دیوەکانی دیکەی وشە

نیوسەدە لەمەوبەر (نەوشیروان مستەفا) یەكەم دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد) ساز كرد

10:47 - 2024-11-12
مەریوان مەسعود
194 خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم ئەحمەد وەكو سكرتێری گشتیی (پارتی) بۆچی وتی: گۆڤاری (رزگاری)م ئاوها ئەوێت! 
كتێبی (كوردایەتی) لە یەكەم ژمارەی گۆڤاری رزگاری-دا چ پەیامێكی لە پشت بوو؟

گۆڤاری (رزگاری) كە باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1969 تا 1970 دەریانكردووە، سێ‌ كاراكتەری سەرەكی لە گۆڤارەكە رۆڵیان هەبووە، ئەوانیش مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال تاڵەبانی لەلایەك و نەوشیروان مستەفا لەلایەكی تر، بۆیە ئەم گۆڤارە بە یەكێك لە وێستگە گرنگەكانی مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیی و (پارتی) دادەنرێت، چونكە بازدانێكی جۆریی بوو لە پەیام و ئاراستەكردن لە گۆڤارەكەدا، جگە لەمەش لە شێوازی داڕشتنی هەواڵ و ئەنجامدانی دیداری رۆژنامەنووسی و بڵاوكردنەوەی وتاری سیاسی و وەرگێڕانەوە پشتیان بە نوێترین میتۆدی جیهانیی ئەو سەردەمە بەستووە كە جێگای سەرنجە.
گۆڤارەكە، لەوانەیە وەكو مێژوو زۆری لەسەر وترابێت و نووسرابێت، بەڵام من هەوڵدەدەم بچمە قوژبنێكی درك پێنەكراوی گۆڤارەكە، كە خاوەنی ئیمتیازەكەی (نەوشیروان مستەفا) و سەرنووسەرەكەی (شازاد صائب) بووە و لەلایەن هەریەك لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال-ەوە پشتگیریی ماددی و مەعنەوی كراوە، تەنانەت وەكو نەوشیروان مستەفا دەڵێت: (ناوی گۆڤارەكە مام جەلال هەڵیبژارد).

 

گۆڤاری رزگاری، كە ماوەی كەمتر لە ساڵێك بەردەوام بوو، توانی (15) ژمارەی گرنگ دەربكات، ئەوەی بووە جێگای سەرنجی من لەم (15) ژمارەیەدا، دیدارێكی رۆژنامەوانی بوو، كە لە ژمارە (1)ی گۆڤارەكەدا لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سازكراوە، وەكو سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان.
هەرچەندە ناوی گفتوگۆكارەكە نەنووسراوە، بەڵام بە پێی پرسیارەكان و شێوازی نووسینەكە، بێگومانم لەوەی كە خودی (نەوشیروان مستەفا) وەكو خاوەنی ئیتمیازی گۆڤارەكە لەگەڵی سازكردووە، چونكە لە سەرەتای دیدارەكەدا، كە وەكو پێشەكی وایە، نووسراوە:
(رزگاری، بە بۆنەی دەرچوونی یەكەم ژمارەیەوە گفتوگۆیەكی كرد لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد، سكرتێری گشتیی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وا لە خوارەوە پرسیارەكانی رزگاری و وەڵامەكانی مامۆستا بڵاودەكەینەو).
 ئەگەر سەرنجبدەن، ئەمە یەكەم ژمارەی، یەكەم بڵاوكراوەی باڵی مەكتەبی سیاسییە، و یەكەم دیداری رۆژنامەوانیشە لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، بۆیە نەوشیروان مستەفا كە خۆی رۆژنامەنووسێكی بە سەلیقە بووە، دیدارەكەی لەگەڵ سازكردووە، ئەمەش دەبێتە یەكەم دیداری رۆژنامەوانی كە نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خودی ئیبراهیم ئەحمەد سازی كردووە. 

رزگاری-م ئاوها ئەوێت !
دیارە لەم دیدارە رۆژنامەوانییەدا، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەكە، ویستوویەتی بۆچوونی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بزانێت و ئامۆژگارییەكانی وەربگرێت بۆ ئەوەی گۆڤارێكی بەپێز بخاتە بەردیدەی خوێنەران چ وەكو سكرتێری گشتیی پارتی و چ وەكو خاوەن قەڵەمێكی گەورەی كورد كە ئەزموونی دەوڵەمەندترین گۆڤار و بڵاوكراوەی كوردی هەیە، كە ئەوانیش گەلاوێژ و خەبات و كوردستان-ە. بۆیە نەوشیروان مستەفا بە پرسیارێكی زۆر رۆژنامەنووسییانە دەستپێدەكات و دەپرسێت: (هەر وەكو دەزانین بەڕێزتان دەورێكی باڵاتان بووە لە مەیدانی رۆژنامەگەری كوردییا، وە بەتایبەتی كە لەسەر دەستی ئێوەدا گەلاوێژ و خەبات و كوردستان دەرچوون، كە هەریەكەیان لە نۆبەی خۆیدا یەكێ بووە لە هەرە چاكترترین گۆڤار و رۆژنامە كوردییەكان لەڕووی بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی پێشكەوتووانە و شۆڕشگێڕانە و خۆبەستنەوەیان بە مەسەلەكانی گەلی كوردەوە. تكایە لەم رووەوە ئامۆژگاریتان چییە بۆ بنەماڵەی (رزگاری) و ئەتانەوێ‌ رزگاری چۆن بێ‌)؟.
ئەم پرسیارە هی كەسێكی بە ئەزموون و بە سەلیقەی وەكو كاك نەوشیروانە، چونكە پرسیارەكە خۆی لەخۆیدا دەرخەری ئەوەیە كە كەسی پرسیاركەر، كەسێكی رۆشنبیر و بەئاگایە لە مێژووی رۆژنامەگەری و خەباتی كورد، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، دەڵێت: (بەلای منەوە رزگاری بۆ ئەوەی بەڕاستی ناوەكەی خۆی پێ‌ رەوابێت و جێگرەوەی راستەقینەی پیرە (رزگاری) ئۆرگانە بەناوبانگ و پڕ شانازییەكەی پارتی بێت، دەبێ‌ هەمیشە هەڵگری ئاڵا و خەباتكەری كۆڵنەدەری كوردایەتی راست، بڵاوكەرەوەی بێ‌ پەروای بیروباوەڕی پێشكەوتووانە، دوژمنی كۆنەپەرستی و ئیمپرالیزمی خوێنمژ و چەوسێنەری گشت گەلان، بەگژچووی نەبەزی بیرتەسكی نەتەوایەتی و داگیركەرانەی رەگەزەپەرستی، پتەوكەری بنچینەی یەك خەباتی و دۆستایەتی نێوان گەلان، بەهێزكەری برایەتی و هاوئامانجی و هاوخەباتی كورد و عەرەب، پارێزەری ئازا و دڵسۆزی سەربەستی و مافە دیموكراتییەكانی گەلی عیراق و مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد و رووناككەرەوەی رزگاری راستەقینەی كورد و كوردستان بێت. رزگاریم ئاوها ئەوێت، هیواشم زۆرە كە ئەوها بێت).
ئەم وەڵامەی سكرتێری گشتیی پارتی، كە بۆ گۆڤاری رزگاری داوە و لە كۆتایشدا دەڵێت: (رزگاریم ئاوها ئەوێت)، ئەمە دەتوانین وەكو تێڕوانین و بۆچوون و كاری سیاسیی ئەم باڵەی مەكتەبی سیاسیی ناوزەد بكەین كە هەریەك لە ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال رێبەرایەتیان دەكرد و دواتر بوو بە باڵی (جەلالی)، كە بۆچوونی باڵەكەی بەروونی و راشكاویی وتووە و داوای لە زمانحاڵی باڵەكەش كردووە كە گۆڤاری (رزگاری)یە، بەمشێوەیە پلان و بەرنامەكانی داڕێژێت.

دوا نامەی (پارتی)
پرسیارێكی تری نەوشیروان مستەفا لە ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی دوا نامەی پارتییە كە بۆ كۆنگرێسی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی ناردووە، كە داوا لە سكرتێری پارتی دەكات، كورتەیەك لەو نامەیە بۆ خوێنەرانی رزگاری باس بكات، كە تایبەتە بە مافە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد و وەكو بیرەخەرەوەیەك (موزەكەرە) ناردوویانە بۆ حزبی بەعس لەو سەردەمەدا و لە وەڵامدا ئیبراهیم ئەحمەد، دەڵێت: (چەند مانگێك لەمەوبەر پارتیمان لەسەر داخوازی پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتیراكی خۆی، بیرخەرەوەیەكی كورتی پێشكەش كرد لەبارەی رێگەی سەرەتایی و راستیی چارەكردنی مەسەلەی كوردەوە لە عیراقدا).
 دواتر لەبارەی ئەو موزەكەرەیەی كە پارتی پێشكەشی كردووە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بە دووردرێژی خاڵەكانی دەخاتەڕوو كە سەرجەمیان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردە و لە هەمان كاتدا، پێی وایە دەبێت حكومەتی عیراق (گورج و گۆڵ) تر بێت لە بەدیهێنانی داواكارییەكانمان كە هەموویان رەوان و لەبەرژەوەندیی گەلەكەماندایە.

ژانرە نوێكانی رۆژنامەنووسیی لە رزگاری-دا
خاڵێكی تر كە مایەی سەرنجی من بوو، ئەو دیزاین و ناونیشانەیە كە بۆ دیدارەكە دانراوە، كە وەكو هەر دیدارێكی تری رۆژنامەوانی، كە ئێستا (2024) ساز دەكرێت، هەموو ژانرەكانی تێدا رەچاوكراوە، بۆ نموونە: ناونیشانی بابەتەكە گەورەیە و بە دوو فۆنتی جیاواز نووسراوە، دیدارەكە دوو لاپەڕەیە و وەڵامەكان فۆنتەكەی بۆڵد كراوە بۆ ئەوەی دەربكەوێت، جگە لەمەش مانشێت فەرعی بۆ دانراوە و بۆڵد كراوە، بەڵام تاكە شتێك كە بۆ من مایەی پرسیاربوو، بۆچی دیدارەكە وێنەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی لەگەڵ نییە؟ لە كاتێكدا وێنەش ژانرێكی گرنگی دیداری رۆژنامەوانییە و مامۆستا ئیبراهیم كەسایەتییەكی گشتی بووە و دابەزاندنی وێنەكەی ئاسایی بوو.
جگە لەمەش، بۆ پشتیوانیی گۆڤارەكە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد (بلە)، بە زنجیرە رۆمانی (ژانی گەل)ی بڵاودەكردەوە لە ژمارەكانی (5و 6و 7و 8 و 12 و 13)ی گۆڤارەكە لە ژێرناوی خوازراوی (ه.ل.ب)، ناوی (بلە) بوو بە هەڵگەڕاوەیی، بەڵام هەموو سیاسییەكان و نووسەرانی ئەو سەردەمە دەیانزانی ئەمە مامۆستا خۆیەتی. جگە لەمەش لە دوا ژمارەی گۆڤاری رزگاری كە ژمارە (14 و 15)یە و لەسەر بەرگی گۆڤارەكە نووسراوە تایبەتە بە چیرۆك، ئەمجارەیان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەناوی خۆی چیرۆكێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناوی (تۆڵەسەندن)، دیارە چیرۆكەكەی لە شاری كەركوك و لە ساڵی 1945 نووسیوە و یەكەمجارە لە گۆڤارێكدا بڵاوی دەكاتەوە.

كوردایەتی مام جەلال
سەبارەت بە مام جەلال-یش، نەوشیروان مستەفا هەر لە یەكەم ژمارەوە، ویستوویەتی بە خوێنەران بڵێت ئەم گۆڤارە زمانحاڵی رەسمیی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتییە، بۆیە جگە لە دیدارە رۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، بڕگەیەكی گرنگی لە كتێبەكەی (مام جەلال) وەرگرتووە بە ناوی (كوردایەتی) بەناونیشانی (كوردایەتی چییە؟)، لە كۆتایی بڕگەكەشدا نووسراوە: لە كتێبی (كوردایەتی) مامۆستا جەلال تاڵەبانی وەرگیراوە.
واتە مەبەستی نەوشیروان مستەفا ئەوە بووە، كە بە خوێنەران و(جەلالییەكان) بڵێ‌، ئەوەتا دیداری تایبەتی ئیبراهیم ئەحمەد و وتاری تایبەت مام جەلال-مان هەیە!. ئەمەش پەیامێكی روون بووە هەم بۆ دۆست و هەم نەیار لەو سەردەمەدا.

وتارەکانی نوسەر