لە نێوان تەوتین و (هەژماری من) دا

09:55 - 2024-10-28
لەشکر حەمە ساڵح
131 خوێندراوەتەوە

لەشكر حەمە ساڵح

راگرتنی(هەژماری من) جێگەی ئومێد و دڵخۆشیی خەڵكی كوردستانە لەسەر رێگەی چارەسەركردنی پرسی مووچە و دەرهێنانی لەژێر هەژموونی سیاسی

هەواڵی نوێ ئەوەیە كە هەردوو بانكی رەشید و رافیدەینی عیراقی لە سلێمانی لقی نوێ دەكەنەوە، بانكی بازرگانیی عیراقیش (TBI) كە لە بنەڕەتدا لە سلێمانی هەیە، لق لە پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەكاتەوە.
ئەم پێشهاتە، بە تایبەتی دوای راگرتنی كارەكانی(هەژماری من) لە سنووری سلێمانی، جێگەی ئومێد و دڵخۆشیی خەڵكی كوردستانە لەسەر رێگەی چارەسەركردنی پرسی مووچە و دەرهێنانی لەژێر هەژموونی سیاسی. 
ئەمڕۆ وا لەم سنوورە دەست پێدەكات، سبەی لە هەولێر و دهۆك-یش هەنگاوی هاوشێوە دەنرێت!. 
كاتێك هەردوو بانكی رەشید و رافیدەینی عیراقی دێنە سلێمانی، واتە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە و تەوتینكردنی مووچە هەنگاوێكی تر دەچێتە پێشەوە. 
ئەگەر پێشتر دووریی ئەو دوو بانكە پاساو بوو بێت، ئەوا ئیتر بانكەكان نزیكن و دەكرێت سوود لە بڕیاری دادگای فیدراڵی وەربگیرێت و بە چارەسەركردنی پرسی مووچە، هەر نا رۆژێك زووتر، خەڵكی كوردستان دڵخۆش بكرێت.
لە راستیدا، هەنگاونانی فیعلی بۆ تەوتینكردنی مووچە لە سنووری سلێمانی، جگە دڵخۆشكردنی خەڵك و چارەسەركردنی پرسی مووچە، دوو رای سیاسیشی هەیە. یەكەمیان پێداگری و پابەندبوونی یەكێتی و سەرۆكەكەیەتی بە بەڵێنی رۆژانی پێش هەڵبژاردنی 20ی 10 بە دەستپێكردنی تەوتین، دووەمیش هەنگاونانی راستەقینە و فیعلییە بۆ داخستنی مەلەفی مووچە و بەكارهێنانی ئەو مافە ئاسایی و سەرەتاییەی مووچەخۆر بۆ مەبەستی سیاسی.
رەنگە تەوتینكردنی مووچە هەندێك كاتی پێویست بێت بەو پێیەی پڕۆسەیەكی تەواو كارگێڕی و پیشەییە و وردەكاریی پێویستی تێدایە لەبارەی هەر مووچەخۆر و فەرمانگە و پارێزگایەك، بەڵام بڕیارە راستەكەیە و هێشتا كات بەردەستە بۆ رێكخستنەوەی لیستەكانی مووچە و تەواوكردنی بایۆمەتری و چارەسەركردنی گرفتەكانی وەك ناوی هاوشێوە تا كۆتایی ئەمساڵ وەك لە رێكەوتنی ئەنجومەنی ئابووریی عیراق و حكومەتی هەرێمدا هاتووە كە دەبێت دابەشكردنی مووچەی ئەو چەند مانگە ئاسانتر بنێردرێت و دابەش بكرێت.
ئەگەر گرفتی پێشبینی نەكراو نەیەتە پێش، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا مەلەفی مووچە لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی دابخرێت، گرنگیشە بۆ خەڵك كە لەبیری نەكات چۆن تووشی ئەو گرفتە هاتن كە زیاتر لە 10 ساڵی تەمەنی بردن و گرنگتریشە بزانن گرفتەكە چۆن چارەسەر كرا!.

وتارەکانی نوسەر