حەوتی ئۆكتۆبەر و سەرزەمینی میعاد

09:43 - 2024-10-09
ئارام عه‌لی عه‌زیز
210 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

موفاجەئەی  حەوتی‌ ئۆكتۆبەر نەتانیاهوی‌ لە خەوی‌ خۆشی بە سەركەوتن گەیشتنی‌ رێكەوتننامەی‌ ئەبراهام  بە ئاگاهێنایەوە و گشت ریسەكەی‌ لێكردەوە بە خوریی و روحی دەوڵەتەكەی كێشا، لەبەرئەوە لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ نەتانیاهو ماوەی ساڵێكە هیستریاوە شەلم كوێرم ناپارێزم كەوتۆتە گیانی ژن و منداڵانی غەززەو رۆژ بە رۆژ دەوڵەتەكەی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات.
 دۆست و دوژمن كۆكن لەسەر ئەوەی  نەتانیاهو لەم جەنگەدا، كە رۆژ بە رۆژ فراوانتری دەكات و نوێترین تەكنۆلۆجیای جەنگی بە پشتیوانی ئەمریكا تیادا بەكاردێنێت ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی جوگرافیای بە ناو «سەرزەمینی میعادە»، كە گوایە بە پێی دەقە ئایینیەكان نیشتیمانی حەزرەتی ئیبراهیم (د.خ) بووە و لێرەوە بەرەو فەلەستین رۆیشتووە. لەبەر ئەوە توركیا بەئاشكرا دەڵێت: «دوای لوبنان نۆرەی ئورفا دێت».
چاوەڕوانیش دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا جەنگەكە بە پشتیوانی ئەعرابەكان و بنەماڵەكانی كەنداو بپەڕێتەوە بۆ سوریا و عیراق و، بەرەی توركیاش هەڵوێستەكانی لە هەڕەشە و گوڕەشەی زارەكییەوە بگوازێتەوە بۆ هەڵوێستی سەربازیی، بە تایبەت كە ئەردۆغان سوورە لەسەر ئەوەی كە نەتانیاهو «خەونی سەرزەمینی میعاد جێبەجێدەكات و چاوی لە سەر خاكی توركیایە» و ئیرانیش تیایدا سەلامەت نابێت و ئەویش دەست بە لەشكر كێشی زەمینی دەكات.
 دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر«حەوتی ئۆكتۆبەر»، نەتانیاهو جەنگەكەی كە پێشتر بە «شمشێری ئاسنین» ناوی نابوو، گۆڕی بە «جەنگی رێنیسانس» و لە كۆبوونەوەی حكومەتەكەشیدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی جەنگەكە وتی: « حەوتی ئۆكتۆبەر جەنگی قیامەیە». 
دیارە جەنگی قیامەش، مەبەست لەو جەنگەیە كە حەزرەتی عیسا (د.خ)  تیایدا هەڵدەستێتەوە، بە واتای قیامەی عیسا (د.خ) ، كە زۆربەی جوولەكەكان پێیانوایە، حەزرەتی «مەسیا- مەسیح» بە دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورە «سەرزەمینی میعاد» دێت و سەركردایەتیی گەلی هەڵبژێردراو دەكات، كە (جوولەكەكان بە خۆیانی تێدەگەن!)، بەڵام لە راستیدا ئەوان نین و خەڵكانێكی دیكەن، لەو بارەیەوە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، «ونريد ان نمن على الذين استضعفوا في الأرض ونجعلهم ائمة و نجعلهم الوارثين». چەند رۆژ بەر لە ئێستایش لەو بارەیەوە نوسخە ئینگلیزییەكەی جیروسەلەم پۆست وتارێكی بڵاوكردبووەو تیایدا باسی لەوە كردبوو كە « لوبنان بەشێكە لەسەرزەمینی میعاد كە خودا بەم زوانە بۆ ئیسرائیلی دەگەڕێنێتەوە».  

 

 دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر«حەوتی ئۆكتۆبەر»، نەتانیاهو ناوی جەنگەكەی كە پێشتر بە «شمشێری ئاسنین» ناو نابوو، گۆڕی بە «جەنگی رێنیسانس»

 

 موفاجەئەی حەوتی ئۆكتۆبەر، ئەوەی كە ناوی تۆفانی ئەقسای لێنرا، لە رووی ئایینیەوە جەنگی قیامەیە، ئەوەی پێی دەڵێن جەنگی «كۆتایی مێژوو»، یان «ئارماگیدۆن» و دەستنیشان كردنەكەی نەتانیاهو، راستە، كە لە كۆتاییەكەیدا «سەرزەمینی میعاد» هەمووی دەبێتەوە یەك ئیمپراتۆرییەت، كە لە فوراتەوە هەتا نیل درێژدەبێتەوەو هەموو دەوڵەت و سنوورەكانی دروستكراوی سایكس – پیكۆی تیادا هەڵدەوەشێتەوە بە دەوڵەتەكەی نەتانیاهوشەوە، سەبارەت بە سنوورە جوگرافیەكەیشی لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە: «والتين والزيتون وطورسينين وهذا البلد الأمين». 

وتارەکانی نوسەر