نەوزاد ساڵح
- 7 -
لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا جگە لە دەنگە دروستەکان بەشێکی تر لە دەنگە ئەگەرییەکان لە نێوان سپی و رەشدا بوونیان هەیە، بەڵام دۆزینەوەیان ئاسان نییە و بڕێک پەنهان و شاراوەن، کە هەمیشە وەک هێزێک وان کە هێشتا نمایشی خۆیان نەکردبێت کە لە زانستی هەڵبژاردندا پێیان دەوترێت (دەنگە خۆڵەمێشییەکان)، کە ئەوەش بەو دەنگانە دەوترێت کە بە ئاسانی خۆیان یەکلایی ناکەنەوە و درەنگ بڕیار دەدەن و کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دروست دەکەن، یەکلایی کەرەوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا .
لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر راکێشانی هەست و سۆزی دەنگدەری خۆڵەمێشی پرۆژەیەکی گرنگە بۆ مسۆگەرکردن و بەدەستهێنانی ئەو دەنگانە، چ بۆ پارت و قەوارەی سیاسی بێت یان بۆ کاندید
کاریگەریی لەسەر دەرئەنجامەکان دروست دەکات
شارەزایان و پسپۆرانی بواری هەڵبژاردن دەنگی هەڵبژاردنەکان پۆلێن دەکەن بۆ چەند جۆرێک، لەوانە (دەنگە دروستەکان، دەنگە پوچەڵەکان، دەنگە خۆڵەمێشییەکان)، دەنگی خۆڵەمێشی کاریگەریی لەسەر دەرئەنجامەکان دروست دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی بوونی رێژەی ئەم جۆرە دەنگدەرە (خۆڵەمێشی)ە کە تا ماوەیەک خۆیان دەهێڵنەوە، یان بەشدار نابن، یان درەنگ بڕیار دەدەن، دواجار لە کۆتایی گەمەکەدا، دەردەکەون و کاریگەریی دروست دەکەن.
ئەم جۆرە لە دەنگدەر ئەگەر بایکۆتی پرۆسەکە بکەن، یان دەنگ نەدەن یان دەنگ بدەن بەو هێزانەی کە گوزارشت لە ئۆپۆزسیۆن یان لیستە نوێیەکان دەکەن، ئەوا دەبنە بنەمای گۆڕانکاریی لە پرۆسەکەدا و هەندێکجار دەنگی خۆڵەمێشی لە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکان نابێت، دوو دڵی و بێ متمانەییان بە پرۆسەکە یان مانەوەیان لە دڵەڕاوکێدا تا رۆژی هەڵبژاردنە، جاری وا هەیە ئەم جۆرە دەنگدەرە واتە دەنگدەری خۆڵەمێشی ژاوەژاو و بانگەشەی نا تەندروست و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناشارستانی زیاتر توڕەییان دەکات، کارلێکێکی فیزیکی دروست دەکات، کاتێک وتارێکی پۆپۆلیستی بەربژێرێک یان پارتێکی سیاسییان بەرچاو دەکەوێت و بانگەشەکە پرەنسیپی ئەخلاقی سیاسی تێدەپەڕێنێت، ژینگەی سیاسی دەشێوێنێت.
کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر دەنگدەران
هەمان کات جگە لەوەی کە کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر دەنگدەران بە گشتی و دەنگدەری خۆڵەمێشی بە تایبەتتر دروست دەکات، کە خۆی بەردەوام لە بۆڵەبۆڵدایە ژینگەی کۆمەڵایەتیش دەشێوێنێت، جێی بایەخە هەمیشە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەک بێت لە کەرنەڤاڵێکی کلتووری بچێت نەک توندوتیژی زارەکی بانگەشە و رێگاگرتن و دەنگ بەرزکردنەوەی بێ بنەما، هەمیشە بانگەشەی هێمن و گوتاری رەوان و خزمەتگوزاری زیاتر دەنگدەر رادەکێشێت و دیدگایەکی هاوبەش دروست دەکات، ئەم جۆرە وتارانە کاریگەریی لەسەر دەنگدەری خۆڵەمێشیش دروست دەکات، دابەشبوونی ناکۆکی ناوخۆیی پارتەکان و نەبوونی یەکگوتاری سیاسیی هاوبەش و بەرنامەیەکی کارپێکراوی دروست لە ئاستی پرسە نەتەوەییەکاندا، هاندەرێکی ترە کە دەنگدەری خۆڵەمێشییە دەنگ نەدات و ئاستی ململانێکانی ئەم پەرتەوازەییە دەباتە ئاستی قۆناغی بێ متمانەیی بە پرۆسەکە و ساردتری دەکاتەوە، لە بەشداریکردن لە پرۆسەکە دووردەکەوێتەوە، هەربۆیە لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر راکێشانی هەست و سۆزی دەنگدەری خۆڵەمێشی پرۆژەیەکی گرنگە بۆ مسۆگەرکردن و بەدەستهێنانی ئەو دەنگانە، چ بۆ پارت و قەوارەی سیاسی بێت یان بۆ کاندید، پلان و میکانیزمی گونجاوی دەوێت و نابێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەنگدەری خۆڵەمێشی یان دەنگە خۆڵەمێشییەکان بەکەم سەیربکرێن.
بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو...
*راوێژکاری هەڵبژاردن
هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکم لەهەرێم