خەڵک دەبنە سووتەمەنی جەنگی چاوچنۆکەکان

09:57 - 2024-10-30
هیوا محەمەد
280 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

لە ساڵی 2006 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 1701ی دەرکرد، بەوپێیە شەڕی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل رابگیرێت، هەریەک لە ئەمینداری گشتی حزبەکە و ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندییان نیشاندا. 
ئەم بڕیارە چەند خاڵێکی تێدا بوو کە ئەگەر ئێستاش جێبەجێبکرێت، ئەوا ئاشتی و ئارامیی دەگەڕێنێتەوە خوارووی لوبنان و باکووری ئیسرائیل کە خەڵکی مەدەنی لێی سوودمەند دەبن و دەحەوێنەوە.
بەڵام لە زۆر جێی جیهان، هەڵگیرسێنەری جەنگەکان، سیاسییە بازرگان و چاوچنۆکەکانن، ئەوانەن کە ساڵێک پێش هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیان، جەنگێک دەخوڵقێنن و گرەو لەسەر بردنەوەی دەکەن تا هەڵبژاردنەکە ببنەوە.
بە درێژایی ئەم 18 ساڵی رابردووی دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە1701، واتا لە دوای 2006 وە، چوار خولی هەڵبژاردن لە ئەمریکا کراوە، هەریەک لە جۆرج دەبلیو بۆش، باراک ئۆباما، دۆنالد ترەمپ، جۆ بایدن سەرۆکایەتیی ئەمریکایان کردووە تا ئەمڕۆ، واتا هەردوو حزبی سەرەکیش لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بەشدارییان کردووە، بەم پێیەش سیاسەتی هەردووکیان لەڕێگەی چوار سەرۆکەوە 18 ساڵی رابردووی بینیوە، بەڵام کێشە سەرەکییەکان، لەوانە نێوانی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەک لە حزبوڵڵای لوبنان و حەماسی فەلەستین، وەک خۆی ماوە و خراپتر بووە نەک باشتر، فراوانتر بووە نەک سنووردار.
لێرەوە لەوە تێدەگەین کە بە گۆڕینی سەرۆک یان حزبی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بەو کێشە جیهانییە درێژخایەنانە بە جۆرێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت، ئەمەش دیارە پلانە ستراتیژییە سەربازیی و هەواڵگرییەکەی لە پشتەوەیە.
جەنگی ئیسرائیل بۆسەر غەززە هێشتا درێژەی هەیە، لەپاڵیشیدا دانوستان بەردەوامە، سەرباز و چەکدارەکانی تر لە مەیدانی شەڕدا یەکتر دەکوژن، سیاسییەکانیش لە پایتەختەکانی کەنداو لەگەڵ سەرۆکی مۆساد و کەسایەتییە هەواڵگری و سەربازییەکانی هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە دانوستانی بێ ئەنجامدان.
ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو هێرشەدا کە حەماس کردییە سەر ئیسرائیل و بەدوایدا ئیسرائیل لەرێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە، هێندەی توانیبێتی غەززەی وێرانکردووە، ژمارەی ئەوانەی لەم شارەدا کوژراون 43 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، جگە لە دەیان هەزار بریندار و پەککەوتوو. 
وەک دەڵێن زیاتر لە سێ چارەکی شارەکە زیانی پێگەیشتووە، سەیر لەوەدایە لەدوای دوو مانگی جەنگەکەوە، هەردوو لا ئامادەی گفتوگۆ و راگرتنی جەنگن، چەندین کۆبوونەوەشیان کردووە، بەڵام رێکناکەون، یەکێکیش لە هۆکارەکان، جیاوازیی لە ناو خودی سەرکردەکانی هەردوو لا سەبارەت بە چۆنێتی راگرتن و درێژەپێدانی جەنگ هەیە.

هەڵگیرسێنەری جەنگەکان، سیاسییە بازرگان و چاوچنۆکەکانن، کە ساڵێک پێش هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیان، جەنگێک دەخوڵقێنن و گرەو لەسەر بردنەوەی دەکەن


لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنی ئەمریکادان
دوا سەرکردەی حەماس کە کوژرا سینوار بوو، دەیانووت ئەو رێگرە لەبەردەم راوەستانی جەنگەکە، بەڵام بە نەمانی ئەویش بەردەوامە، بۆیە دەکرێت بڵێین، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕیاری چارەنووسی جەنگ دەدات، هەروا دوو باڵی ناو حکومەتی ئیسرائیل کە پێکدێن لە ناتانیاهۆی سەرۆکی حکومەت و غالانتی وەزیری بەرگریی لە ململانێی ئەوەدان کە سەرۆکی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل ببەن بۆ خۆیان، ناتانیاهۆ دەیەوێت بە سەرکەوتوویی لەم جەنگە دەربچێت، بەڵام چاوەڕێی بەڵێنی ترەمپی کۆمارییەکان دەکات، کە لەدوا سەردانی ناتانیاهۆدا بۆ واشنگتۆن لە دیداریدا لەگەڵ ترەمپ وەک بەڵێنی پشتگیری لە ترەمپی وەرگرتووە، جا ئەگەر ئەمیان دەربچێت ئەوا ناتانیاهۆ پشت ئەستوور دەبێت و دەکرێت جەنگەکە رانەگرێت تا ئامانجی زیاتر بەدیدێنێت.
ئەگەر کەمالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان دەربچێت، رەنگە بۆ ناتانیاهۆ باش نەبێت و بە پێچەوانەوە بۆ غالانت باش بێت، چونکە ئەمیان رەخنەی زۆری لە سیاسەتی ناتانیاهۆ هەیە و پێی وایە نەدەبوو ئەم جەنگە هێندە درێژەی بکێشایە، بەرای ئەو دەبوا ئیسرائیل بە براوەیی دەمێک بوو کۆتایی پێبێنایە، بەتایبەتی دوای هەڵکشانی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئیران بۆسەر یەکتر.
ئێستا لە لوبنان و غەززە، رۆژانە دەیان تۆن باروت دەڕێژرێت بەسەر خەڵک و بێجیاوازیی لە مەدەنی و سەربازی دەکوژرێت، ئەوانەش کە درێژەدانی جەنگ لە سوودیانە و بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریکان کە لە 5ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
ئیسرائیلیش چارەنووسی جەنگەکانی بەستووە بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەوە و خەڵکیش لە قورسترین ژیاندا لە ناو چادر و کەلاوە و بن دیواری رووخاودا و لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشیدا جگە لە نزاو پاڕانەوە هیچ دەسەڵاتێکی دیکەیان نییە. زۆرێکیش لە سەرکردە جەنگییەکان باس لە مرۆڤ دۆستی و مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام نازانن هیچ بۆمبێکی ئەوان تەنها و تەنها ئەو کەسە ناکوژێت کە بە ئامانجی دەگرن، بەڵکو دەیانی دیکەش لە کەسانی دەرەوەی جەنگ و ململانێکان دەبنە قوربانی.

وتارەکانی نوسەر