رۆڵی ژن لە کایەی سیاسیی کوردستاندا

10:01 - 2024-10-14
سانا مەحمود
323 خوێندراوەتەوە

سانا مەحمود


سیاسەت ئەو بوارە گرنگ و کاریگەرەیە کە بوارەکانی تری کۆمەڵگە رێکدەخات، بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، لە ئاستی جیهان و لە هەرێمی کوردستانیشدا، بەڵام ئاستەنگەکان لە گەیشتن بە یەکسانیی جێندەریی لەم بوارەدا هۆکارێکی سەرەکییە لای ئەو ژنانەی بەدوورن لە کارکردن لەم بوارەدا، بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسیدا لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک و بەپێی جۆری سیستەمە سیاسییەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، لە رووی مێژووییەوە گەر بگەڕێینەوە بۆ دامەزراندنی یەکەمین کۆمەڵەی ژنان لە ساڵی 1930 بە ناوی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان) کە بە سەرۆکایەتی (حەپسەخانی نەقیب) دامەزراوە، بوونی حەپسەخان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر ژنانی ئەو سەردەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لەو سەردەمەدا تا رادەیەک لە بڕیاردان لە کاری سیاسیدا دوور دەخرانەوە یاخود راوبۆچوونەکانیان بە هەند وەرنەدەگیرا، مافی بڕیاردان و شایستەیی بۆ پۆست و مافی دەنگدان، تەنها بە پیاوان دەدرا، لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوو لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زیاتری ژنان وەک دەنگدەر و کاندید و خاوەن پۆست لە پلەی باڵادا بەشداریی سیاسەتیان کردووە.

 

     ژنان چالاکانە لە حزبە سیاسیەکاندا بەشدارن، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دەرفەتی بۆ ژنان رەخساندووە، تا بتوانن ببنە پاڵپشت و داکۆکیکار لە مافی خەڵک



بەربەستەکان 
*بەربەستە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان: لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆرجار ئەستەمە بۆ ژنان بەشداریی تەواوەتی لە سیاسەتدا بکەن، بەهۆی چاوەڕوانییە کەلتورییەکان و فشارەکانی خێزان و بیرکردنەوە کۆنە پەرستەکان و کەمیی پشتیوانی گشتی، کە دیارترین وتەکان (تۆ ژنیت بەشداریی سیاسی بۆ پیاوانە، ژن دەبێت نەرمونیان بێت، ناتوانێت سەرکردایەتی بکات) ئەمەش دەتوانێت رێگریی لە تەماحە سیاسییەکان یان توانای بڕیاردان لەسەر کارە سەرەکییەکان بکات.
*نەبوونی کاریگەریی سیاسی: زۆرێک لە ژنە سیاسەتمەدارەکان لە پرۆسە سەرەکییەکانی بڕیارداندا پەراوێز خراون و زۆرجار لە رۆڵی کارکردن و بڕیارداندا سنوردار دەکرێن، زۆر کەم ژن توانیویانە بگەنە رۆڵێ سەرکردایەتی باڵا، چ لە ناو حزبە سیاسییەکاندا یان لە وەزارەتە باڵاکانی حکومەتی هەرێمدا، زۆرجار بەشدارییەکانیان بە بەراورد لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر چاوپۆشیی لێدەکرێت یان کەم دەکرێنەوە.
*پێشکەوتنەکان و بەشداریی پەرلەمان: یەکێك لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی پێشخستنی بەشداریی سیاسی ژنان لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2009 دەستی پێکرد، پشکی 30 ٪ ی پەرلەمان بوو بۆ ژنان و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، خۆشبەختانە لە خولی پێنجەمدا جیا لە رێژەی 30 ٪ ، لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆی سێ کەس دووانیان ژن بوون، ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی ژنان نوێنەریان هەیە لە پڕۆسەی یاسادانان و بەشداریکردن لە بڕیاردان و کاری وڵاتدا، بەراورد بە پیاوان ژنان وردتر لە بابەتەکان دەڕوانن، بەڵام هێشتا ئەو هۆشیارییە بڵاونەبۆتەوە تێبگەن ژنان بەتواناترن یاخود لە ئاست پیاواندا جیاوازییان نییە.
*بەشداری ژنان لە پۆستە حکومییەکاندا: ژنان گرنگیان لە پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە، کە شان بە شانی پیاوان کاریان کردووە، لەوانە وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی...هتد، لە کاتێکدا ژمارەی ژنان لەم پۆستە ئاست بەرزانەدا هێشتا سنوردارە، بەڵام بوونی ئەوان گۆڕانکارییەکی بەرچاو و یەکسانییەکی زیاتری جێندەریی دروستکردووە.
*بەشداریکردنی ژنان لە حزبە سیاسیەکاندا: ژنان چالاکانە لە حزبە سیاسیەکاندا بەشدارن و خزمەت دەکەن، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەرفەتی بۆ ژنان رەخساندووە، تا بتوانن ببنە پاڵپشت و داکۆکیکار لە مافی خەڵک، سەرەڕای ئەوەی ژنان بەهۆی بوونی نەریتەکانەوە رووبەڕووی سنورداربوون دەبنەوە لە بەشێک لە حزبەکاندا، بەڵام توانیویانە جێ دەستیان دیاربێت لەو بوارەدا کە کاری تێدا دەکەن دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن. 

چی بکرێت بۆ هاندانی ژنان؟
*ئەرکی راگەیاندنکاران: راگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە، کارێکە پێویستە بە پاکی و راستگۆیی بکرێت، رۆڵی راگەیاندن لەم پرسەدا هۆشیارکردنەوەی ژنانە لە کاری سیاسیدا، هەروەها دەرخستنی توانا و لێهاتوویی ژنانە لە بوارەکەدا و ناساندنێتی بە میدیا و هاووڵاتیان لەو بوارەی کە شارەزاییان تێدا هەیە.
*رۆڵی کۆمەڵگە: هۆشداریی کۆمەڵگە دەربارەی تواناکانی ژن و باوەڕبوون بەوەی ژن دەتوانێت داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانی هاووڵاتیان و دەنگدەر بکات، کە ئەم هۆشدارییە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی پێشتر، بە نموونە سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمان ژن بووە، بەشێک لە ژنان لە پەرلەماندا پێیان وابوو، بوونی ژنێک وەک سەرۆكی پەرلەمان ئارامیی پێ بەخشیون، هەروەها بۆ ئاسانتر تێگەیشتن لە پرسەکان یارمەتیدەر بووە، کەواتە دەتوانین بڵێین ژن لەگەڵ بوونی سۆز و ناز و میهرەبانیدا دەتوانێت وەک پیاو بە مێشکێکی ژنانەوە بەشداری لە کاری سیاسیدا بکات.
*بوونی رێکخراوەکان: بوونی رێکخراوەکان لە پشتیوانیکردنی ژنە سیاسەتمەدارەکان و دڵنیابوون لەوەی یەکسانیی جێندەریی وەک یەکەمێتی لە کارنامەی سیاسیدا دەمێنێتەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە و ژنان دەتوانن پشت بە رێکخراوەکان ببەستن بۆ پشتیوانیکردنیان.  
*راگەیاندنکار

وتارەکانی نوسەر