەیەوێت ببێتە هێزی كاریگەر و پێكهێنەر و بڕیاردەر.
ئەم هەڵبژاردنە، یەكەم هەڵبژاردنە كە دەبینم یەكێتی لە هەندێك خڵتە و سێبەری نایەكێتی پاكبۆتەوە، بەهیچ كلۆجێك ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ناچێت، نمونەیەك دەگێڕمەوە: لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، لە یەكێك لە ناوچەكانی سنووری سلێمانی، یەكێتی لەسەر تێچووی مەكتەبی دارایی ئەو كات، 72 ئۆتۆمبێلی بۆ كادر و دەنگدەرەكانی خۆی ئامادەكردبوو رۆژی دەنگدان بیانباتەسەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگبدەن بە یەكێتی، كەچی لەو هەموو دەنگدەرەی بەو 72 ئۆتۆمبێلە برابوون بۆ دەنگدان، تەنها 71 كەس دەنگیاندابوو بە یەكێتی، واتە بە رێژەی هەر یەك دەنگدەر بۆ یەك ئۆتۆمبێل و ئۆتۆمبێلێکیش زیادە مایەوە، ئەوەش نیشانەی ناڕێكخراوەیی و نادڵنیایی بووە لەو كاركردنەی بۆ هەڵبژاردن كرابوو لەو ناوچەیەدا، بۆیە هەڵبژاردنی خولی شەشەم جیاواز دەبێت و لەم جۆرە چیرۆكانە ئیتر دووبارە نابێتەوە و كۆتایی هات.

وتارەکانی نوسەر