هێنانەدیی ئاشتی هەر لێدوان نییە، بوێری دەوێت

11:13 - 2024-11-03
هیوا محەمەد
185 خوێندراوەتەوە

خاوەندارێتی بەو مانایە دێت هەر کەس و گروپێک شوێنێکی ئاوەدان کردبێتەوە، مافی خۆیەتی بیپارێزێت و داکۆکی لێبکات و لە کاول بوون بیپارێزێت، ئەمەش لە دێر زەمانەوە هاتووە و ئێستا بەتێپەڕینی بەچەندین وەچەدا بۆتە موڵکی یان نەتەوەیەک و پێی دەوترێت نیشتمان.
کورد بە هۆکاری نەبوونی یەکڕیزی بێت یان دابەشبوونیان بەسەر ئایینی جیاوازدا، نەیانتوانیوە خاکێکی سەربەخۆیان هەبێت، دیارە ئەمەش لەوەوە هاتووە هێزدارەکان بێهێزەکانیان لەخۆیاندا ون کردووە و سەرکوتیان کردووە و مەجبوریان کردوون ببن بە بەشێک لەوان.
کورد زۆرترینی مێژووەکەی هەر لە سەنگەری داکۆکیکردندا بووە، بەرامبەرەکانیشی هەر چەساندویانەتەوە.
لە 100 ساڵی رابردووەوە تا ئەمڕۆ، کورد لە هەموو پارچەکانی کە ئێستا خۆی خاوەندارێتی ناکات، لە شۆڕش و قوربانیدا داندا بووە، تەنها شتێک کە وایکردووە ناسنامەی نەسڕدرێتەوە، ئەم خۆڕاگری و بەرخۆدانەی بووە، لەگەڵیشیدا بە سەدان هەزار مرۆڤی بوونەتە قوربانی، لە بەرامبەریشدا هێنەدەش لە نەتەوەکانی تر بوونەتە قوربانی ئەم ململانێ و بەرەنگار بوونەوانە.
ئێستا کورد بەهەر هۆکارێک بێت داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناکات، هەموو ئامانجی لە ئیدارەیەکی خۆسەریی یان بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیدا کۆدەبێتەوە. 
هاوکێشە ئیقلمی و جیهانییەکانیش بە هۆی رووداو و جەنگەکانەوە، نەیانتوانی پێگەیەکی نەتەوەیی بۆ کورد دابینبکەن، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی نەتەوە ناکۆکەکان، لەژێر گوشاری ئیستیعماری کۆن و زلهێزەکانی ئەمڕۆدا، لە روانگەی چاوچنۆکییانەوە لەسەر دابەشکردنی سەرەوەتەکانی ناوچەکە، مل نانێن بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان. 
زیاتر لە 40 ساڵە بزووتنەوەیەکی رێکخراوەیی سەربازی و سیاسی لە باکووری کوردستان، هەیە و لە هەموو جۆرێک چالاکی دەکەن و لەگەڵ چەندین حکومەتی یەک لەدوای یەکی ئەو وڵاتەدا لە شەڕدا بوون و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی لە کورد و تورک، کەچی هێشتا تورەکەکان بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە بێن بە ئاشتی ئەو مافانەی زەوتیان کردووە بیگەڕێننەوە بۆ کورد و ئەو خوێنڕشتنە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە، لەمەیاندا زیاتر کورد بیریکردۆتەوە و رازیبووە کە بە ئاشتییانە چارەی کێشەکانیان بکەن، بەڵام ئەو سیاسییە تورکپەرستانەی دەبنە رابەر و سەرکردەی حزبەکانیان و دەسەڵاتیان دەبێت، ناهێڵن ئەم ئاشتییە بێتە کایەوە.
ئێستا دەنگۆی ئاشتی جارێکی تر هاتۆتەوە سەرزار، هۆکاریش ئیقلیمی و دۆخی ناوچەکەیە، نەک باشیی هەستی نەیارەکانی کورد، جا گرنگ ئەوەیە پرۆسەکە چۆن هاتووە و کوردیش چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات؟ هەندێک دەڵێن دەبێت پەکەکە کە دەچێتە دانوستانەوە، کوردی رۆژئاواش بخاتە پاکێجی گفتوگۆکانەوە، هەندێکیش بە پێچەوانەوە دەڕوانن، بەندە پێموایە بەستنەوەی کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە بە رۆژائاواوە، پرۆسەکە ئاڵۆزدەکات، چونکە رۆژئاوا بەشێک نییە لە تورکیا و ئەوانیش خەسڵەت و هەلومەرجی تایبەتی خۆیان هەیە کە لەناو چوارچێوەی سوریادا چارە دەبێت، جا بۆئەوەی ئەم فرسەتی ئاشتییە(ئەگەر هەبێت) نابێت ببەسترێتەوە بە رۆژئاواوە و کورد لە باکوور هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام لەسەر حسابی گەیاندنی زیان بە رۆژئاوا نا، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی تورکیا و کێشەی کورد و تورک و بەس.

وتارەکانی نوسەر