ستونی کراوە

بەوە دەڵێن ئارامی؟

10:07 - 2024-10-02
جەمال ئارێز
138 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

 

فلێکسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەندێک دروشم و بەڵێنی سەیر و سەرسوڕهێنەرمان پیشان دەدەن، چونکە هەندێکیان بە جۆرێکە کورد وتەنی سەرت سپی دەکەن!، بەتایبەتی بۆ هێزێکی سیاسی کە زیاتر لە 32 ساڵە حوکمڕانی دەکات و 28 ساڵی رەبەقیشە حوکمڕانی رەهای دهۆک و هەولێرە!.
یەکێک لە دروشمەکانی پارتی (ئارامی)یە، بەڵام پێمان ناڵێن چۆن ئارامی دەستەبەر دەکەن؟
ئەو حزبە لە گوتاری سیاسی و پەیامەکانیدا بەجۆرێک تووشی تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و سایکۆلۆژی بووە، وەک ئەوەی دڵیان خەبەری دابێت کە چیتر ئەو حاکمە موتڵەقە نابن و تاسەر ئەو دەسەڵاتە تۆقێنەر و سەرکوتگەرەیان نابێت تا بتوانن هەموو دەنگێکی ئازاد و ئازا کپ بکەن و ئەوەی بڵێت (بەری چاوتان برۆیە) لە زیندانەکانی پاراستنی قایم بکەن و دواتریش سیناریۆی دانپێدانانی بۆلیودیی بۆ سازبکەن.
ئەگەرنا با لە خۆیان بپرسین مەبەستتان لە چ ئارامییەکە؟ ئارامییەک کە نیوەی بادینان لەژێر بۆمبارانی وڵاتێکی ئیقلیمیدا دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە و خەڵکە مەدەنییەکەی رۆژانە شەهید و بریندار و ئاوارە دەکرێن و لەسەر زەمینیش بە قووڵایی چەندین کیلۆمەتر هێزی پیادە و زرێی ئەو وڵاتە بازگە و بنکە و یەکەی سەربازیی لە گوند و چیاکانی جێگیر دەکات؟ 
یان مەبەستیان لەو ئارامییەیە کە هەر چەند رۆژ جارێک لە قەزای خەبات بە چەکی قورس و ناوەنجی رەسمیی حکومەت و بە سەرپەرشتیی دوو فەرماندەی سەربە دوو باڵە جیاوازەکەی پارتی بەناوی ناکۆکیی عەشایەرییەوە لە شەوەوە تا بەیانی ئاگربارانی یەکتر دەکەن و هەرجارەی چەند کەسێک دەبنە قوربانی و هێزە ئەمنییەکانیش دوای خامۆش بوونەوە لە میدیاکانەوە کۆتاییهاتنی ئەو خولەی شەڕەکەمان پێ رادەگەیەنن بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بکەن بۆ جارێکیش تۆمەتبارەکان بدەنە دادگایەکی ئاشکرا.
ئاخر کام ئارامی؟ ئەگەر ئارامی ئەوەبێت لەماوەی 10 ساڵی دوای سیاسەتی برسیکردنی خەڵکەوە بە گرتنەبەری سیاسەتی سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی رێگە لە هەموو ناڕەزایی، خۆپیشاندان، مانگرتن، بایکۆت و تەنانەت نووسینی کۆمێنتێکیش لە سۆشیال میدیا گیرابێت و بە تاوان هەژمار کرابێت، ئەوا بەرلە خەڵکە یەکێتییەکە، خەڵکی هەولێری دێرین و دهۆکی دەلال پێتان دەڵێن هەزارجار سندان لەو ئارامییە، ئەو ئارامییەی ئێوە باسی دەکەن و فرمێسکی بۆ دەڕێژن، لە قسە و لێدوانی ئەو بەعسییانە دەچێت کە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە فرمێسک بۆ ئارامییەکەی سەردەمی رژێم دەڕێژن، دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتن و کوشتن و داپڵۆسینیان لێ سەندرایەوە. 

وتارەکانی نوسەر