- 8 -
بەو پێیەی کە گەلی کورد یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە 19/5/1992 ئەنجام داوە، تاقیکردنەوەی زیاتر لە پێنج خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند خولێکی پەرلەمانی عیراقیش کە دەبوو تێپەڕاندنی ئەم خولانە وەک ئەزموونێک سوودیان لێ ببینرایە و ئەو هەڵانەی کە روویان داوە، دووبارە نەبوونایەتەوە، تا پرۆسەی هەڵبژاردنەکان شێوازێکی هاوچەرخ و شارستانیانە بەخۆوە ببینێت و بۆ دنیای بسەلمێنین کە ئێمەش هاوشێوەی گەلانی جیهان، مەبەستمانە نوێنەرەکانمان لە رێگای هەڵبژاردنێکی ئازادەوە دەنگ بەدەست بهێنن و گۆڕانکاری لە دەسەڵات بکەین، بەڵام مەخابن هەمان ئەو هەڵانە چەندبارە بوونەوە و بەریەککەوتن و ناوزڕاندن و یەکتر تاوانبارکردن تا بەزاندنی هێڵی سوور نەوەستان.
لە کەشێکی ئارامتردا ببینرایە
چاوەڕوانمان دەکرد بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کەشێکی ئارامتردا ببینرایە، هەتا ببوایەتە هاندەرێک بۆ دەنگدەران و هۆکارێکیش بوایە بۆ بەپیرەوەچوونی خەڵک بۆ بەشداری زیاتر لە پرۆسەکەدا، بەڵام ئەمە نەهاتە دی و هۆکارگەلێکی زۆر لە پشتی ئەم بابەتانەوەش هەیە، بەدووریشی دەزانین بەدیهێنان و ئامانجی ئەو لایەن و قەوارانەی کە زمانێکی توند و خاوەن وتارێکی پۆپۆلیستی و بێ بنەمای دوور لە واقیعیان پیادەدەکرد، لە ماوەی ئەم سێ هەفتەیەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا بێتە دی.
زانستی هەڵبژاردن
زانستی هەڵبژاردن بێ بەرییە لەوجۆرە وتار و بانگەشەی ەکە دوکانی سیاسی و هەندێک لایەن و کاندید دوور لە ئەتەکێتی حزبی وسنووربەزاندن دەیانکرد، کە بەشێکیان بە کای کۆن بەباکردنەوە گرتبوویان و وەک فرسەت و هەلێک، هێنانی چوار تەنکەر ئاویان بە خەڵک دەفرۆشتەوە و بەڕوویاندا دەدانەوە، بەم جۆرە نموونانە دەیانویست، خۆڵ بکەنە چاوی دەنگدەرانەوە و مێژوو بۆ خۆیان دروست بکەن، چونکە هیچییان نییە و لەسەر ریکلام و ناوزڕاندنی لایەنەکانی تر، وەک مشەخۆر دەژین و کێچێک لە لایەنی خاوەن بیروباوەڕ دەکەنە گایەک.
هونەری کۆکردنەوەی دەنگ دوورە لە کردەی دەنگ بەرزکردنەوەی بێ بنەما و دوور لە شارستانیەت، بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێکی سەرەکی دانەبڕاوەی پرۆسەی هەڵبژاردنە، بەڵام بە میتۆد و خەسڵەتی خۆی، نەک بە دروشمی بێ بنەما و دوور لە واقع، پارتێکی سیاسی خاوەن پرنسیپ و مێژوو رەوشتی سیاسی بە هوتاف و دروشمی هەندێک دوکانی سیاسی بریندار ناکرێت و هەوڵێکی نەزۆک و بێ هودەیە، کە لە کردەی درووستکردنی ڤیدیۆی دروستکراو دەرهەقی بدرێت، یاخود لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی و زیرەکی دەستکردەوە، بە ناوی سەرکردەکانییەوە وتووێژ تۆمار بکرێت .
خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەریی
پارتێکی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەریی و دەریایەک لە خوێنی شەهیدان و پانتاییەکی بێ سنوور لە بەرخودانە، چۆن بە پڕوپاگەندەی درووستکراوی سۆشیاڵ میدیا کاریگەری لەسەر دادەنرێت!.
ریشە و قوڵایی ئەم پارتە، هاوشێوەی داربەڕوو رۆچووە بە ناخی توێژەکانی کۆمەڵگەدا و ئەوە قوتابخانەی مامی خوالێخۆش بووە و هەردەم بە ئاوەدانی دەمێنێتەوە، بەردەوامە لە گەشەکردن و پێشکەوتن، مەخابن ئەوەی لەم چەند هەفتەیەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا بینیمان، هەر دەستبردن نەبوو بۆ دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان و سنووربەزاندن و ناوزڕاندنی هەندێک کاسبکار، کە سۆزیان بۆ پارتێکی سیاسی دەربڕیبوو، بەڵکو هەوڵدان و دەست بردنیش بوو، بۆ تێکدانی کەلتوری کۆمەڵگە و هەڵخلیسکاندنی شیرازەی خێزانی کورد و بە لاڕێدابردنی راستییەکان، لای هاووڵاتیان و تێکدانی سەقامگیری دۆخی ئاسایشی خەڵک.
سەرئەنجام ئەو لایەن و کەسانەی کە لە هەوڵی شڵەژاندانی دۆخی شەقامدا بوون، خۆیان دڵنیان لە دۆڕاندنیان و بە پاشداهاتنیان لەم پڕۆسەیەدا، بۆیە دەستیان بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە برد و ئیرەیش بەو لایەنانە دەبەن، کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەرین و دڵنیان لە بردنەوەیان لەم پڕۆسەیەدا.
بەهیوای هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.
*راوێژکاری هەڵبژاردن
هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوسسازدایە