لەناو ئەم پرۆسانەدا، پێکهێنانی حکومەت بەرەو کوێ؟

09:28 - 2024-11-19
هیوا محەمەد
2159 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

 

چۆن بچینە بانگەشەی هەڵبژاردنێکی ترەوە کە هێشتا نەک بەڵێنەکانی مانگی ئۆکتۆبەرمان بەجێنەهێناوە، بەڵکو حکومەتەکەشمان پێکنەهێناوە؟

لەمێژە داوادەکەین، بۆ بڕینی دەستی دزی و گەندەڵی با سەرژمێرییەک بکەین و چی دی مانگانە هەزار کەس لە لیستی مووچەدا قوت نەبێتەوە و مردووەکانیش تەمەنیان درێژ نەکرێتەوە، داواکەی ئێمە بێ خواستی زۆرێکمان هاتۆتەدی و واخەریکە دەچینە ناو پرۆسەی سەرژمێرییەوە کە پێمانوایە ئەنجامی یەکلاکەرەوەی دەبێت بۆ زۆرێک لە فایلە نادیار و شاردراوەکان و داتاکان پێمان دەڵێن ئێمە چەندین و چین؟
لێیان پرسیم ئایا پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دوادەخرێت تا کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ساڵی داهاتوودا؟ وتم ئەگەر وابکەین، ئەوا ئێمە وەک حزبەکان، هەر بەڵێن بە خەڵک دەدەین و هیچیشیان بۆ ناکەیەن، ئاخر چۆن بچینە بانگەشەی هەڵبژاردنێکی ترەوە کە هێشتا نەک بەڵێنەکانی مانگی ئۆکتۆبەرمان بەجێنەهێناوە، بەڵکو حکومەتەکەشمان دروستنەکردووە؟
دەبوو ئێمە ئێستا لە کەشێکی هاوهەڵوێستیی سیاسییدا بووینایە لەسەر ئاستی هەرێم، لە کاتێکدا، هەڵبژاردنمان تێپەڕاندووە و یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان هیچ دەنگی نییە و دروستکردنی حکومەتیش هەر هیچ، هەڵبژاردنێکمان تێپەڕاندووە و هەڵبژاردنێکی دیکەشمان لەپێشە.
لای حزبە سیستماتیکەکان لەوانەی پشت بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە دەبەستن، لەکاتی هەستتیاری وادا کە پرۆسەیەکی گشتگیر دێتە پێش، کۆنگرە یان کۆنفرانسی حزبەکە دەبەستن بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرۆسیە، ئێمە کۆمەڵێک پرۆسە بە هەڵواسراوی و بەبێ بەرنامەیی لەبەردمماندایە و هیچ هەڵوێستێکی گشتگیریی سیاسیمان بۆی نییە.
لە هەرێم لەدوای هەڵبژاردن، سێ لایەنی سەرەکیی خاوەن کورسیی بەدەستهاتوو هەن، دەکرا هەرچی زووتر ئەم هێزی کورسییانە بکرابایەتە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەت و زووتریش خۆمان ئامادە بکردایە بۆ چوونە ناو پرۆسەی سەرژمێرییەوە و مەرج و خواستەکانی کوردمان تێیدا بچەسپاندبایە تا لەرێگەی ژمارەوە دوو هەفتەی تر تووشی شۆکمان نەکەن.
پلانی درێژمەودا ئەوەیە کە لە ئێستاوە بۆ گێڕانەوەی هەیبەتی کورد لە ناو پەرلەمانی بەغدا، هاوپەیمانییەکمان پێکبهێنایە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بووینایە، چونکە لەوێ ژمارە و دەنگ دیارە نەک ئایدیای حزبی، لەگەڵیشیدا خواستی زۆرێک لە حزبە عیراقییەکانە کە کورد بەمجۆرە پەرتەوازە بن.
ئەگەرچی تێپەڕاندنی ئەم پرۆسە و هەلانە، بەدرێژایی مێژوو بۆ کورد زۆریان لەدەستدانی بووە و تێیدا زەرەرمەند بووە و بەئاشکرا دەیبینین و لەلاپەڕەکانی مێژووی کۆن و نوێدا نووسراون، کەچی هێشتا نابێتە وانەیەک و چیدی بەو هەڵە گەورانەدا تێنەپەڕین، ئاخر خۆ شتێکی ناڕوون نییە، ئەم دۆخە ئاڵۆزەی کە تیایداین، ئەم نایەکڕیزییەی هەمانە، وامان لێدەکات نەتوانین بە سەرکەوتوویی بچینە پرۆسە گشتگیرییە چارەنووسسازەکانەوە و تێیانپەڕێنین، هەر ئەوانەش کە تاوانبار و رێگری سەرەکین و هەنگاو پیلانەکانی دوژمنان جێبەجێدەکەن، سبەی ئەم رووداوانە لە کتێبێکدا دەنووسنەوە و خۆشیان دەکەنە قارەمانی سەردەمەکە تێیدا.

وتارەکانی نوسەر