گوتاری پشت وتارە راستگۆكانی سەرۆك بافڵ

11:33 - 2024-10-08
مەریوان مەسعود
199 خوێندراوەتەوە

مۆدێلی وتار، یان وتاری مۆدێرن، ئەو دوو چەمكەن كە لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دایهێناوە و وای لە جەماوەر و بینەر كردووە ئاشنابن بە شێوەیەكی نوێی وتاردان، كە دووربێت لە وتاری پشت مێز و مایك، یان لەبەركردنی قات و ریبات!، هەروەها لە ناوەڕۆكیشدا دووربێت لە پەیوەستبوون بەكاغەزی نووسراو و هەڵەی زمانەوانی و نا لۆژیكی. 
ئەوەی ئەمجارە سەرۆك بافڵ لەو كەرنەڤاڵی سێ‌ هەڵمەتەی بانگەشەیەی لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و كۆیە كردوویەتی، توانیویەتی بەشێوازێكی نوێ‌ و بە پەیامی راستگۆیانە، موخاتەبەی وەرگرێك بكات، كە مەرج نییە ئەندام و لایەنگری یەكێتی بێت، بەڵكو لە رێگەی تەلەفزیۆنەكانیشەوە موخاتەبەی هەموو چین و توێژێكی كردووە كە دڵنیام لایەنگرانی پارتی زیاتر موتابەعەی وتارەكانی دەكەن، تا ئەوانەی تر!، ئەمەش سەركەوتنی پەیامەكانی پشت وتارەكە دەردەخات، چونكە گوتاری ناو وتارەكانی سەرۆك بافڵ بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، نەك تەنیا بۆ یەكێتییەكان، ئەمەش نهێنییەكی تری سەركەوتنی وتارەكانی سەرۆكە، بەپێچەوانەی وتارە لاواز و بێ‌ ئامانجەكانی سەركردەی حزبەكانی تر، كە تەنیا چەند دەستەواژەیەكی سواو بەكاردێننەوە و جەماوەرە ئامادەبووەكەشیان بێ‌ ئەوەی هیچ لە وتارەكانیان بگەن، چەپڵەیان بۆ لێدەدەن !.
وتارە ئامانجدارەكانی سەرۆك بافڵ، تەنها رەهەندی ناوخۆیی نییە، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتیش حیسابی بۆ دەكرێت و هەموو جیهان دەزانن كە وتارەكانی سەرۆك بافڵ گوتارێكی نوێ و ئامانجداری لە پشتە، ئەمە جگە لەوەی هەموو دەربڕینەكانی بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە موزایەدە و ماكیاژكردن دەردەبڕێت و ئامانجی خزمەتی خەڵكە، بۆیە داوا لە خەڵك دەكات دەنگ بدەن بە لیستی 129 یەكێتی، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە خراپەی حوكمڕانی و قۆرخكاری و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگە هەستیارەکانی وڵات كە هەن و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بەسەرداگرتوون، نەمێنن و بڕووخێن و جارێكی تر حزبێكی مۆدێرنی وەكو یەكێتی دروست بكاتەوە و  تێیدا هاووڵاتی ئامانج بێت نەك بنەماڵە و چەند كەسێك !، بۆ ئەوەی بە شێوەیەك بێت خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات بە بێ‌ جیاكاری و دەستە و تاقم.
 سەرۆك بافڵ، لە هەموو وتار و پەیامەكانی پێشوویدا، هەر بەڵێن و قسەیەكی كردبێت، بە كردار جێبەجێی كردووە و بەدیهێناوە، ئەمەشە وایكردووە وتارەكانی سەرۆكی یەكێتی، جێی بایەخی هەموو لایەك بێت و هەموو وشە و دەستەواژەیەك كە لە وتارەكانیدا دەیانڵێت، حیسابی زۆری بۆ بكرێت و دەتوانم بڵێم هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە و نەیاران دەتۆقێنێ‌ !، بۆیە ئەگەر سەرنج لە نەیارە سەرسەختەكەی یەكێتی بدەن كە مەبەست پارتی-یە، هەموو وتاری سەركردەكانیان لە پێگەی بەرگریی و وەڵامدانەوەی وتارەكانی سەرۆكی یەكێتییە، خۆیان هیچیان پێ نییە جگە لە چەند وشەیەكی دووبارە و بێ‌ كردار، كە دەستەكەیان لای خەڵك كەشفە!.
بۆیە دەبێت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ئەوانەی تائێستاش دوودڵن لەبەشداریكردنی دەنگدانی 20/10، با گوێ‌ لە وتار و پەیامە راستگۆیەكانی سەرۆكی یەكێتی بگرن و بێ‌ دووڵی بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 129ی خوێنی شەهیدان بدەن.

وتارەکانی نوسەر