نەوزاد ساڵح
دوای ساڵێک لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، کە لە 2023/10/7 و دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆسەر کەمپی دانیشتوانی ئیسرائیل بەرپا بوو، بووە هۆی نانەوەی شەڕێکی گەورەو کوشتارێکی زۆر و وێرانبوونی زۆربەی غەززە، چ جای رژانی خوێنێکی زۆر لە هەردوولا و گواستنەوەی شەڕەکەش بۆ باشووری لوبنان، دوای تێوەگلانی حزبوڵڵاش لە شەڕەکە، دواجار هەنگاوی ئاگربەست و رێکەوتن بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا دەستیپێکرد، سەرچاوەی رێکەوتنکەش دەگەڕێتەوە بۆ 11/ئابی/ 2006 کە بڕیاری لەسەر دراوە بە گوێرەی بڕیاری (1701)ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئامانج لە بڕیارەکەش چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و باشووری لوبنانە.
بە پێی رێکەوتنەکە، دەبێت هێزەکانی حزبوڵڵا چەک بکرێن و لە سنووری باکووری ئیسرائیل بکشێنەوە، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بێنە ئەو سنورانەو سوپای ئیسرائیل لە ماوەی دوو مانگدا سنوورەکانی لوبنان جێبهێڵێت.
دەبێت چەک بکرێن
بە پێی رێکەوتنەکە، دەبێت هێزەکانی حزبوڵڵا چەک بکرێن و لە سنووری باکووری ئیسرائیل بکشێنەوە، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بێنە ئەو سنورانەو سوپای ئیسرائیل لە ماوەی دوو مانگدا سنوورەکانی لوبنان جێبهێڵێت.
هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە، زیاتر ئاسایشی ناوچەکە مسۆگەر بکات، قەبارەی زیانەکانیش لەسەرخۆی کەمتر بکاتەوە، سیاسەتی نوێی تەل ئەبیب بە پشتیوانی ئەمریکا ئەوەیە، کە هەنگاو بە هەنگاو ئەو سنوورانە پاک بکاتەوە لە میلیشیاکان، کە مەترسین بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی، دوای ئەم هەنگاوانەش هاوکێشە سیاسییەکە دەگۆڕێت و داخوازی ئیسرائیلییەکان روو لە سوریا دەکات و ئامانجیانە لە سوریاش نەیارەکانیان تێکبشکێنن و هێزەکانی ئەسەد کە ئێستا لە هێڵی بەرگری لاوازدان، والێبکەن کە لە ئێرانیان دابڕن و ئەگەر بەشار نەیەتە سەرهێڵ و ئامادە نەبێت رێکەوتن لەگەل ئیسرائیل بکات، دوور نییە دیمەشق و لازقیە و تەواوی دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا نەکەونە بەر هێرشی سەربازیی ئیسرائیل، ئەمەش بە ئامانجی لاوازکردنی هێزەکانی ئەسەدە، کە بە بڕوای ئیسرائیلییەکان، ئێران هاوکاریان دەکات.
ئێستا بە سیناریۆ و هاندانی تورکیا، گروپە تیروریستییەکانی بە ناو ئۆپۆزسیونی سوریا، لە بەرەی نەسرەو تەحریری شام و...هتد، هێرشیان بۆسەر هێز و سەربازگەکانی حکومەتی دیمەشق دەستپێکردووە، دووریش نییە هەمان سیناریۆی 2014 دووبارەنەبێتەوە، کە داعش شاری موسڵی گرت .
داگیرکردنی حەلەب
ئەم گروپانە بەشێکی زۆری شاری حەلەبیان داگیرکردووە و بەردەوامن لە پێشڕەویی، تورکیاش کاری بەم سیناریویە هەیە و دەیەوێت بە هێرشی ئەم گروپانە رژێمی ئەسەد بهێنێتە سەرهێڵی دانوستان، هەروەها ئامانجیشی لێدانە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەد)، ئەنقەرەش لە 2006ەوە بە رەسمی پشتگیری بنکە و بارەگاکانی حەماس و بەرەی نەسرەو تەحریری شامی کردووە، کە لای ئەمریکاییەکان لە لیستی تیرۆردان.
لە ئەگەری هەوڵی خۆ رزگارنەکردنی ئەسەدیش لەم هاوکێشەیە و ئەگەر پشت نەکاتە میلیشیا شیعەکان، دوور نییە لەم کاتەدا ئیسرائیل و ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، دەست بۆ بژاردەی تر نەبەن، کە رەنگە رێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەد) بکەن، کە هێزی ئامادەکراو و مەشقپێکراون و نزیکترین هاوپەیمانی هێزەکانی ئەمریکایە.
سیاسەتی سەربازیی ئیسرائیل
بە هەموو پێوەرێک، ئاراستەی سیاسەتی سەربازیی ئیسرائیل، ئەوەیە سوریاش پاک بکاتەوە لەو میلیشیا و هێزانەی مەترسین بۆ ئاسایشەکەی، دوای ئەم قۆناغەش بە دڵنیاییەوە نۆرەی نینۆککردنی میلیشیا شیعەکان دەبێت لە عیراق و حزبوڵڵای عیراقی، کە مەترسین و بەردەوام لەخاکی عیراقەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل بە موشەک، هەرچەندە بۆ خۆلادان لەم شەڕە عیراق نامەی ئاراستەی کۆمکاری عەرەبی کردووە، بەڵام هەڕەشەکانی ئیسرائیل راستین و پریشکی شەڕی غەززە بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی مقاوەمەی عیراقیەوە بۆسەر خاکی ئیسرائیل ئەم وڵاتەش دەگرێتەوە.