چەمچەماڵ و وەفادارییان بۆ یەکێتی

10:14 - 2024-10-27
هاشم غەمگین
114 خوێندراوەتەوە

بە بودجەی غازی کۆرومۆر پڕۆژەی بەستنەوەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ خێراتر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواو بکرێت

چەمچەماڵ وەک پایتەخت و مەڵبەندی ئەنفال و شەهیدان، وەک شاری پێشمەرگە و تێکۆشەر و رێکخستنی دێرین و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی، وەک ناوەندێکی گرنگ لە نێوان کەرکوک و سلێمانی بۆ سەرخستنی لیستی (١٢٩)ی یەکێتی لە بازنەی سلێمانی دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ (ی.ن.ک) دووپاتکردەوە، بە جۆرێک رێژەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، بەبێ دەنگدانی تایبەت دوو هێندە زیادی کرد، لەکاتێکدا رێژەی دانیشتوان لە چەمچەماڵ پتر لە (200) هەزار کەسە، بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتوانی سنووری ئەم دەڤەرە، فۆرمی خۆراک و دەنگیان کەرکوکە و یەکێتین، بەڵام بە هەوڵ و هیممەتی بێ وچانی سەرکردەو فەرماندەو کادرانی سنوورەکە، توانرا سێ کاندیدیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بە رێژەی دەنگی بەرز سەربخەن، بۆئەوەی داکۆکیکارێکی سەرسەخت بن لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان و گڕوتینێکی کاریگەر بە پێشکەوتنی سیستمی یاسادانانی پەرلەمانی و حکومڕانی هەرێم بدەن.

ئاوڕی جددیان لێ بدرێتەوە
 ئەگەر چی خەڵکی چەمچەماڵ نیگەرانییەکی زۆریان لە ئەدای حکومڕانی پێشتر هەبووە، بەوەی بەراورد بە شار و شارۆچکەکانی دیکە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ نەکراوە، بەڵام چاوەڕێن لە پێکهێنانی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەتدا ئاوڕی جددیان لێ بدرێتەوە، بەشێوەیەک.
- بە بودجەی غازی کۆرومۆر پڕۆژەی بەستنەوەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ خێراتر لەوادەی کاتی دیاریکراو، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواو بکرێت.
- چەمچەماڵ خاوەنی سەرچاوەی غاز و بەرهەمهێنانی کارەبایە، بۆیە پێویستە وەک هەندێک شارۆچکەی دیکە، کارەبای بەردەوامی بۆ دابین بکرێت.
- هەوڵدان و کارکردنی جددی بۆ جینۆساید ناساندنی کەیسی ئەنفال و کیمیابارانکردنی سنوورەکە.

دروستکردن و دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی
- هەوڵدان بۆ دروستکردن و دامەزراندنی کارگەی پیشەسازی سوودبەخش، بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، بۆ ئەوەی بیر لە هەڵهاتن بۆ وڵاتانی ئەوروپا نەکەنەوە.
- تەرخانکردنی بودجە بۆ قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکانی قەزاکە، لەگەڵ سەنتەری شار و ناو بازاڕ.

نۆژەنکردنەوەی قەڵای چەمچەماڵ
- تەرخانکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای چەمچەماڵ، کە رەمز و هێمای شارەکەیە.

وتارەکانی نوسەر