هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا

ئاڕاستەی جەنگەکان بەرەو کوێ دەبات؟

09:55 - 2024-11-05
هیوا محەمەد
342 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

زۆرێک لە شرۆڤەکاران هەموو ئەو رووداوانەی ئێستا لەسەر زەوی هەن، لە قەیران و ناکۆکییە ئابوورییەکان لە نێوان زلهێزەکاندا، لە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەک لە حەماس و حزبوڵڵا و حوسییەکان و ئێران و سوریا، جەنگی ناوخۆی سودان، تایوان و چین، کۆریای باکوور، ترس لە بەرەو پێشچوونی توانای ئابووریی چین و داگیرکردنی بازاڕی جیهان، هەموو ئەمانە و زۆری تر راوەستاون لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەمەش لەو روانگەوە گوایە جیاوازیی هەیە لە نێوان سیاسەتی هەریەک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بەرامبەر بە رووداو و کێشە جیهانییەکان.
وەک نموونەیەکی ئاسان، نزیک بە 50 ساڵە ناوخۆی لوبنان ئاژاوەیە و شەڕە و ماڵوێرانییە، لەو ماوەیەشدا ئەو دوو حزبە دەستاودەستی دەسەڵاتیان کردووە و شتێکی ئەوتۆش نەگۆڕاوە، لەگەڵیشیدا دوو لووتکەیی جیهانیش نەما بە داڕمانی بلۆکی سوشیالیستی بە رابەرایەتی یەکێتیی سۆڤیەت.
لە 23 ساڵی رابردوەوە، نەتوانرا تیروریستانی وەک تاڵیبان لە ناو ببرێت، ئەگەرچی ئەمریکا بۆ ماوەی 20 ساڵ داگیری کرد و خۆی سەپاند بەسەریاندا، خۆ لەو ماوەیەشدا بە هەمان شێوە حکومڕانیی لە ئەمریکا لای هەردوو حزب بووە.
لەسەر دەستی ترەمپی کۆمارییەکان رێکەوتننامەی نێوان ئێران بە ناوی 5  + 1 رەتکرایەوە کە لەسەردەستی ئۆبامای دیموکراتەکان کرا بوو.
لەم چوار ساڵەی رابردوودا، لەسەردەمی بایدنی دیموکراتەکاندا، جەنگی ئۆکرانیا و روسیا سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە دۆخی ئەوروپای تێکداوە چ لە رووی ئابوورییەوە چ لە رووی ئاوارەبوونی سەدان هەزار ئۆکرانی بۆ ناو وڵاتەکانی ئەوروپا و دروستکردنی کێشە بۆیان. 
چین بە رێژەی بەرچاو پێشکەوتووە و بەرەو سەر هەڵکشاوە، بایدن و دیموکراتەکان نەیانتوانیوە لێی کەمکەنەوە یان رایبگرن. 
جەنگی غەززە سەریهەڵداوە و ئەم شارە سێ چارەکی تەخت کراوە و نزیکەی 45 هەزار کەس کوژراوە، بە بەرچاوی دیموکراتەکانەوە و بەتایبەتیش کەمالا هاریسی جێگری بایدن کە کاندیدە بۆ داهاتوو. 
هەروەها جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا و لوبنان و کوشتنی دەیان کەس لە سەرکردەکانیان،
حوسییەکان و دەستگرتن بەسەر سەقامگیریی دەریادا، لەم سەردەمەدا دروستبوون. 
هیچ کێشەیەک یان جەنگێک لەوانەی کە لە سەردەمی کۆمارییەکان هەبوون، لەسەر دەستی دیموکراتەکان چارەسەر نەکراوە و ئێستاش بە هەڵواسراوی ماوە، گوایە بە دەرچوونی یەک لەو دوانە، رەوشەکان دەگۆڕدرێت. 
کەمالا هاریس بە سۆزدارییەوە قسە دەکات و دەیەوێت بڵێت ئێمە دژی کوشتنی خەڵکی مەدەنین، ئەگەرچی دەزانێت کە زیاتر لە 15 هەزار کەس لەو کوژراوانەی غەززە منداڵن.
ترەمپ بە نەتانیاهۆی وتووە کە هەر خۆی دەزانێت ئەو جەنگە چۆن لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل کۆتایی پێدێنێت، هەر وەک چۆن دەڵێت جەنگی روسیا و ئوکرانیا بە 24 سەعات کۆتایی پێدێنم.
کێشەی کورد لەگەڵ تورکیای چالاک لە ناتۆدا، لەسەردەمی هیچکامیاندا باشیی بەخۆوە نەدیوە و چۆن بووە هەروا ماوە، بچوکترین نموونەش ئەوەیە کە سەرۆکی پەکەکە 25 ساڵە هەر لە زیندانە و پەکەکەش بە تیروریست ناسێنراوە.

وتارەکانی نوسەر