قەیرانی متمانە لە هەرێمی كوردستان

11:25 - 2024-11-24
د. شۆخان مەحمود حسێن
57 خوێندراوەتەوە

دەتوانینن هۆكاری بێ متمانەیی لەسەر ئاستی تاك بگەڕێنینەوە بۆئەوەی تاكی كورد هەر لە رابردوەوە هەتاكو ئێستا هەمیشە لە ناسەقامگیری و قەیراندا ژیاوە

زانای دەروونناسی بەریتانی(رایمۆند كاتل) متمانە بە یەكێك لە سیماكانی كەسێتی ئەژمار دەكات و پێیوایە، متمانە دۆخێكی هەستیاری دەروونییە، كە لە ناخی مرۆڤدا بوونی هەیە و لە گوفتار و رەفتارەكانیدا رەنگدەداتەوە. تاك لە نێو كەسانی دەوروبەردا هەست بە گرنگی و بەهای خۆی دەكات و بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە رووبەڕووی دەوروبەر دەبێتەوە. جگەلەوەش بڕوای بەكەسانی دەوروبەر هەیە و ترسی لە مامەڵەكردنیان نییە، بەڵام نزمترین نیشانەكانی ئەم سیمایە دەركەوتنی سیمای بێ متمانەییە، کە كەسانی بێ متمانەن جا بەرامبەر بە خود بێت یان بە دەوروبەر بێت، بەجۆرێك بەگومانن كە كردەوەی كەسانی دیكە بە داو و پیلانگێڕی دەزانن، بە ئەستەم باوەڕیان پێدەهێنرێت، توڕەو بەرچەكرداری خێرایان هەیە و عینادن بەبێ بوونی بەڵگە و هۆكارێكی باوەڕپێكراو، گومان لە گوفتار و رەفتاری كەسانی تر دەكەن.
ئەوەی سەرنجی ئێمەی ئەكادیمیی راكێشاوە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە، هەست بە بوونی قەیرانی متمانە دەكرێت، جا لەسەر ئاستی تاك بێت یان كۆمەڵ و كۆمەڵگا، هەربۆیە بە گرنگم زانی شرۆڤەی نیشانە و هۆكارەكانی ئەو سیمایە بكەم.
دەتوانینن هۆكاری بێ متمانەیی لەسەر ئاستی تاك بگەڕێنینەوە بۆئەوەی تاكی كورد هەر لە رابردوەوە هەتاكو ئێستا هەمیشە لە ناسەقامگیری و قەیراندا ژیاوەو رووبەرووی شكست بۆتەوە، ئەمەش وایكردووە تاكێكی ترساو بێت و هەمیشە لە دڵەڕاوكێ‌ دا بژی. 
لەلایەكی دیكەوە ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی كوردستان لە باربووە بۆ گەشەپێدانی هەستی خۆبەكەم زانین، هەروەك زانای دەرونناس (ئادلەر) ئاماژە بە زگماكی ئەو هەستە دەكات لەلای تاك، بەڵام لەهەمانکاتدا هۆكار و کاریگەرییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەوروبەریش لە گەشەپێدانی ئەم هەستەدا فەرامۆش ناكات،  ئەم هۆكارانەی كە باسكرا وایكردووە تاكی كورد، نەتوانێت ئامانج و پلانی بۆ داهاتوو هەبێت و هەنگاوی نوێ‌ لە ژیانیدا بنێت لە ترسی رووبەرووبونەوەی بە شكست.
هاوكات جۆرێكی دیكەی لاوازی متمانە، نەبوونی متمانەی كۆمەڵایەتییە. ئەوەی بەدیدەكرێت تاكی كورد رووبەڕووی بەدگومانی بووە لە هەڵسوكەوت و بیركردنەوەی كەسانی دەوروبەر و ئامادەنییە، نهێنی و بیرۆكەی كاركردن و كێشە و ژیانی تایبەتی خۆی بۆ كەسانی دیكە باس بكات، ئەوەش لەبەرئەوەی نەوەكو لێی بدزرێت یان نهێنییەكانی لە دژی بەكاربهێنرێت. هۆكاری ئەو بێ متمانەییە لەلایەكەوە بۆ زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای تاكگەرایی دەگەڕێتەوە، كە بە هۆی گەشەكردنی ژیانی سەرمایەداری جیهانی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن و بچوكبوونەوەی جیهان بۆ گوندێكی بچوك، كاریگەری راستەخۆیان لەسەر كۆمەڵگە كوردی بەجێهێشتووە و كەلتوری بەرژەوەندییخوازیی و خودپەرستی زاڵبووە بەسەر پەیوەندییەكاندا و گیانی هاوكاریی و بەدەنگەوەچوونی یەكتر و ئاستی متمانەی تاكەكانی بە یەكتری لاوازكردووە. 
لە لایەكی دیكەوە، نەبوونی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی لە كۆمەڵگەدا، بۆتەهۆی دابەشبوونی دیمۆگرافیای شار و گەڕەك و تەنانەت خێزانیش، رێگریی و بەربەستی لەبەردەم پرۆسەی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە دروستكردووە. هاوكات حزبەكانیش لە دروستكردنی ئەم دوورەپەرێزیی و بێ متمانەییە كۆمەڵایەتییەدا بێبەری نین، بەڵكو لە رێگەی بەیاننامە و ئەدەبیاتی حزبی و كەلتوری سیاسییەوە، تۆوی دووبەرەكی و بە دوژمن زانینی حزبەكانی دیكەیان لە نێو ئەندام و لایەنگرانیاندا چاندووە.  
هەروەها لە جۆرێكی دیكەی بێ متمانەیدا(بێ متمانەیی لەسەر ئاستی كۆمەڵگا) بەجۆرێك زۆربەی تاكی كورد متمانەیان بە دەسەڵات و دامەزراوەكانی وەك (پەروەردە، دادگا، بانک، هەڵبژاردن و دەنگدان، هێزی ئەمنی و پێشمەرگە، خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتی، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەی ئاینی ،...هتد) نییە، تەنانەت گومانیان لە دڵسۆزی و رەفتار و گوفتاری دەسەڵاتدارانی حزبی و حكومی هەرێمی كوردستان هەیە.
دەتوانین هۆكاری لەدەستدانی ئەم جۆرەش لە متمانەی هاووڵاتی كورد لە هەرێمی كوردستان، بۆ چەند خاڵێك بگەڕێنینەوە، لەوانە :
-1 دەستێوەردانی حزب لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بەدەر لە رێنمایی و لێهاتوویی و نمرە. هەروەها نەبوونی هەلی كار و دامەزراندن بۆ كەسانی بێلایەن، دابەزینی ئاستی كوالێتی خوێندنی حكومی، لەبەرامبەردا گرنگیدان بە خوێندنی تایبەت، هەموو ئەمانە هۆكاری سەرەكی لاوازبوونی متمانەی خەڵكە بە خوێندنی حكومی و بەدەستهێنانی بڕوانامە.
-2 هەژموونی حزب لەسەر دادگاكان و بوونی ئینتمای حزبی لەلایەن بەشێک لە دادوەرەكانەوە، بۆتەهۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵك بە دادگا و سەروەریی یاسا، جگەلەوەش هەمووان لە ئاست یاسادا یەکسان نین  و دادگاكان  لە ئاست لێپێچینەوەی كەیسی کەسانی حزبی و خاوەن دەسەڵات لاوازن. لە لایەكی دیكەوە زۆربەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە دەرەوەی دادگا و لەلایەن حزب و بنەماڵەو هۆزەكانەوە یەكلایی دەكرێتەوە.
-3 پابەندنەبوونی بەرپرسە حزبی و حكومییەكانی هەرێمی كوردستان بە بەڵێن و كارنامە فراوانەكانی حزبەكانیان لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا، نادڵنیایی لایەنەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هێندەی دیكە متمانەی لای هاووڵاتییان كەمتر كردۆتەوە. لەلایەكی دیكەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، هیچ ئەنجامێكی بە ئاڕاستەی گۆڕانكاریی و باشتربوونی گووزەرانی خەڵك لێناكەوێتەوە.
-4 نەبوونی متمانە بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دەستێوەردانی حزبەكان و سەربەخۆ نەبوونیان دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایكردووە نەبنە پردی پەیوەندیی لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات.
*مامۆستای زانکۆ / پسپۆری کۆمەڵناسی

وتارەکانی نوسەر