دیپلۆماسی، ئامرازێكی كاریگەرە لە رێكخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا و بە بەهێزترین رێكاری ئاشتیانەش دادەنرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان وڵاتان، ئەم راستییە لە گفتوگۆی دیپلۆماسییانەی نێوان فیرعەونەكانی میسری دێرین و حیسییەكاندا بە روونی دەردەكەوێت، كە بە رێككەوتنی (قادش)ی 1259ی پێش زایین كۆتایی هات و بە یەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێت لە مێژوودا، هەروەها پلێتە قوڕینەكانی (تەل ئەلعەمارنە) بەڵگەیەكی دیكەی ئەو راستییەن، ئەو پلێتانەی لە نێوان ساڵەكانی (1360 - 1332)ی پێش زایین تۆمار كراون و دەیان نامەی دیپلۆماسییانەی پاشاكانی ئەو سەردەمەن بۆ ئەخناتونی فیرعەون و بایەخی بژاردەی دیپلۆماسی دەردەخەن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، دواتریش لە دەیان وێستگەی مێژووییدا دیپلۆماسی وەك رێگەچارەی گونجاو و سەركەوتوو بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە نێودەوڵەتییەكان دەردەكەوێت.
پسپۆڕانی بواری زانستە رامیارییەكان و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێن: كاری دیپلۆماسی سیاسەتمەداری لێهاتوو، زمانزان، بە ئەزموون، بیرتیژ و قاڵبووی سیاسەتی دەوێت، چونكە زانستێكە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستاندنەكان و لە هەمان كاتیشدا هونەری قایلكردن، یان رازیكردنی بەرامبەرە، هەر ئەمەش وایكردووە بایەخێكی زۆر بەم ئامرازە بدرێت، تا ئەو رادەیەی رێككەوتنی نێودەوڵەتی لەبارەوە ئیمزاكرا، ئەویش رێككەوتنی ڤیەننای 1961 بوو، كە لە 53 ماددەی سەرەكی پێكهاتووە و وەك یاسایەكی لێهاتووە بۆ رێكخستنی كاری دیپلۆماسی لە سەرتاسەری جیهاندا.
لە كوێ دیپلۆماسی كورتی هێنابێت، جەنگ وەك دێوەزمەی هەمیشەیی بۆ گیانی مرۆڤایەتی ئامادە بووە و لەو جێیەش دیپلۆماسی بەهێز و سەركەوتوو بووە، پاشەكشەی بە جەنگ كردووە، ئەگەر دواهەمین رووداوی گرنگیش لەسەر ئاستی جیهان بە نموونە وەربگرین، كە تیایدا پاشەكشەی دیپلۆماسی بە زەقی دەردەكەوێت، ئەوا هێرشە مووشەكییەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نموونەیەكی بەرچاوە، چونكە ئێران و ئەمریكا لە دانوستاندندا بوون و خولی پێنجەمیان بەڕێكردبوو، بڕیار بوو خولی شەشەمیش رۆژی یەك شەممە 15\6\2025 لە عومان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەرەبەیانی 13\6\2025 هێرشی مووشەكیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێكرد، وەك كەناڵەكانی راگەیاندنیش باسیانكرد، ئەوە ئەمریكا بوو كە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵكرد تا هێرش بكات.
دۆناڵد ترەمپ، ئەم سەرۆكەی ئێستای ئەمریكا، بەوە ناسراوە مەیلی بە لای سیاسەتی كرانەوەدا نییە و دەیەوێت سنوورەكانی وڵاتەكەی دابخات و لە ناوخۆدا كار بۆ بەهێزكردنی ئابووریی وڵاتەكەی بكات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە كە ساڵانێكی زۆر ئەمریكا كاری بۆ كرد و سیستمی جیهانگیریی لێكەوتەوە، ترەمپ لە هەردوو خولی سەرۆكایەتییەكەیدا لە چەند رێكخراو و پەیماننامەیەكی جیهانی كشایەوە، وەك: رێكخراوی تەندروستی جیهانی، رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و رێكەوتننامەی پاریسی تایبەت بە پاراستنی ژینگە. سەبارەت بە كێشەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیش ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا رۆژی هەشتی ئایاری 2018 لە رێكکەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران كشایەوە، بۆ جاری دووەمیش كە بووەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، دانوستاندنی لەگەڵ ئێراندا بە نێوەندگیری سوڵتاننشینی عومان دەستپێكرد، بەڵام هەر زوو حەوسەڵەی بەسەر چوو، بژاردەی دیپلۆماسی وەلا ناو و مەسەلەكەی گەیاندە مریشكە رەشە. كەواتە دەكرێ بڵێین: سەردەمی ترەمپ سەردەمی پاشەكشەی دیپلۆماسییە.