زۆر هەبوون خۆیان نابووەوە بۆ خوێندنی فاتیحا لەسەر یەکێتی و پیلان نەما لە ناوخۆ و هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لێی نەگێڕن، بەوە بوایە دەبوو یەکێتی وەک مێژووی قۆناغێک ناوی بهێنرایە، یان فۆڕمێک دەبوو لەو حزبانەی پێیان دەوترێت دوکانی سیاسی.
چانسی یەکێتی لەوەدایە زۆربەی یەکێتییە پەرۆشەکان، میراتگری خەسڵەت و دیدگای سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلالن، دەنا بە شرۆڤەکردنی دۆخی مێژووەکەی و ئەو پیلانگێڕییانە و ئەو هەموو پەلامارە میدیاییەی رووبەڕووی بووەتەوە، دەبوو ئێستا داری بەسەر بەردییەوە نەمایە!.
ئەوەی دیمەنەکەی لای نەیارەکانی یەکێتی زیاتر بەو جۆرە بەرجەستەکردووە، ئەو دۆخە حزبییە بوو کە ساڵانێک یەکێتی بەدەستییەوە دەیناڵاند، کە کەم حزب هەبووە خاوەنی ئەو ژمارە زۆرەی کادر و ئەندامی دڵسۆز و خەمخۆر بێت، بۆیە هەمیشە سەرکردەیەکی لێبڕاوی وەک سەرۆک مام جەلالی ویستووە کە پێشڕەوایەتی بکات رووە و ئامانجێکی رەوا و رێبازێکی روون.
سێ ساڵی رابردوو، شایەتی ئەو گۆڕانکارییەن کە بەسەر جۆری سەرکردایەتیکردنی یەکێتیدا هاتووە، چونکە دەیەی رابردوو بەهۆی ئینشیقاق و دەستەگەرییەوە، یەکێتی نەک لەناو مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵکو لەناو حزبە سیاسییە پلە چوار و پێنجەکانی کوردستانیشدا تانەی نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی لێ دەدرا.
ئێستا لە سایەی سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتییەکی یەک دەنگ و یەکهەڵوێستدا، رۆڵی یەکێتی نەک گرفتە ناوخۆییەکانی خۆی تێپەڕاندووە، بەڵکو لەسەر ئاستی عیراقیش پارسەنگێکی بەهێزی پرۆسەی سیاسی و دەنگێکی گوێلێگیراوە.
هەنوکەش لە سایەی ئەو دەنگ و پێگە نوێیەی یەکێتی و سەرۆکەکەیدا لە کوردستان و عیراقدا، نەک هەر لە دەباشان پێشوازیی لە سەرۆک و باڵیۆز و کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی جیهان دەکرێت، بەڵکو ئێستا لە چیللی ئەوپەڕی ئەمریکای باشوورەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەلایەن دەیان حزبی سۆشیال دیموکراتی ناو بەرەی پێشکەوتنخوازی جیهانەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ هاوسەرۆکی ئەو بەرەیە کە لە 119 حزبی سۆشیال دیموکرات پێکهاتووە و دەبێتە هاوشان لەگەڵ هەشت هاوسەرۆکی دیکەدا و بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیی هەرێمایەتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای دەخرێتە ئەستۆ. بۆیە ئەگەرچی ئەوە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە ئەستۆی سەرۆک بافڵ، بەڵام پێگەیەکی سەنگینتر دەداتە خودی سەرۆک و حزبەکەی و خەوی هەموو ئەوانەش دەزڕێنێت کە خەونی لاوازبوون و نەمانی یەکێتی، سەرمەست و بوغرای کردوون.