د. عومەر عەلی ئەحمەد
هەموو مرۆڤێک بە دوای بەختەوەریدا دەگەڕێت و، خەون بە ژیانێکەوە دەبینێت لێوانلێوبێت لە ئاسوودەیی. مرۆڤ بەدوای لانەیەکی ئارامدا دەگەڕێت نەک بە تەنها لە ژینگەی دەرەوە، بەڵکو زیاتر لە ناخی خۆی و ژینگە دەروونییەکەیدا هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو لانەیە دەدات. هەرچەندە بەختەوەریی لە قوڵایی مرۆڤ و تێڕوانینی بۆ دونیا و ژینگەی چواردەوری سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بەرلەوە هەستکردن بەو ئاسوودەییە لە قوڵایی دڵەوە ئەسڵەکەیە.
هیچ پێوەرێک بۆ بەختەوەری نییە و ناتوانرێت پەیوەست بکرێت بەو شتانەی مرۆڤ بەدەستی هێناوە لەڕووی سامان، شکۆمەندی، یان بەخششەکانی تری دونیا. چونکە بەختەوەری، پیشەسازییەکی ناوخۆییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، ناتوانین پێکهاتەکانی یان هۆکارەکانی دیاری بکەین.
لە سەدەی هەژدەهەمدا لە دانیمارک وشەی «هیگ» دەرکەوت، بەگشتی بەو واتایە دێت کە ئێمە گرنگی بە شتە بچووکەکانی رۆژانە بدەین و چێژیان لێ وەربگرین، چونکە ئەوە تێڕوانینی ئەرێنییە لەسەر ژیان. دانیمارکییەکان حەز دەکەن هەندێک کات لەگەڵ خێزانەکەیاندا بەیەکەوە بەسەر بەرن، و رۆژانە دوور لە کارکردن، بە شتە سادەکانەوە ئارامبگرن، ئەمەش رەنگە رۆیشتن بێت لە پارکێکدا، خواردنی خواردنێکی کەم، یان خواردنەوەی کوپێک شوکولاتەی گەرم، مۆسیقایەکی بێدەنگ و رووناکی گونجاو بێت، ئەم گرنگیدانە بە وردەکارییە بچووکەکان، هەستێکی ئاسوودەیی دەبەخشێت، هەربۆیە ئاسوودەیی و بەختەوەریی ناچنە ناو چوارچێوەی هیچ یاسایەکەوە.
هیچ پێوەرێک بۆ بەختەوەری نییە و ناتوانرێت پەیوەست بکرێت بەو شتانەی مرۆڤ بەدەستی هێناوە لەڕووی سامان، شکۆمەندی، یان بەخششەکانی تری دونیا
کلیلی سەرەکیی بەختەوەریی
سەرەڕای هەموو ئەمانە ناکرێت بێ گوێدانە ئامانجە باڵاکان و کەرامەت و حورمەتگرتنی خۆت و ئەوانی تر، هەر شتێک مرۆڤ دڵخۆش بکات بە بەختەوەریی هەژماری بکەین، تەنانەت گەر ئەو خۆشییەش لەسەر حسابی شکاندنی خودی کەسەکە بێت. لەم بارەوە زانایانی تەندروستی دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستکردن بە دڵخۆشی بۆ هەستکردن بە بەهای خۆمان دەگەڕێتەوە و، بیرکردنەوەی ئەرێنی بە کلیلی سەرەکیی بەختەوەریی دادەنرێت، هەربۆیە دەبێت کار بکەین بۆ پەرەپێدانی ئەم هەستە و ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، سەرنجمان لەسەر خاڵە بەهێزەکان بێت لە کەسایەتیمان، کار بکەین بۆ زاڵبوون بەسەر لاوازییەکاندا.
ئێمە رۆژانە شایەتحاڵی ئەو هەموو خۆسووککردن و خۆشکاندنەین کە مرۆڤەکانی ئێمە لە دونیای سایبەر و سۆشیال میدیا بەسەر خۆیاندا دەهێنن، ئەمەش تەنها لەبەر وەچەنگخستنی هەندێک پارە و فۆڵۆوەرس و هەوادار، یان لەلایڤێکی تیکتۆکدا بڕێک پارە پەیدا بکەن، ئەمە جگە لە شکاندنی کەرامەتی ئینسانبوونی خۆیان و بەختەوەرییەکی ساختە هیچی تر نییە. لەڕاستیدا پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ئاڵۆزترین پەیوەندییە و بە دەگمەن هیچ کام لە ئێمە بە قووڵی بیر لەم پەیوەندییە دەکەینەوە، چونکە ئێمە سەرقاڵی ناوبانگ و سەرکەوتن و خۆدەرخستن و دەوڵەمەندبوونی ساختەین و، بە وردی چاودێری ئەو ئاڕاستەیە دەکەین کە بەرەو دەرەوە رەنگدانەوەی هەیە، بەڵام گەر بەرەو ناوەوە بگەڕێینەوە و، وەکو هەڵسەنگێنەر تەماشای خۆمان بکەین، ئەوا کەموکوڕییەکان چارەسەر دەکەین و دەتوانین خۆمان بناسین و قەدری خۆمان بزانین و خۆشمان خۆش بوێت.
سەرچاوەی کێشە دەروونییەکان
رێزگرتنی خود (Self Esteem) یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی تەندروستی دەروونی، ئاڕاستەی هیومانی لە دەروونناسیدا زۆر بایەخ بەم چەمکە دەدەن، بە تایبەت چەمکی خود، کارل رۆجەرز لە دیارترین زاناکانی ئەم ئاڕاستەیەیە. ئەو وایدەبێنێ کە سەرچاوەی زۆربەی کێشە دەروونییەکان لە تێڕوانینی خەڵکدایە بۆ خۆیان وەک کەسانی بێتوانا و ناشایستەی خۆشەویستی تەماشای خۆیان دەکەن، هەر بۆیەش باوەڕی بە گرنگی قبوڵکردنی بێ مەرج هەیە. کە بەهای خۆت لە بەهای ئەوەی کە (تۆ چیت) یان ئەوەی دەیکەیت جیا دەکاتەوە. تێرکردنی ئەم پێویستییە، لە روانگەی رۆجەرزەوە، کەسەکە بەرز دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە زۆرترین تواناکانی خۆی.
بە گوێرەی (Nathaniel Branden) ریزگرتنی خود لە دوو بەشی بنەڕەتی پێکدێت: یەکەمیان لێهاتووی خودییە و هەستکردنە بە متمانە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ژیان، دووەمیان رێزگرتنە لە خود بە واتای جەختکردنەوە لەسەر بەها و شایستەی ژیان و بەختەوەریی و هەستکردن بە ئاسوودەیی لە جەختکردنەوە لەسەر بیرکردنەوە و ئارەزوو و پێداویستییەکان بە شێوەیەکی گونجاو، هەستکردن بەوەی کە خۆشی و رازیبوون مافی لەدایکبوونی مرۆڤە. هاوکات دەتوانرێت بوترێت جەختکردنەوە لە رێزگرتنی خود لە دەرووندروستی و زۆربەی ئاڕاستە فەلسەفییەکان، بەرگرییەکی پێشوەختەیە لەوەی مرۆڤ نەکەوێتە ناو تەڵەکانی ژیان، نابێ لە پێناوی هیچ شتێکدا کەرامەتی خۆی بشکێنێت و یاری بە ئابڕووی خۆی بکات.
رێزگرتنی خود
کۆمەڵناسەکان لەو باوەڕەدان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان رێزگرتنی خود و کارلێکی کۆمەڵایەتیدا هەیە، چونکە گەر مرۆڤ رێزی خۆی گرت و پێزانینی هەبوو بۆ خۆی کە خۆی دەبینێتەوە لە یاریکردن لەگەڵ ئەوانی تر و دەربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ ئەوانی تر و دەربڕینی خۆشی و هەوڵدان بۆ خۆشەویستبوون لەلای ئەوانی تر، هەموو ئەمانە کە رێزگرتنی خودن هۆکاریشن بۆ فراوانبوونی کارلێکی کۆمەڵایەتی و درووستبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، بەڵام هیچ کام لەمانە نابنە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە رێگەی خۆ سووککردنەوە هەوڵی خۆ خۆشەویستکردن بدات لەلای ئەوانی تر.
کەواتە ریزگرتنی خود گرنگییەکی زۆری لە پەرەپێدانی تواناکانی تاکدا هەیە بۆ مامەڵەکردنی ئەرێنی لەگەڵ ئەو ئەزموونەی کە لە سەرکەوتن یان شکستەوە سەرهەڵدەدات، چونکە کەسانی خەمۆک سەرکەوتنەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ بارودۆخی دەرەکی لە کاتێکدا شکستەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ تواناکانی خۆیان. کاتێک لێیان دەپرسی ئەو بەختەوەرییەی تۆ ساختەیە و بۆ خۆتت کردووە بە گاڵتەجار، هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ خودی خۆی، دەڵێت من هەر وام و سروشتم وایە.