یۆرانیۆم چییە و چەكی ئەتۆم چۆن دروست دەكرێت؟

10:06 - 2025-06-19
كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
206 خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

 

لەم رۆژگاری پڕ لە جەنگ و نائارامییەدا نیگەرانییەكان لە ئەگەری روودانی جەنگی ئەتۆمی رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان، جەنگی ئەتۆمیش واتە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لە نێوان وڵاتە زلهێزەكاندا دژی یەكدی و ئەگەر ئەوەش رووبدات وێرانكاریی لەسەر گۆی زەوی دەگاتە ئاستێكی مەترسیدار، چونكە نموونەی وێرانكاریی ئەو جۆرە چەكە لە جەنگی دووەمی جیهاندا بینرا، ئەویش ئەو كاتە بوو كە ئەمریكا بە بۆمبی ئەتۆم هێرشی كردە سەر هەردوو شاری ناكازاكی و هێرۆشیمای ژاپۆن، ئێستاش كە قسە و باسی جەنگی ئەتۆم گەرمە، یۆرانیۆم وەك ماددەیەكی سەرەكی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم جێی بایەخپێدانە. 
یۆرانیۆم ماددەیەكی سروشتییە لە ناو خۆڵ و بەرددا هەیە و هێما كیمیاییەكەی (U)وە و ژمارەی گەردیلەكانی 92 گەردیلەیە، ئەم ماددەیە لە كازاخستان و كەنەدا و ئوسترالیا و ئێران و چەند وڵاتێكی ئەفریقاش بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئەو یۆرانیۆمەی لە سروشتەوە وەردەگیرێت، %99ی (یۆرانیۆمی 238)ە و لەو جۆرە نییە كە توانای كەرتكردنی هەبێت، جۆرەكەی دیكە (یۆرانیۆمی 235)ە، كە رێژەكەی لەناو یۆرانیۆمی سروشتیدا %07 و ئەمەیانە كە توانای كەرتكردنی هەیە و لە كاتی كەرتكردنیشیدا هێز و وزەیەكی لەڕادەبەدەر فڕێدەدات، ئەو هێز و وزەیەش ئەگەر كۆنترۆڵ بكرێت كارەبای لێ بەرهەم دێت و ئەگەر كۆنترۆڵیش نەكرێت بۆمبی ئەتۆمی لێ دروست دەكرێت.
بۆ ئامادەكردنی یۆرانیۆم بۆ ئەوەی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا، یان دروستكردنی چەكی ئەتۆمدا سوودی لێوەربگیرێت، پێویستی بە پیتاندن هەیە، پیتاندن لە نێوان هەردوو جۆرەكەی یۆرانیۆمدا روودەدات، ئەویش سەرەتا دەبێت لە رێگەی ئامێری سەنتەر فیوج (centrifuge)ەوە هەردوو جۆرەكە لێك جیابكرێنەوە و دواتر پرۆسەی پیتاندن دەست پێدەكات، كە ئەویش چەند ئاستێكی هەیە و بە پێی ئاستەكانی رێژەی (یۆرانیۆمی 235) زیاد دەكرێت بۆ جۆرەكەی دیكە.
ئاستی یەكەم: پێی دەوتریت پیتاندنی نزم، ئەم جۆرە لە پیتاندن بەرزترین ئاستی %5 و نزمترینیشی %3,67 دەبێت، كە لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبادا بەكاردەهێنرێت.
ئاستی دووەم: پێی دەوترێت پیتاندنی مامناوەند و رێژەكەی دەگاتە %20، كە بۆ هەندێك مەبەستی پزیشكی و بواری پیشەسازی بەكاردەهێنرێت.
ئاستی سێیەم: پێی دەوترێت ئاستی بەرزی پیتاندن، كە لە سەرووی %60 وەیە و نزیك دەبێتەوە لەو ئاستەی پیتاندن كە بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست دكرێت، چونكە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم پێویستی بە یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی %90 و هەركاتێكیش پیتاندن بگاتە ئاستی %60 زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت رێژەكەی بگەیەنرێتە %90 و كاتیشی زۆر كەمتر دەوێت لە قۆناغەكانی دیكە.
زاناكانی ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆم دەڵێن: هەر وڵاتێك بگاتە ئەو ئاستەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی %60 بەرهەم بهێنێت، ئەوا دەتوانێت كات و مەودای گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی كورت بكاتەوە بۆ چەند هەفتەیەك، چونكە بە ئاسانی دەتوانێت یۆرانیۆمی پیتێنراوی %60 بگۆڕێت بۆ یۆرانیۆمی پیتێنراوی %90 و تەنیا 25 كیلۆگرامیش لەو یۆرانیۆمە بەسە بۆ دروستكردنی یەك بۆمبی ئەتۆمی و خۆ ئەگەر بەرهەمەكەی بگەیەنێتە 233 كیلۆگرام، ئەوا دەتوانێت لە ماوەی سێ هەفتەدا نۆ بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات.
سەرچاوە: BBC

وتارەکانی نوسەر