چ كابینەیەكی نوێی حكومەت ؟

09:30 - 2024-10-29
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
242 خوێندراوەتەوە

 پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رووداوێكی گرنگ نابێت. ئەوەی گرنگە ئەم كابینەیە چۆن بە دووربێت لەو هەڵە سیاسی و ئیدارییانەی كە هەندێجار دەگەیشتنە كەناری تەقینەوە، دەبوونە مایەی ئەوەی هەردوو تیمی سەرەكیی ناو حكومەت بەیاننامەو راگەیەنراوی توند لە دژی یەكتر دەربكەن، لە قۆناغێكدا تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، چەندینجار جێگری سەرۆك وەزیران، وەك ناڕەزایی دەربڕین، نەچێتە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەوە.
  لەو هەڵانە زەقتر، چۆن كابینەی حكومەت بەكارنەهێنرێتەوە بۆ بەرژەوەندیی حزبیی پەتی. وتەبێژی رەسمیی كابینەكە، وەك ئەوەی ئێستا، نەبێتەوە وتەبێژی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو، لە جیاتی ئەوەی شكۆی ئەم دامەزراوە رەسمییە بپارێزێت، وا بزانێت لە بینای لقێكی حزبیدا دانیشتووەو بە روحی دووبەرەكی كۆمێنت لەسەر رووداوەكان بدات، یان بە زمانی زبر لەسەر سەركردەی هێزەكانی تر بدوێت چ جای ئەوانەی كە بە ئیدیعاش بێت دەوترێت لە حكومەتدا(شەریك)ی پارتین!. لەم نموونەیەدا، بێگومان روونە كە هەڵەو لادانەكە، هەر هی كەسێكی دیاریكراو نییە كە لەباشترین حاڵدا راسپێردراوە، رووی رەخنەكە لە سەرۆكی كابینەكە خۆی دەبێت كە سبەی وەك ئەزموونی ئەم كابینەیە، بوار بداتەوە، لەكاتی هەندێ ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكاندا، ئەتەكێتی قسەكردن بە ناوی حكومەتەوە بگاتە مەنزیلەی سفر!، یان رێ بە هەندێ وەزیر بداتەوە دۆسێی ساختەكارانە لەدژی(شەریك)ی حكومەتەكەی خۆی دابتاشێت كە دیارترینیان مەهزەلەی تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی قەیسەری هەولێر بوو!.
  لەلایەكی تر، ناكرێت نادادپەوەریی لە دابەشكردنی سامانی وڵاتدا درێژەی هەبێت. ناكرێت دامەزراندن بۆ سنوری دەسەڵاتی یەكێتی یاساغ بێت و لە سنووری دەسەڵاتی پارتیدا رێپێدراو، بگرە بە ئاشكراو نهێنی و بە لیستی جیاجیا خەڵكی دڵخواز دابمەزرێنرێت!. ناكرێت بودجەی دەزگاكانی حكومەت لە هەردوو سنورەكەدا زۆر نادادپەروەرانە دابەش بكرێت. تاوان نییە كە داهات لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە وەك دهۆك و هەولێر نەبێت كە مەرزەكانیان بەسەر سێ وڵاتی هەرێمایەتیدا كراوەن. ئەوەی دەیەوێت سەرۆك حكومەتێكی پەسەندكراوبێت، نابێت 6 ساڵ جیاوازی لەنێوان شارو شارۆچكەكانی هەرێمدا بكات و لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بیەوێت فریا بكەوێت!. ئەمانەی دەیڵێین، هەر بەدواداچوونی میدیایی نین، سەرلەبەریان بە دۆسێ و داتاو ژمارەوە دیكۆمێنتكراون و هەن، چەندینجار لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ پارتی و تیمەكانیاندا، ئاماژەیان پێكراوە، میدیای هێزەكانی تر تانەو تەشەریان لێداوە، بەڵام بەداخەوە بێ هیچ ئەنجامێك، ئەمە جگە لەسیاسەتی خۆسەپاندن كە لەكۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی پارتی لە سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕیندا، بە دەیان هەزار دەنگ كەم بكات، واتە تەنانەت باڵانسی سیاسیی لای ئەندامانی خۆیشی دابەزێت چ جای لای جەماوەری سنوورەكە بەگشتی. بۆیە بۆ یەكێتی و لەم قۆناغەدا، ئەم دۆسێیانەو زۆری تریش گرنگترن كە گفتوگۆیان لەسەربكرێت نەك سەرقاڵی بە دابەشكردنی پۆست و پایەوە كە پرسێكی لاوەكییەو قابیل بە رێككەوتنە.
 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر