مام جەلال، كوردستانی نوێ‌-ی چۆن دەویست؟!

11:25 - 2024-10-03
مەریوان مەسعود
280 خوێندراوەتەوە

مام جەلال، خاوەنی بیرۆكەی دەركردنی رۆژنامەیەكی سیاسیی گشتیی وەكو ‌کوردستانی نوێ  بووە
مام جەلال بۆ كوردستانی نوێ‌:
هەقە هەمیشە مانشێت‌ و سەروتارتان هەبێت ئەگینا رۆژنامەكەتان كەچەڵ دەبێت! 

بەوپێیەی مام جەلال، جگە لەوەی سەركردە و سەرۆك و سیاسەتمەدارێكی گەورە بوو، لە هەمووشیان زیاتر نووسەر و رۆژنامەنووسێكی بە سەلیقە و ورد بووە، بۆیە هەمیشە رۆژنامەیەكی بە پێزی وەكو كوردستانی نوێ‌، جێگای سەرنج و تێبینی و رەخنەكانی مام جەلال بووە و بەردەوام بە پێشنیاز و رەخنەكانی دەوڵەمەندی كردووە، چونكە ئەو هەمیشە پێی وابوو كە (كوردستانی نوێ‌) ئەو چاو-ەیە كە یەكێتییەكان، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی پێدەبینن، دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك بێت.
مام جەلال، خاوەن دەیان وتاری تایبەتییە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، بۆیە هەمیشە پێی وابووە پێویستە ئەم رۆژنامەیە لە گەشەكردن و پێشكەوتن دابێت، ئەوەتا لە یەكەم ساڵیادی رۆژنامەكەدا، لە 12/1/1993، وتارێكی بە ناونیشانی (كوردستانی نوێ‌-م چۆن دەوێ‌؟) بڵاوكردۆتەوە و چەندین سەرنجی خۆی لەبارەی رۆژنامەكەوە نووسیوە، سەرەتا دەڵێت:
«دەرچواندنی كورستانی نوێ‌ ئەوەش بۆماوەی ساڵێك بێپسانەوەو وەستاندن خۆی لە خۆیدا شاکارێكی رۆژنامەگەری نوێی كوردەواری‌و كوردایەتییە، بەڵام درێژەپێدان ئەویش بەگەشەپێدانەوە كارێكی گرنگتر و بەكەڵكترە.

مام جەلال بیرۆكەی دەركردنی كوردستانی نوێ‌
مام جەلال، كە خۆی خاوەنی بیرۆكەی دەركردنی رۆژنامەیەكی سیاسیی گشتیی وەكو كوردستانی نوێ‌ بووە، دیارە بە درێژایی ئەو ساڵەی كە رۆژنامەكەی بە شێوەی رۆژانە تێیدا دەرچووە، هەموو ژمارەیەكی بەوردی خوێندۆتەوە، بەڵام پێش ئەوەی سەرنجە راشكاوانەكانی خۆی بنووسێت، دەڵێت:
« دیارە بۆتان هەیە شانازی بەوەوە بكەن كە دەسپێشكەربوونە لە دەرچواندنی یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی كوردی ئەویش بۆ ماوەی ساڵێك كە ئەمە بۆ یەكەمجارە لە مێژوی كوردستانی عیراقدا... بگرە لە مێژووی هەموو كوردستاندا.. بەڵام هەقی شانازی شۆڕشگێڕانەتان هەیە، نەك هەقی لەخۆبایی بوون‌ و خۆلێگۆڕان‌ و... زلی (دەردی سۆرانی دەڵێن) سوپاستان دەكەین لەسەر ئەرك‌ و هەوڵ و كۆشش ‌و رەنج‌ و ماندووبوونتان، بەڵام داوامان پەرەپێدان‌ و باشتربوونە».
لەوانەیە ئەو سەرنج و رەخنە و پێشنیازانەی سەرۆك مام جەلال بەر لە 31 ساڵ بۆ رۆژنامەیەكی كوردی دوای راپەڕین هەیبووە، بۆ رۆژنامە و بڵاوكراوەیەك كە ئێستاش دەربچێت هەر راستە، چونكە مام جەلال بە سەلیقە و ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی رەخنە و پێشنیازەكان دەگرێت و بەر لە پۆلێنكردنی پێشنیازەكانی، راشكاوانە دەڵێت: «من پێم باشە رەئی خۆمتان پێڕاگەیێنم... با ئەمایان رەئی تایبەتی خۆم بێ‌!».
دواتر بە وردیی دەنووسێت: «هەقە كوردستانی نوێ‌ زیاتر بایەخ بە دەنگوباسی دەرەوە بدات خەڵك دەنگوباسی تەڕوتازەی لێتان گەرەكە دوا دەنگوباس دیارە گرنگ‌ و بایەخدارەكانیش.  هەقە زۆرتر باشتر دەنگوباسەكانی ناوخۆ كۆكەنەوە بڕازێننەوە فرە بابەت‌ و جۆراوجۆرتریان بكەن: ژیانی كوردەواری (المجتمع الكردي)‌ و كوردایەتی (خەباتی رزگاری‌ و دیموكراتی خەڵكی كوردستان) چاكترو زۆرتر لەلاپەڕەكانتاندا رەنگ‌ و دەنگ بدەنەوە.  هەقە هەمیشە مانشێت ‌و سەروتارتان هەبێت ئەگینا رۆژنامەكەتان كەچەڵ  دەبێت!».
پێشنیازی ورد و دەقیق !
مام جەلال، هەر ئەوە نەبوو، كە خوێنەرێكی ئاسایی بێت بۆ رۆژنامەی حزبەكەی خۆی، بەڵكو هەمیشە سەرنجەكانی بە چاوێكی رۆژنامەنووسیانە بۆ كوردستانی نوێ‌ بووە، بۆ نموونە ئەگەر دیقەت لەو وردەكارییە بدەن كە بۆ رۆژنامەكە هەیبووە، تێدەگەن، كە ئەو چ رۆژنامەنووسێكی بە توانا و ئاگادار بووە، ئەوەتا دەنووسێت:
« لاپەڕە دوو باشە، بەڵام هەقە باشتری بكەن بەباسی تێروتەسەل لەسەر رووداوە گرنگەكانی جیهان بەگشتی‌ و رۆژهەڵات بەتایبەتی. با لاپەڕە سێ‌ بیروباوەڕی ئازاد، رەخنەگرانە لێكدانەوەی جۆراوجۆری وەزعی عیراق‌ و كوردستان بگرێتەوە. با دەرگای رەخنە‌ و بیروبۆچونی رەنگاورەنگ‌ و جۆراوجۆر لەسەر پشت بكەینەوەو ئۆباڵیش بەئەستۆی نووسەر!. هەقە پتر لە دەنگ‌وباسی بەرەی كوردستانی ‌و لایەنەكانی بڵاوبكەنەوە هەقە لاپەڕە شەشدا تەرجومەی وتار و باسە گرنگەكانی دونیا، یان پوختەیەكیان بڵاوبكەنەوە!
پێشنیاز دەكەم بیكەنە لاپەڕەیەك بۆ گوتەی رۆژنامەكانی جیهان لەسەر مەسەلەكانی رۆژهەڵات‌ و عیراق‌ و كوردستان لە ناوەڕۆكی وتارەكانیشدا هەقە زۆرتر، پتر درێژدادڕانە سووربن لەسەر داواكردن‌و پاراستنی مافەكانی برا توركمان، برا ئاسوری، برا مەسیحیەكان. هەقە زۆرتر باسی برا ئێزیدییە خۆشەویستەكانمان بكەن واباشە لاپەڕەی هەفتانەی ژنان‌ و گیروگرفت‌ و خەباتیان بكەنەوە. پێم باشە لاپەڕەی هەفتانەی كرێكاران، جوتیاران، خوێندكاران، مامۆستایان... هتد بكەنەوە»

مام جەلال، خاوەنی بیرۆكەی دەركردنی رۆژنامەیەكی سیاسیی گشتیی وەكو ‌  کوردستانی نوێ  بووە

سەرۆک مام جەلال

وتارەکانی نوسەر