هەڵەبجەی پێش و پاش دەورانی حوکمڕانیی یەکێتی

01:42 - 2024-10-03
جەمال ئارێز
287 خوێندراوەتەوە


هەرچی بۆ هەڵەبجە بکرێت لە ئاوەدانکردنەوە و  خزمەت بەرتەقای خوێنی بەناحەق رژاوی منداڵێکی هەڵەبجەی خنکێنراو بە کیمیایی بەعسییەکان نییە، کە لەو قۆناغی مەرگەساتەدا بووە ناسنامەی مەزڵومییەتی خەڵکی کوردستان و راچڵەکاندنی ویژدانی مردووی بەرژەوەندخوازانی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان.
با کەسیش موزایەدەی بەسەر یەکێتیدا نەکات، بەڵام ناشکرێت یەکێتی و ئەوانەی ویژدانیان زیندووە، ئەو راستییە نادیدە بگرن و بەراوردێک نەکەن لەنێوان هەڵەبجەکەی ئێستا و ئەوەی دوای راپەڕین کە هەر تەنها شوێنەوارێکی وێرانەی مابووەوە.
هەڵەبجە و هەورامان هەر لە هەڵگیرسانی یەکەم پڕیشکی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1993 لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتی و ئیدارەی حکومەتی هەرێمدا نەما و لەو ماوە کەمەشدا هەم حکومەتی هەرێم داهاتی وای نەبوو کە دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە گوند و شار و شارۆچکە وێرانەکان و هەم ئەو داهاتەش کە هەبوو تەنها بە کوێرەوەری بەشی مووچەی دەکرد. 
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتیشدا ئیتر بەتەواوەتی ئیدارەی ئەو شارە لەدەست حکومەتدا نەما و لەلایەن پارتی و هەندێک لەو لایەنانەوە بەڕێوەدەبرا کە ئێستا فرمێسکی تیمساحیی بۆ دەڕێژن گوایە خزمەت نەکراوە و بەنیازی ئەوەن دەستەچەورەکەی خۆیان بەشانی یەکێتیدا بسوون، لەکاتێکدا هەموو خەڵکی شاری هەڵەبجە و هەورامانی سەربەرز و سیروان و زەمەقی و دەشتی شارەزوور شایەتی حوکمڕانیی (1993 - 2003)ی ئەو ناوچەیەن لەڕووی بێ خزمەتی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ئەو تیرۆر و تۆقاندنەی کە لەلایەن توندڕەوەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی و جوند و ئەنسارەوە دەرهەق بەو خەڵکە تێکۆشەرە پیادە دەکرا.
دەستی ئاوەدانیی یەکێتی لە ساڵی 2003 –وە تا ساڵی 2014 بەتەواوەتی واڵابووە لە خزمەتی شارەکە و خەڵکەکەی و ئەوەشی کە کراوە لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەمووی دەستکەوت و خزمەتگوزاریی ئەو دەورانەیە کە یەکێتی حوکمڕانیی ناوچەکەی دەکرد، چونکە لە 2014 -ەوە لە سایەی پیادەکردنی سیاسەتی بەناو ئابووریی سەربەخۆ و جەنگی دژبە تیرۆری داعش و دابەزینی نرخی نەوتەوە نەک هەر هەڵەبجە، بەڵکو پەککەوتنی پرۆسەی ئاوەدانیی هەموو کوردستانی تەنییەوە و تا رزگاربوون لەو قەیرانە یەکلەدوا یەکانە، ئەوانەش کە کرابوو، پێویستیان بە سیانە و چاککردنەوە بوو.
لووتکەی فەرامۆشکردن نەک هەڵەبجە، بەڵکو بۆ هەموو سنووری ئیدارەی سلێمانیی جارانەوە، لە کابینە پۆلیسییەکەی نۆیەمدا چڕکرایەوە کە دەستی دەزگا داراییەکان بۆ کارو پڕۆژەی کۆمپانیا حزبییەکانی پارتی واڵاکرا تا هەڵمەتێکی فراوانی داگیرکردنی زەویی نایاب دەستپێبکەن بەرامبەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی رووکەشی باق و بریق لە هەندێک ناوچە و فەرامۆشکردنی چەندین ناوچە لەڕووی خزمەتگوزاریی ئاوو ئاوەڕۆ و تەندروستی و پەروەردەوە، کە لافاوەکانی چەندبارەکانی زستانان و بێئاوییە کوشندەکانی هاوینان لە زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر شایەدی ئەو فەرامۆشکردنەن. بۆیە کێشەکانی هەڵەبجە و ناوچە فەرامۆشکراوەکانی دیکە بە دانانی بەردی بناغەی بەر کامێرا و بڕەپارەی سەرکاغەز و نەبوونی پارەی کاش چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنها چارەسەر راستکردنەوەی رێڕەوی ئەم حوکمڕانییە سەقەتەیە کە جیاکاریی لەنێوان شار و ناوچەکانی کوردستان و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانیشیدا دەکات.

وتارەکانی نوسەر