لەشكر حەمە ساڵح
زۆر وترا و دەوترێت لەبارەی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان و جیاوازی و تایبەتمەندییەكانییەوە. هەندێكجار باسی گرنگیی فرە بازنەیی و هەندێكجاری تریش باسی كورسیی كۆتاكان و زۆربەی جاریش باسی پاکكردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران دەكرێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر مانا سیاسییەكەی ئەم هەڵبژاردنەیە كە سوودی لە هەموو ئەو گۆڕاو و گرنگییانەی پێشووتر وەرگرتووە بێگومان ئەویش دەركەوتنەوە یان گەڕانەوەیە بۆ ركابەریی راستەقینەی هێزە سەرەكییەكان و پوكانەوەی ئەو لایەنانەی لەسەر كاردانەوە دروستبوون.
یان بۆ ئەوەی گوزارشتێكی وردتر بكەین؛ ئەم هەڵبژاردنە گەڕانەوەیە بۆ ركابەریی نێوان هەردوو ئاراستەی سەرەكی: بەردەوامیدان بەم دۆخە ناهەموارەی زیاتر لە 10 ساڵە یەخەی خەڵكی كوردستانی گرتووە و دەیەیەك تەمەنی بەفیڕۆدان یاخود راستكردنەوەی رێڕەو و گۆڕینی بارودۆخەكەیە بەرەو باشتر.
لە راستیدا، ئەم هەڵبژاردنە كوردستان دەباتە سێیەم قۆناغی سیاسیی كوردستان لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991.
قۆناغی یەكەم فیفتی بە فیفتی، قۆناغی دووەم خۆسەپێنیی پارتی، قۆناغی سێیەمیش ئەم قۆناغەیە كە یەكێتی راست و دروست ناوی ناوە راستكردنەوەی رێڕەو و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن.
یەكێتی لە هەموان روونتر گوزارشتی لەم بۆچوون و بەرنامە و ئاڕاستەیە كردووە؛ بگرە دەستپێشخەر و داڕێژەری ئەم وەرچەرخان و داخڵبوونەیە بە قۆناغی سێیەم، بەتایبەتی كاتێك بەڕوونی دەڵێت، كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین و خاڵی كۆتایی رستەكەش رەنگی سوورە! واتە یەكێتی، نەك خۆی بۆ ئەم قۆناغە ئامادەكردووە، بەڵكو رەنگڕێژییەكەش خۆی كردوویەتی كە دەیەوێت دۆخەكە راستبكاتەوە و كۆتایی بە هەڵە گەورەكان بهێنێت، وتارە پڕجۆشەكانی سەرۆكەكەشی ئەو راستییە روونتر دەكاتەوە كە یەكێتی دەیەوێت چی بكات و چۆن دەیكات.
لە راستیدا، تێگەیشتن لە ئاڕاستەی سیاسی یەكێتی و سەرۆكەكەی زۆر ئاسانە، چونكە هەم بە زمانێكی سادەی بێ گرێ داڕێژراوە، هەمیش تەعبیرە لە ناخی پەنگخواردووی كۆمەڵانی خەڵك، لە هەمووشی گرنگتر، گوتار و ئاراستەی یەكێتی، گوتار و ئاراستە راستەكەیە.
لە سێ ساڵی رابردوودا، یەكێتی بە شێوەیەكی باش خۆی ئامادەكردووە بۆ قۆناغی سێیەم، بەشێكی زۆری ئاڵەنگارییە سیاسی و یاساییەكانی تێپەڕاندووە، لە رووی ئۆرگانییەوە خۆی تەیاركردووە و ئامانجەكەی بەڕوونی بە هەموان وتووە، بایی ئەوەش سەركەوتنی لە بەغدا و كەركوك و هەولێر بەدەستهێناوە كە كۆمەڵانی خەڵك هەست بە جیاوازییەكەی یەكێتی و خۆئامادەكردنەكەی بكەن، بۆیە ئاساییە كە لە پۆستەرەكانی لیستی 129 دا ئەو وتەیەی سەرۆكەكەی بۆڵد بكرێت، ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەكەم!