وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێنماییه‌كانی خانه‌نشینی بڵاوده‌كاته‌وه و به‌گوێره‌ی رێنمایه‌كانیش، درێژكردنه‌وه‌ی راژه‌ی فه‌رمانبه‌ر له‌كاتی ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی یاسایی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە و بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، فەرمانێكی وەزاریی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكان دەركردووە و بە پێی فەرمانەكە، ئەو ئەفسەر و كارمەندانەیان خانەنشین دەبن، كە یاسای راژە و خانەنشینیی سەربازی ژمارە (3)ی ساڵی 2010 دەیانگرێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، "وەزارەتی پێشمەرگە پشتبەست بە بڕیارەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەم فەرمانە وەزارییەی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكان بڵاوكردووەتەوە و بە پێی فەرمانەكە ئەفسەران و كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە كە ئێستا خانەنشین دەبن بە پێی یاسای راژە و خانەنشینیی سەربازی ژمارە(3)ی ساڵی 2010 خانەنشین دەكرێن، كە پاڵپشتە بە ماددەی(35) لە بڕگەی (سێیەم/ب) لە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە(9)ی ساڵی 2014".
ئەمەش پاش ئەوە دێت کە حكومەتی هەرێم بڕیاریدا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە كەمبكاتەوە بۆ 60 ساڵ.