هەموو شارێك چەند نازناوێكی هەیە، سەرچاوەی ئەوە زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ تایبەتمەندێتی كە لە شار و ناوچەكانی تری جیا دەكەنەوە. سلێمانی، ئەگەرچی تەمەنی كەمترە لە دوو سەدە و نیو، بەڵام لەناو شارە جیاجیاكانی كوردستانی گەورەدا، هەمیشە وەك چەقێكی شارستانیی كەم وێنە، دەردەكەوێت.
لە یادی 240 ساڵەی بنیادنانیدا، بابەت و رووداو و بەسەرهات، یان دەسكەوت و گۆڕانكاری و وەرچەرخانی زۆر هەن كە لەبارەیەوە باس بكرێن، هەریەكەشیان شایەنی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمین. راستە زانكۆكانی هەرێم و بەتایبەتیش زانكۆی دایك خۆی، لە هەموو بەشەكانی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكاندا، ساڵانە هانی خوێندكاران دەدەن كە توێژینەوەیان لەسەری هەبێت، یان بەشێك لە خوێندكارانی خوێندنی باڵا، بەتایبەت لە بەشەكانی مێژوو و جوگرافیا و شوێنەوار و راگەیاندن، سامپڵی نامە و تێزەكانیان لەبارەی ئەم پارێزگایە و دانیشتوانەكەی و دامەزراوە و سێكتەرەكانییەوە بێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێشتا ئاستی بەرهەمهێنانی زانین لەبارەی شارەكە و مێژوو و كەلتور و لایەنە شارستانییەكانییەوە، تینوێتیی مەعریفی ناشكێنن، چ جای ئەوەی بزانین مێژوو وەستانی نییە، ژیانیش تا نەفخی سوور، بەردەوامە.
ئەوەی لەم یادەدا مەبەستمە وەك تایبەتمەندێتییەكی تر بیری بخەمەوە، باری سۆسیۆلۆژیی شارەكەیە كە فۆرمێكی مۆزایكی Mosaic هەیە، بەتایبەتی لەژێر كاریگەریی رووداوە سیاسییەكان، كۆچبەری، خوێندن و گواستنەوەی كار و وەزیفە، جوڵەی بازرگانی، رۆڵی شارەكە خۆیشی وەك ناوەندێكی شارستانیی ماگنێتئاسا لە كۆكردنەوەی خەڵكدا. سلێمانی، لەم رووەوە و لە ئێستادا، پڕ بە مانای وشە، لە پاریسی ئەوروپا دەچێت. پاریس وا ناسراوە هەرچی نەژاد و نەتەوە و كەڵچەر و ئاینی جیاجیای دنیا هەیە، تێیدایە. لە شەقامەكانیدا رێككەوتی هەرچی مەخلوقی سەر رووی زەوی هەیە دەكەیت بەكۆی رەنگ و پێست و بەژن و قەوام و پێكهاتەی دیكەی جیاوازەوە. بۆ ئەوەی بزانیت روخساری دانیشتوانی ئەم ئەستێرەیە چۆنە، بەسە جارێك بە پاریس و بەتایبەت شەقامی دوورودرێژی شانزیلیزێ و دەوروبەری تاوەری ئیڤل -دا بسوڕێیتەوە. واتە لە رووی كۆمەڵگەییەوە، پێكهاتەی زۆربەی دانیشتوانی جیهانی تیا بەدی دەكەیت وەكچۆن خەڵكی هەموو شارەكانی تری فەرەنساشی تیایە.
سلێمانی-یش وەك شارێكی گەورەی كوردستان، تا رادەیەك، هەمان تایبەتمەندیی هەیە. جارێ سەرەتای بنیادنانی خۆی، لە رووی دیموگرافییەوە، جگە لە گوندی دێرینی مەڵكەنی، بریتییە لە كۆكراوەی دەیان و سەدان خێزان لە قەڵاچوالان و ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی. لەسەر ئاستی نیشتمانی، لەدایكبووی هەموو شارەكانی تری باشووری كوردستانی تیایە. لەسەر ئاستی نەتەوەییش، بە سەدان خێزانی كوردی هەر چوار پارچەكەی تیا نیشتەجێیە. لەسەر ئاستی عیراقیش، عەرەب و توركمان و كلدۆئاشوری و پێكهاتەی نەژادی و ئاینی تریشی بۆ هاتووە. بەبۆنەی بواری بازرگانی و دەستی كاری دەرەكیشەوە، بە هەزاران بیانی لەوڵاتانی هەرێمایەتی و ناوچەكە و جیهانیشی تیا كۆبۆتەوە. واتە دیموگرافیایەكی دەوڵەمەندە، چەقێكی فرە رەنگ و مۆزایكی دانیشتووانە. لە دیدی ئێمەدا، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئەم شارە، لە رووی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسیشەوە، كراوە و مۆدێرن بێت و زۆر پێشبكەوێت، پڕ بە پێستی ئەو ناوەش بێت كە پێی دەڵێت: شاری شاران.
[email protected]