سلێمانی و هەستی نەتەوەیی

10:54 - 2024-11-14
گۆران فەتحی
89 خوێندراوەتەوە


سلێمانی وەكو شار، هەر لەسەرەتاوە وەكو ناوەند و پایتەختێكی كوردستانی لە ساڵی 1784 لەلایەن بابانەكانەوە بنیاتنراوە، ئەگەرچی بیری نەتەوەیی مۆدێرن ئەوكات هێشتا پەیدا نەببوو، بەڵام دواجار و لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەمدا لە جیهان، ئەم شارەش بوو بە یەكێك لە ناوەندەكانی بیری نەتەوەیی كورد لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و لەگەڵ رووخانی دەوڵەتی عوسمانیشدا، چەندین رێكخراو و حزبی نەتەوەیی و كەسایەتی و شاعیر و رۆشنبیری نەتەوەیی و كوردپەروەری تێدا هەڵكەوتووە.
ئەگەر بڕوانینە مێژووی سلێمانی، ئەوا هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە دانەبڕاوە لە خۆشەویستیی نیشتمان و نیشتمانپەروەری، لەنێو پاشاكانی بابانیشدا دیارترینیان عەبدولڕەحمان پاشای بابانە، كە چەندین جار هەوڵی سەربەخۆیی داوە لە دەوڵەتی عوسمانی، دوای نەمانی عوسمانییەكانیش، چەندین رۆشنبیر و شاعیر و كەسانی نەتەوەیی و هەروەها چەندین رێكخراو و حزبی نەتەوەیی و رۆژنامە و گۆڤار لەو شارەدا دەركەوتوون، ئەمەش زێندوێتی و رۆڵی گرنگی سلێمانی لە خەباتی رزگاریی گەلی كورد دەردەخات.
خۆشەویستی ئەم شارە وەنەبێت تەنها لای خەڵكەكەی خۆی بووبێت بە تەنها، بەڵكو جێگەی خۆی لە دڵی زۆرێك لە كەسایەتییەكانی ناوچە و شارەكانی تری كوردستانیشدا كردووەتەوە، وای كردووە چەندین شاعیر پێیدا هەڵبدەن كە دیاریترینان شاعیری گەورە شێخ رەزای تاڵەبانییە كە بەم شێوەیە خۆشەویستی بۆ دەردەبڕێت و دەڵێت: 
لە فیكرم دێ سولەیمانی كە دارولمولكی بابان بوو
نە مەحكومی  عەجەم، نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو
سلێمانی لە مێژووی خۆیدا، چەندین كەسایەتی كوردپەروەر و شاعیر و سیاسەتمەداری تێدا هەڵكەوتووە، كە لە تەنها بابەتێكدا جێیان نابێتەوە، لە نموونەی مەحمود جەودەت و مامۆستا برایم ئەحمەد و رەفیق حیلمی و پیرەمێرد و گۆران و بێكەس و ئەحمەد هەردی و شاكر فەتاح و حەمەساڵح دیلان و جەمال عیرفان ‌و جەمیل صائیب و نەوشیروان مستەفا... چەندانی تر.
 لە نموونەی رێكخراو و حزبە نەتەوەییەكانیش كە  لە سلێمانی دەركەوتوون» جەمعیەتی پێشكەوتنی كوردان، لقی خۆیبوون، كۆمەڵەی فیدای وەتەن، كۆمەڵەی برایەتی، كۆمەڵەی ئازادیی كورد، پارتی نیشتمانی كوردی، كۆمەڵەی زەردەواڵە، لقی كۆمەڵەی ژ.ك، حزبی رزگاریی كورد، لقی پارتی رزگاری كورد، كۆمەڵەی سەربەخۆیی كوردستان (جمعیة أستقلال كردستان)، (جەمعیەتی مودافەعەی وەتەن)، كۆمەڵەی داركەر ـ لقی سلیمانی، كۆمەڵەی هیوا ـ لقی سلێمانی، و دواتریش پاسۆك، ئەمانەش لەپاڵ حزب و رێكخراوەكانی تر لەم شارەدا هەبوون و رۆڵیان هەبووە لە هێشتنەوەی هەستی نەتەوەیی لە كوردستانی عیراقدا.
واتا ئەم شارە هەردەم لە رۆح و هەستی نەتەوەیی و كوردپەروەری دانەبڕاوە لە دامەزراندنییەوە تائێستا، كۆتاییش خۆشەویستی سلێمانی لە دڵی هەمووماندایە و جوانترین رستەش بۆ ئەو خۆشەویستییە لەسەر زاری شێخ رەزاوە دێنینەوە كە دەڵێت «مەربووطە حەیاتم بە سلێمانی و خاکی»، هەر ئاوەدان بێت شارە جوانەكەی كوردستان.

وتارەکانی نوسەر