لەتیف نێروەیی
لێدوان و قسە و پەیامی بەرپرسە باڵاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە رۆژانی بانگەشە و پاشانیش لەدوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە دەیانوت: (یەك حكومەتی سەرتاسەری، یەك هەرێمی كوردستان). لەلایەن جەماوەری كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان و بەتایبەتی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، وەكو هەڵوێست و هەنگاوێكی نوێ و ئەرێنی خوێندنەوە و لێكدانەوەی بۆ دەكرا، كە ئەم هەنگاوە وەكو كرانەوە و دەستپێشخەرییەكی نوێ ببێتە فاكتەری كۆتاییهێنان بە فكری دووئیدارەیی و جیاوازیی نێوان شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، كۆتاییهێنان بەو جیاكارییەی كە لەنێوان هاووڵاتیاندا دەكرا لەسەر ئینتیمای سیاسی و حزبی، بەڵام لەدوای ئەو هەڵوێستە نوێیەی پارتی، لە هەولێری پایتەخت هەندێ بڕیاری رەسمی دەركران كە ناڕێك و پێچەوانەی ئەو پەیام و هەڵوێستە نوێیەی پارتی بوون، كۆمەڵێك پرسیار و تەفسیر و گومان و نیگەرانیی بەدوای خۆیدا هێناوە.
-بۆ نموونە، لە هەولێری پایتەخت كاتێك دەرگای بارەگای نوێنەرایەتیی هەدەپە بەڕەسمی داخرا، تیمەكەیان رەوانەی شاری سلێمانی كرا! لێرەدا قسە لەسەر هۆكاری داخستنی بارەگاكە ناكەین، بەڵكو دەخوازین قسە لەسەر ئەوە بكەین كە بۆچی تیمی هەدەپە رەوانەی سلێمانی بكرێت؟!. لای هەموان مەعلومە لەسەر ئاستی جیهان و لە بواری دیپلۆماسیدا، كاتێك حكومەتی وڵاتێك تیمێكی دیپلۆماتكارانی وڵاتێكی دیكە لەبەر هەر هۆكارێك بێت دووردەخاتەوە، رەوانەی وڵاتەكەی خۆی دەكاتەوە، نەك لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكەی هەمان وڵات دووریبخاتەوە.
-دووەم: وەك هەندێ لە رۆشنبیر و میدیاكاران و چاودێرانی سیاسی دەڵێن: ئەگەر مانەوەی تیمی هەدەپە لە هەولێر مەترسی بێت بۆ سەر هەرێم، رەوانەكردنیشیان بۆ سلێمانی هەر مەترسی بۆ سەر هەرێم دروست دەكات، ئەگەر مانەوەیان لە هەولێر كارێكی نایاساییە، ئەوا مانەوەیان لە سلێمانیش بە هەمان شێوە كارێكی نایاسایی دەبێت، بەهەر پێودانگێك بێت ئەمەی ئیدارەی هەولێر كردوویەتی بۆ هەر مەبەستێك بێت، دەكەوێتە خانەی تۆخكردنەوەی مەیلی دووئیدارەیی و رەنگڕێژكردنەوەی توخوبەكانی نێوان هەردوو دەڤەری سەوز و زەرد.
-لەلایەكی دیكەوە، لە بڕیارێكی دیكەی ئیدارەی هەولێردا و بە نووسراوێكی نهێنی و تایبەت و بە ئیمزای بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، فەرمانی كارگێڕیی دەركراوە بۆ گواستنەوەی مفەوەزێكی پۆلیسی ناوخۆ لە شاری زاخۆوە بۆ قەزای كۆیە، بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت، بەبێ ئەوەی داوای گواستنەوەی كردبێت، بەبێ ئەوەی هیچ كەمتەرخەمی و سەرپێچییەكی كردبێت، تەنها لەبەرئەوەی لە خێزانێكی یەكێتین!. سەیرەكەش لەوەدایە كە نووسراوەكە بە نهێنی و تایبەت لە هەولێرەوە كراوە!. ئەمەش ئەو گومانە لە راستییەوە نزیك دەكاتەوە كە مەیلێكی نوێ هەبێت بۆ تۆخكردنەوەی رووخساری دووئیدارەیی لە هەرێمدا.
-لەم سەروبەندەدا لە سەیتەرەی سەر پردی قەندیل-ی زێی گەورە (زێی بادینان) رێگریی لە كادرێكی دیاری كۆمەڵایەتیی یەكێتی كرا بچێتە ئاكرێ و پێیان راگەیاندووە كە ئەمە ئەمرە و رێگات پێنادەین بچیتە ئاكرێ و دەبێت بگەڕێیتەوە سلێمانی. ئەم رووداوەش هاوشێوەی تیمی هەدەپەیە، چونكە ئەگەر ئەو هەڤاڵە مەترسی بێت بۆ سەر ئاكرێ، ئەوا مەترسیش دەبێت بۆ سەر سلێمانی.
-هەندێ لە چاودێران پێیانوایە كە پارتی بەم رووداوانە پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات و پێیان دەڵێت: ئەگەر پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردنەكان بە دڵی ئێمە نەبێت، مەیلی ئێمە بۆ تۆخكردنی رووخساری دووئیدارەیی؛ زیاتر دەبێت و ئامادەین سەرلەنوێ توخوبەكانی نێوانمان رەنگڕێژ بكەین، ئەمەش نەك هەر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵخۆشكەر نابێت، بەڵكو بە ئاماژەیەكی مەترسیدار و پێشهاتێكی نوێ دەبینرێت.