ئەو دوو دەرگایەی كە تاڵەبانی دایخستن

09:46 - 2024-10-30
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
202 خوێندراوەتەوە

د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

 

دوو دۆخی مەترسیدار هەن رووبەڕووی هەر حزبێك ببنەوە زیانی لێدەدەن. یەكەمیان، تێكچوونی یەكێتیی ریزەكانی، دووەمیش، شوێنكەوتنی كارنامەی حزبی تر. ئەوەی لە یەك دەیەی رابردوودا، زیاتر لە هەر قۆناغێكی پێشتر، لەلایەن ركابەرانی یەكێتی و نەیارانییەوە قۆزرابێتەوە، ئەو دوو دۆخەیە كە(ی.ن.ك)ی تێدابوو. دابەشبوون و دەستەگەری، وزەی زۆری فكری و سیاسی و رێكخراوەیی(ی.ن.ك)یان بەفیڕۆدا، دەركەوتنیش وەك هێزێكی شوێنكەوتووی حزبی تر، زیانی بێ سنووری بە پێگە جەماوەرییەكەی گەیاند، ئەمە تا ئەو رادەیەی زۆرجار، ئەگەر بۆ قووڵكردنەوەی برینیش بێت، بكرێتە پاساو بۆ روودانی زۆرێك لە جیابوونەوەكانی ناوی.
حیكمەتێكی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەك سەرۆكی یەكێتی، داخستنی ئازایانەی دەرگاكان بوو بە رووی درێژەكێشانی ئەو دوو دۆخە كوشندەیەدا. تاڵەبانی نەك دەستەگەریی لە حزبەكەیدا جڵەوكرد و بڕێك لە دیسپلینی حزبی و مەركەزییەتی گەڕاندەوە، بەڵكو بوێرانە رووبەڕووی هەر كاربەدەست و كادر و ئۆرگانێكی یەكێتی-ش بۆتەوە كە ویستبێتی و بیەوێت یەكڕیزیی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی و ئیمتیازاتی تایبەت تێكبدات. لەم رووەوە، ئاگادارین كە لە رێی دەزگا و ئۆرگانی تایبەتەوە چاودێریی هەیە، یەك یەك سەرچاوەكانیشیان وشكدەكات. لەوەش باشتر، سەرۆكی یەكێتی زۆر زوو كۆتایی بە دیاردەی شوێنكەوتنی حزبی تر هێنا، بەتایبەتیش شوێنكەوتنی پارتی. ئەو تەنانەت پێش ئەوەی لە حزبەكەیدا كەسی نمرە یەكیش بێت، بە دەنگی بەرز جاڕی دابوو: نایەوێت جارێكی تر، یەكێتی لە دوای هیچ حزبێكی ترەوە بڕوات.
دوای كەمتر لە ساڵێك، وا ئەم هێزە، جار بۆ جار، دەسكەوتی یەكێتیی ریزەكانی و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی خۆی دەچنێتەوە. ورە و شكۆی زیاتری بۆ گەڕاوەتەوە. هاوكات متمانەی جەماوەر بە یەكێتی زیادبووە، نزیكەی چارەكە ملیۆنێك هەر خەڵكی دەنگدەر لەگەڵ ئەم هێزەدا ئاشت بۆتەوە، حزب كەوتۆتەوە سەرپێ و سەركردە و كادیران خراونەتەگەڕ، نە كەس دەتوانێ لە ئاوازی خۆی بخوێنێ و نە شاباشیش بۆ سیاسەتی حزبی تر بكات، ئەمەش بێگومان رێگای راستی گواستنەوەیە بۆ داهاتوویەكی سیاسیی باشتر.
 ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر