سەبارەت بە رۆژنامەگەریی مۆبایل

09:35 - 2022-06-04
ئەركان جەبار
608 خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە ماستەرنامەیەکی پەسەندکراوی بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە بۆ ئەم کات و سەردەمە هەفتانە بە چەند بەشێک بڵاویدەکەینەوە:
بەشی دووەم
سەرهەڵدانی رۆژنامەگەریی مۆبایل، پەیوەستە بە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای دروستكردنی مۆبایلی زیرەك (smart phones) لە جیهاندا، بەشێوەیەك لە كۆتاییەكانی سەدەی رابردوودا مۆبایل لەلایەن هاووڵاتیانی ئاساییەوە تەنیا بەكاردەهێنرا، بەمەبەستی پەیوەندیكردن و تۆماركردنی وێنە، بەڵام دواتر لەگەڵ گەشەسەندنی زیاتری مۆبایل لە رووی تەكنیكییەوە، بەكاربردنی ئەو ئامرازە گۆڕدرا و بوو بە ئامرازێكی نوێی میدیایی لە پاش رۆژنامە و ئێزگە و تەلەفیزیۆن و ئینتەرنێتەوە.
مێژووی سەرهەڵدان ‌و بەكارهێنانی مۆبایل وەكو ئامرازێك بۆ كاری میدیایی، هاوشێوەی پرسەكانی دیكە، ناكۆكی لە ساڵ ‌و چۆنێتی سەرهەڵدانیدا هەیە، ئیبراهیم ئیسماعیل لە كتێبی (الأعلام المعاصر)دا ئاماژەی بەوە داوە، بۆ یەكمجار رۆژی (7)ی یەنایەری ساڵی 1995، مۆبایلی گەڕۆك لە بواری گواستنەوەی هەواڵ ‌و فۆتۆجۆرنالیستدا بەكارهێنرا، كاتێك میدیاكارێكی گۆڤاری (Times)ی بەریتانی بەناوی (Cey Gilbert)، كورتە هەواڵێكی هاوپێچ بە چەند وێنەیەك ئامادەكرد، لەبارەی سەرگوزشتەی گەشتەكەی لە شاری لەندەنەوە بۆ واشنتۆن، دواتر لەناو فڕۆكەوە و لە رێگەی مۆبایلەوە، هەواڵ ‌و وێنەكانی بۆ بارەگای گۆڤارەكە گواستەوە، بۆیە بە یەكەم دامەزراوەی میدیایی لە جیهاندا دادەنرێت كە مۆبایلی وەكو سەرچاوەی ئامادەكردنی هەواڵ ‌و گواستنەوەی داتا و وێنە بەكارهێنابێت.
بەشێكی دیكە لە توێژەران، سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی 2003 و لە سەروبەندی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادی عیراقدا، كاتێك مۆبایل وەكو ئامرازێك بۆ گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەكانی جەنگ لە عیراقدا بەكارهێنرا. دواتر لە رۆژی (17)ی فێبرایەری ساڵی 2004، رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی بۆ یەكەمجار وێنەی تۆماركراو بە مۆبایل لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكەدا بڵاوكردەوە، هەرچەندە وێنەكە بۆ رووداوێكی ئاسایی بوو (وێنەی ئیمزاكردنی گرێبەستی هەردوو كۆمپانیای پەیوەندیكردن ETNE  ‌و سینگیولار) بەڵام بوو بە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی رۆژنامەگەریی مۆبایلدا.
هاوكات زنجیرە تەقینەوەكانی شاری مەدریدی ئیسپانیا ‌و زریانی تسۆنامی لە ئیندۆنوسیا كە لە ساڵی 2004دا روویاندا، لە رێگەی مۆبایلەوە وێنەی رووداوەكان تۆماركران، پاشان لە ساڵی 2005 و لە رووماڵكردنی تەقینەوەكانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا، مۆبایل وەكو ئامرازێك بۆ بەرهەمی میدیایی لەلایەن رۆژنامەوانانەوە بەكارهێنرا.
هەندێك سەرچاوەی زانستیی دیكە، سەرهەڵدان و پێشكەوتنی رۆژنامەگەریی مۆبایل دەبەستنەوە بە چەمك و بەكارهێنانی لە بواری رووماڵكردن و گواستنەوەی هەواڵدا، بە شێوەیەك لە رووی چەمكەوە، لەساڵی 2005 ەوە رۆژنامەگەریی مۆبایل لە بواری میدیادا بەكاردەهێنرێت، لە بواری رۆژنامەگەریی هەواڵیشدا، یەكەمجار لە شاری (فورت مایرز)ی ویلایەتی فلۆریدا ئەم رۆژنامەگەرییە سەریهەڵدا. ئێستاش ئەم چەمكە لە زنجیرە رۆژنامەكانی (گانیت) لە ئەمریكا بەكاردەهێنرێت.
لە سەرەتای بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەكدا وەكو ئامرازێك بۆ كاری میدیایی، تەنیا دەتوانرا تەكنیكی نووسینی تێكست ‌و تۆماركردنی وێنەی كوالێتی نزم ‌و پاشان گواستنەوەی بكرێت، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای مۆبایل ‌و گۆڕانكارییە خێراكانی بواری میدیای نوێدا، رۆژنامەگەریی مۆبایل پەیدابوو، ئێستا بۆتە ئامرازێك دەتوانرێت لە میدیای (بینراو، بیستراو و خوێنراو)دا رۆڵی هەبێت ‌و ببێت بە ئامرازێكی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی هەواڵ ‌و وێنە و ڤیدیۆ و دەنگ.
لە ساڵی 2008 و لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، مۆبایل وەكو ئامرازێكی میدیایی كارا و كاریگەر دەركەوت، كاتێك (باراك ئۆباما) وەكو كاندیدی دیموكراتەكان لە رێگەی مۆبایلی جۆری (بلاك بێری)یەوە لە پەیوەندیی ‌و هەماهەنگیدا بوو لەگەڵ سەرۆكی تیمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە تەواوی ویلایەتەكانی ئەمریكادا، بە جۆرێك توانی لە رێگەی ئەو ئامێرە بچووكەوە، كاروبارە میدیاییەكانی بە وردی بەڕێوەبەرێت ‌و دواتر سەركەوتن بەسەر (جۆن مەكین)ی ركابەرەكەیدا تۆمار بكات.
لەگەڵ پێشكەوتنی زیاتری تەكنەلۆجیای مۆبایلی گەڕۆك ‌و داهێنانی مۆبایلی زیرەكدا (نەوەی چوارەمی مۆبایلی گەڕۆك) لەلایەن كۆمپانیا زەبەلاحەكانەوە، لە ساڵی 2010دا رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە یەكەم لاپەڕەیدا چیرۆكە هەواڵێكی وێنەیی بڵاوكردەوە ژیانی سەربازێكی ئەمریكایی لە سەربازگەكانی ئەفغانستان دەگێڕایەوە، كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی میدیایی دروستكرد، نەك بەهۆی ناوەڕۆكی وێنەكانەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی (دیمون وینتر)ی فۆتۆگرافەر لە رێگەی مۆبایلی زیرەكەوە وێنەكانی تۆمار كردبوو.
لە ساڵی 2012یشدا، (ناتالیا ئتیلافا) پەیامنێری كەناڵی تەلەفیزیۆنیی (BBC)، خەڵاتی رۆژنامەوانیی بیانی پێبەخشرا، بەهۆی ئامادەكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لە رێگەی مۆبایلی زیرەكی ئایفۆنەوە، لەبارەی سیاسەتی حكومەتی ئۆزپاكستان لە دیاردەی «پاكژكردنەوەی ژنان بە نهێنی»، كە ماوەی فیلمەكە 25 خولەك بوو، دواتر لەگەڵ پێشخستنی تەكنیكی كامێرا و دەنگ لە مۆبایلی زیرەكدا و زیادبوونی ژمارەی پرۆگرامەكانی هەردوو سیستمی (IOS) و (Android)، رۆژنامەگەریی مۆبایل بووە كارێكی رۆژنامەوانیی باو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
بەشێوەیەكی گشتیی دەتوانرێت سەرهەڵدان و پێشكەوتنی رۆژنامەگەریی مۆبایل لە جیهاندا بۆ سێ قۆناغی سەرەكی پۆلێن بكرێت:
قۆناغی یەكەم
لەم قۆناغەدا كە سەرەتای دەركەوتنی مۆبایلە، مۆبایلی گەڕۆك وەكو ئامرازێك بەكارهێنرا بەمەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی كورتەنامە SMS و نامەی مۆڵتی میدیا SMM.
قۆناغی دووەم
 لەم قۆناغەدا خزمەتگوزارییەكانی (3G) و (4G) بۆ تۆڕەكانی پەیوەندیكردن پەیدا بوو، كە پاڵشتیی تەكنیكیی (مۆبایلی زیرەك و تابلێت و ئایپاد)یان كرد، ئەمە جگە لە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای دروستكردنی مۆبایلی شاشە گەورە و زیادكردنی توانای هارد و رام. بەشێوەیەك لەم قۆناغەدا بەكاربەر توانی بگات بە هەواڵ و ناوەڕۆكە میدیاییەكان لە رێگەی مۆبایلی زیرەكەوە، هاوكات توانرا بە مۆبایلی زیرەك هونەرە میدیاییەكان بە كوالێتی HD و 4k بەرهەم بهێنرێت و هەر لە رێگەی ئەم ئامێرەوە بڵاوبكرێتەوە.
قۆناغی سێیەم
ئێستا ئێمە لە سەرەتای ئەم قۆناغەداین، قۆناغی باڵادەستیی رۆژنامەگەریی مۆبایل، كە لە گۆڕەپانی میدیادا ئامادەیی خۆی سەپاندووە، پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە، نووسینگەی كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان پەراوێزبخات و كاری تیمی رووماڵكردن كۆتایی بێت و تەنیا كەسێك بە مۆبایلێكی زیرەكەوە، كارەكان بەڕێوەبەرێت.
* ماستەر لە تەكنيكي ميديا

وتارەکانی نوسەر